ڕاستی بەئامانجکردنی کەشتییەکی گواستنەوەی ئاژەڵ کە لە هیندستانەوە بەرەو ئیمارات بەڕێکەوتبوو لە کەناراوەکانی عومان چییە؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت "کەشتییەک بە چوار هەزار سەر ئاژەڵەوە کە لە هیندستانەوە بەرەو ئیمارات بەڕێکەوتبوو لەلایەن درۆنێکەوە لە کەناراوەکانی عومان کرایە ئامانج و چەند کەسێک هەوڵی رزگارکردنی مەڕەکان دەدەن".

ڕاستییەکە

ئەو گرتە ڤیدیۆییەی کە گوایە بەئامانجکردنی کەشتییەکی گواستنەوەی ئاژەڵ کە لە هیندستانەوە بەرەو ئیمارات دەڕوات لە کەناراوەکانی عومان نیشاندەدات، چەواشەکارانەیە، بەو پێیەی ڤیدیۆکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2025 کە نوقمبوونی کەشتییەک لە نزیک کەنارەکانی عەدەن نیشاندەدات کە لە سۆماڵەوە بەڕێکەوتبوو.

گەڕانی پێچەوانەمان ئەنجامدا بۆ چەند گرتەیەک لە ڤیدیۆکە، دەرکەوت پێشتر لەلایەن دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە نیسانی 2025 بڵاوکراوەتەوە، کە نوقمبوونی کەشتییەک لە کەناراوەکانی ڕاس عارە لە پارێزگای لەحج لە نزیک گەرووی باب ئەلمەندەب لە باشووری ڕۆژئاوای یەمەن نیشاندەدات، کەشتییەکە لە بەندەری بەربێرا لە سۆماڵەوە بەڕێکەوتبوو، و حەوت دەریاوانیشی تێدابوو، لەگەڵ 400 سەر مەڕ و 150 مانگا.

ناوبەناو ژمارەیەک وێنە و ڤیدیۆ بە درۆ دەگەڕێنرێنەوە بۆ ڕووداوە ئەمنی و سەربازییە بەردەوامەکان، هەرچەندە زۆربەیان کۆنن، ساختەن، یان بە بەکارهێنانی تەکنیکەکانی زیرەکی دەستکرد دروستکراون.

لە نێو ئەو ڤیدیۆیانەدا، ڤیدیۆیەک گوایە بەرکەوتنی کەشتییەک بە مینە دەریاییەکانی ئێران لە گەرووی هورمز نیشاندەدات، بەڵام دوای پشتڕاستکردنەوە، دەرکەوت کە ئەو بانگەشەیە ساختەیە.

هەروەها ڤیدیۆیەکی دیکە بڵاوکرایەوە گوایە شەڕی نێوان هێزەکانی ئێران و ئەمریکا لە گەرووی هورمز نیشاندەدات، بەڵام پشتڕاستکردنەوە سەلماندی کە ئەو بانگەشەیە ساختەیە.