ڕاستی ئەو ڤیدیۆیە چییە کە بڵاوکراوەتەوە گوایە گەنجێکی سوری نیشان دەدات کە دوای گەڕانەوەی لە ئەڵمانیا چەکدارێکی چیچانی لە ماڵەکەی دایە و هاوسەرکەی مارە کردووە؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت "هاوڵاتیەکی سوری لە دەرەوەی وڵات دەبێت لە ئەڵمانیا، کاتێک دەگەڕێتەوە دەبینێت چەکدارێکی چیچانی لە ماڵەکەی دایە و هاوسەرکەی مارە کردووە".

ڕاستییەکە

ئەو ڤیدیۆیەی کە گوایە گەنجێکی سوری نیشان دەدات دوای گەڕانەوەی لە ئەڵمانیا دەبینێت کە چەکدارێکی چیچانی لە ماڵەکەی دایە و هاوسەرکەی مارە کردووە، چەواشەکارانەیە، بەو پێیەی دەرکەوتووە کە ڤیدیۆک دەگەڕێتەوە بۆ شەڕی نێوان شۆفێرێک و پۆلیسێکی هاتوچۆ لە شاری دانا لە سوریا.

گەڕانی پێچەوانەمان ئەنجامدا بۆ چەند گرتەیەک لە ڤیدیۆکە، دەرکەوت کە پێشتر لە 26ی شوباتی 2026 لەلایەن ماڵپەڕە هەواڵییەکان بڵاوکراوەتەوە، کە شەڕێکی زارەکی نیشان دەدات کە دواتر پەرەی سەندووە بۆ شەڕی جەستەیی لە نێوان پۆلیسێکی هاتوچۆ و کەسێکی مەدەنی لە شاری دانا لە ڕیفی ئیدلب لە سوریا.

بەگوێرەی ئەوەی لە 27 ی شوباتی 2026 لە ماڵپەڕە هەواڵییەکاندا بڵاوکراوەتەوە، ئێشکگرێکی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس لە شاری دانا لەڕیفی ئیدلب ئەو کەسەیان دەستگیرکردووە بە تۆمەتی دەستدرێژیکردنە سەر ئەفسەرێکی پۆلیسی هاتوچۆ لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکەی بۆ ڕێکخستنی هاتوچۆ لەناو شارەکەدا.

چەواشەکاری دووبارە دەبێتەوە بە دووبارە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ یان وێنەی کۆن، یان دەرهێنانیان لە چوارچێوەی ڕاستەقینەیان لەگەڵ بانگەشەی هەستبزوێن بە ئامانجی ڕاکێشانی سەرنج و وروژاندنی ڕای گشتی.

لە نێو ئەو هەواڵانەدا، ڤیدیۆیەک کە گوایە وانەی یۆگا لە سلێمانی نیشاندەدات، بەڵام دوای پشتڕاستکردنەوە دەرکەوت کە ئەو بانگەشەیە ساختەیە.

هەروەها ڤیدیۆیەکی دیکە بڵاوکراوەتەوە کە گوایە گیان لەدەستدانی گەنجێکی عێراقی بە جەڵتەی دڵی کتوپڕ لەکاتی وەرزشکردن لەناو هۆڵێکی وەرزشیدا نیشان دەدات، بەڵام دوای ئەوەی تیمی "تەکنەلۆجیا بۆ ئاشتی" ڕاستی و دروستی ڤیدیۆکەیان پشتڕاستکردەوە، دەرکەوت کە هەڵەیە.