ڕاستی ئەو ڤیدیۆیە چییە کە بڵاوکراوەتەوە گوایە پەیکەری کارتۆنی موجتەبا خامنەیی نیشاندەدات لە کاتی بەڕێوەچوونی پرسەی باوکیدا؟
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە کە چەند کەسێک نیشاندەدات لە کاروانی پرسەی عەلی خامنەیی، وێنەیەکی موجتەبا خامنەیی ڕێبەری مەزنی ئێرانیان هەڵگرتووە کە لەسەر کارتۆن کێشراوە.
ڕاستییەکە
ئەو گرتە ڤیدیۆییەی کە بڵاوکراوەتەوە و بانگەشەی ئەوە دەکات کە وێنەیەکی موجتەبا خامنەیی کە لەسەر کارتۆن کێشراوە لە کاتی پرسەی باوکیدا هەڵگیراوە، ڕاستی نییە، دەرکەوت بە بەکارهێنانی تەکنیکەکانی زیرەکی دەستکرد دروستکراوە و ڕووداوێکی ڕاستەقینە نییە.
پێداچوونەوەمان بە پەخشی ڕاستەوخۆ و ڕووماڵی ڤیدیۆیی میدیاکان کرد کە بەشدارییان لە ڕێوڕەسمەکانی پرسەی ڕێبەری مەزنی پێشووی ئینقلابی ئیسلامی عەلی خامنەین کردووە، و هیچ گرتەیەک دەرنەکەوت کە ئاماژە بە بەشداری موجتەبا خامنەیی بکات، جا چ بە شێوەی کەسی بێت، یاخود لە ڕێگەی پەیکەرەوە، یان بە هەر ڕێگەیەکی دیکە.
بە گەڕانەوە بۆ میدیای فەرمی و نیمچە فەرمییەکانی ئێران، لەوانەش دەزگاکانی هەواڵی فارس و مێهر، دەریانخست کە هیچ هەواڵێک یان تۆمارێکی ڤیدیۆیی ئەو ڕووداوەی کە باسی لێوە دەکرێت نییە، سەرەڕای ڕوماڵی بەرفراوانی میدیایی ڕێوڕەسمی پرسەکە.
لە کاتی گەڕان بۆ پشتڕاستکردنەوەی ڤیدیۆییەکە، دەرکەوت کە یەکەم جار ئەو ڤیدیۆیە لەلایەن ئەو هەژمارانە بڵاوکراوەتەوە کە سەر بە ئیسرائیلی داگیرکەرن، لەنێویاندا هەژماری Mossad Commentary، کە بە فەرمی پەیوەندی بە دەزگای مۆسادی ئیسرائیلی داگیرکەرەوە نییە، سەرەڕای بەکارهێنانی هەمان ناو.
لە خوارەوەی ئەو ڤیدیۆیەی لەسەر پلاتفۆرمی x بڵاوکراوەتەوە لۆگۆی “Made with Grok Imagine” هەیە، کە ئاماژەیە بۆ ئەوەی ناوەڕۆکەکە بە بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای زیرەکی دەستکرد دروستکراوە، بەو پێیەی بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی زیاد دەکرێت بۆ ئەو ڤیدیۆیانەی کە لەلایەن ئامرازی Grok Imagine Video 1.5ی سەربە کۆمپانیای xAI دروستکراون، کە لەلایەن ئیلۆن ماسکەوە دامەزراوە.

هەروەها لە کاتی پشکنینی ڤیدیۆکە بە بەکارهێنانی ئامرازی تایبەت بە شیکاری ڤیدیۆ، ئەنجامەکان دەریانخست کە ناڕاستەقینەیە و بە بەکارهێنانی تەکنیکەکانی زیرەکی دەستکرد دروستکراوە.

بڵاوبوونەوەی ئەم گرتە ڤیدیۆییە هاوکاتە لەگەڵ پرسیارە بەربڵاوەکان سەبارەت بە ئەگەری دەرکەوتنی موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری مەزنی ئینقلابی ئیسلامی لە ئێران لە ڕێوڕەسمی پرسەی باوکی کە لە 28ی شووباتی 2026 لە یەکەم ڕۆژی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیلی داگیرکەر بۆ سەر ئێران تیرۆر کرا.
دەسەڵاتدارانی ئێران بەرنامەیەکیان ڕاگەیاندبوو کە لە 3 تا 9ی حوزەیرانی 2026 بەردەوام دەبێت، ڕێوڕەسمی پرسەکە لە تاران، قوم و مەشهەد، هەروەها لە نەجەف و کەربەلا بەڕێوەدەچێت، لە بۆنەیەکدا کە بە خاوەنی سیمایەکی نەتەوەیی و ناوچەیی وەسفیان کردبوو.
شایانی باسە کە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای ئێران دەستیپێکرد، لەوانە سەرۆک کۆمار مەسعوود پزشکیان، محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان و عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوە، لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرکردەی سەربازی. هەروەها شاندە عەرەبی و بیانییەکان بەشداربوون، لەوانەش نزار ئامیدی، سەرۆک کۆماری عێراق، جگە لە بەرپرسانی دیکە، پێش ئەوەی ڕێگە بدرێت شاندە بیانییەکان سێری تابوتەکە بکەن، بڕیارە عەلی خامنەیی ڕۆژی 9ی تەموزی 2026 لە مەزاری ئیمام ڕەزا لە شاری مەشهەد بە خاک بسپێردرێت.
بە پێی دەزگاکانی ڕاگەیاندن، موجتەبا خامنەیی لە دوای دەستبەکاربوونی وەک ڕێبەری مەزنی ئێران دوای تیرۆرکردنی باوکی، لە بەردەم خەڵکدا دەرنەکەوتووە. کەناڵی CNN بڵاویکردەوە، لە کاتی هێرشەکاندا کە باوکی تێیدا کرایە ئامانج، بریندار بووە، پێی شکاوە و دەموچاوی بریندار بووە، لەو کاتەوە پەیوەندییەکانی تەنیا لە لێدوانی نووسراودا سنووردار بووە، بەبێ ئەوەی هیچ دەرکەوتنێکی ڤیدیۆیی و تۆمارێکی دەنگیی هەبێت.
ئەمە یەکەمجار نییە کە بیرۆکەی "پەیکەری کارتۆنی" بۆ موجتەبا خامنەیی بەکار دەهێنرێت، لە مانگی ئازاری ساڵی 2026دا ڤیدیۆیەک بڵاوکرایەوە کە بانگەشەی ئەوە دەکرد کە یەکەم دەرکەوتنی دوای دەستنیشانکردنی وەک ڕێبەری مەزنی ئێران نیشاندەدات. بەڵام پشکنینی دیجیتاڵی لەو کاتەدا سەلماندی کە ڤیدیۆیەکە بە بەکارهێنانی (Veo)ی گووگڵ دروستکراوە، و لەلایەن گرافیک دیزاینەرێکی ئێرانی کە لە دەرەوەی ئێران نیشتەجێیە دروستکراوە، ئەوەش بەپێی ئەو زانیارییانەی کە پلاتفۆرمی ئێرانی "فاکت نیعمە" بڵاویکردووەتەوە.
- لينك 1
- لينك 2
- لينك 3
- لينك 4
- لينك 5
- لينك 6
- لينك 7
- لينك 8
- لينك 9
- لينك 10
- لينك 11
- لينك 12
- لينك 13
- لينك 14
- لينك 15
- لينك 16
تەکنەلۆجیا بۆ ئاشتی