ڕاستی ئەو ڤیدیۆیە چییە کە بڵاوکراوەتەوە گوایە بەرکەوتنی کەشتییەک بە مینە دەریاییەکانی ئێران لە گەرووی هورمز نیشاندەدات؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت "میدیاکانی ئێران دەڵێن، ئەمە یەکێکە لە کەشتییەکان لە گەروی هورمز بەر مینە دەریاییەکانی ئێران دەکەوێت".

ڕاستییەکە

ئەو گرتە ڤیدیۆییەی کە گوایە کەشتییەکە کە لە گەرووی هورمز بەر مینە دەریاییەکانی ئێران دەکەوێت ساختەیە، ڤیدیۆیەکە هیچ پەیوەندییەکی بە ڕووداوەکانی ئەم دواییەوە نییە، بەڵکو مەشقی نوقمکردنی کەشتیی USS Thatch (FFG-43)ی لەکارکەوتوو نیشان دەدات، کە لە چوارچێوەی مانۆڕەکانی لێواری زەریای هێمن (RIMPAC) لە ساڵی 2016 ئەنجامدرا.

گەڕانی پێچەوانەمان ئەنجامدا بۆ چەند گرتەیەک لە ڤیدیۆکە، دەرکەوت کە ڤیدیۆکە لە ساڵی 2016 بڵاوکراوەتەوە، و مەشقێکی نوقمکردنی (SINKEX)ی فرێگاتی ئەمریکی "USS Thatch (FFG-43)"ی لەکارکەوتوو، نیشاندەدات، لە کاتی بەڕێوەچوونی مانۆڕەکانی "Pacific Rim"، لە دووری 55 میلی دەریایی لە باکووری دوورگەی کاوای لە هاوایی.

لە هەمان کاتدا ئێران لە بەرواری 4ی ئایاری 2026 ڕایگەیاند، کە دوو مووشەکیان ئاڕاستەی کەشتییەکی جەنگی ئەمریکی کردووە لە نزیک شاری جاسکی ئێران، بە ئامانجی ڕێگریکردن لێی لە چوونە ناو گەرووی هورمز.

لە بەرامبەردا فەرماندەیی ناوەندی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە 4ی ئایاری 2026 ئەم دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند:

"هیچ کەشتییەکی هێزی دەریایی ئەمریکا هێرش نەکراوەتە سەر و هێزەکانی ئەمریکاش بەردەوامن لە پشتیوانیکردن لە ئازادی کەشتیوانی و سەپاندنی گەمارۆی دەریایی بەندەرەکانی ئێران".

دواتر فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا ڕایگەیاند:

"دوو کەشتی بازرگانی کە ئاڵای ئەمریکایان هەڵکردبوو، بە سەرکەوتوویی گەرووی هورمزیان تێپەڕاند و بە سەلامەتی بەردەوامن لە گەشتەکەیان".

داخستنی گەرووی هورمز هاوکاتە لەگەڵ بۆردومانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلی داگیرکەر بۆ سەر ئێران لە 28ی شوباتی 2026، گەرووەکە دەکەوێتە نێوان عومان و ئێران، و کەنداوی عەرەبی لە باکوورەوە بە کەنداوی عومان و دەریای عەرەبی لە باشوورەوە بەیەکەوە دەبەستێتەوە. پانییەکەی لە تەسکترین خاڵدا نزیکەی 33 کیلۆمەتر دەبێت، لە کاتێکدا پانی هێڵی چوونە ژوورەوە و دەرچوونەکەی لە 3 کیلۆمەتر زیاتر نییە لە هەر ئاراستەیەکدا. نزیکەی یەک لەسەر پێنجی کۆی بەکارهێنانی نەوتی جیهان بەو گەرووەدا تێدەپەڕێت و یەکێکە لە خوێنبەرە گرنگەکان بۆ بازرگانی نێودەوڵەتی، بەو پێیەی نزیکەی 11%ی قەبارەی بازرگانی جیهانی بەو گەرووەدا تێدەپەڕێت.