ڕاستیی ئەو ڤیدیۆیە چییە کە بڵاوکراوەتەوە گوایە نوێترین دەرکەوتنی ڕێبەری باڵای ئینقلابی ئیسلامی لە ئێران موجتەبا خامنەیی نیشان دەدات؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت "نوێترین دەرکەوتنی موجتەبا خامنەیی میدیای ئێرانی گرتەیەکی ڤیدیۆیی نوێی موجتەبا خامنەیی، رێبەری باڵای ئێرانی بڵاوکردەوە".

ڕاستییەکە

ئەو گرتە ڤیدیۆییە کە بانگەشەی ئەوە دەکات نوێترین دەرکەوتنی ڕێبەری باڵای ئینقلابی ئیسلامی لە ئێران، موجتەبا خامنەیی، نیشاندەدات، چەواشەکارانەیە، بەو پێیەی دەرکەوتووە کە ئەو گرتە ڤیدیۆییە لەم دواییانەدا لەلایەن ئاژانسی هەواڵی فارسەوە بڵاوکراوەتەوە، بەڵام ڤیدیۆکە دەگەڕێتەوە بۆ پێش دەستبەکاربوونی وەک ڕێبەری باڵای ئینقلابی ئیسلامی لە ئێران.

گەڕانی پێچەوانەمان ئەنجامدا بۆ چەند گرتەیەک لە ڤیدیۆکە، دەرکەوت کە بۆ یەکەم جار لەلایەن ئاژانسی هەواڵی فارسەوە لە بەرواری 24ی ئابی 2026 بڵاوکراوەتەوە، ئاژانسی هەواڵەکە ئاماژەی پێداوە کە ڤیدیۆکەی موجتەبا خامنەیی پێش ئەوەی پۆستی ڕێبەری باڵا وەربگرێت، نیشان دەدات. واتە ڤیدیۆکە نوێترین دەرکەوتنی نیشان نادات، بەڵکو دەگەڕێتەوە بۆ ماوەیەک پێش دەستبەکاربوونی لە پۆستەکەی.

موجتەبا خامنەیی کوڕی ڕێبەری پێشووی شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران، عەلی خامنەییە، لە مانگی ئاداری 2026دا، دوای کوژرانی باوکی، پۆستی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران وەرگرت. بەڵام لەو کاتەوە، لە دەرکەوتنی گشتی دوور بووە.

زانیارییە بەردەستەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دوا دەرکەوتنی گشتیی موجتەبا خامنەیی پێش ئەوە بووە کە پۆستی ڕێبەری باڵا وەربگرێت. لە دوای وەرگرتنی ئەو پۆستە لە مانگی ئاداری 2026ەوە، میدیاکانی ئێران هیچ وێنە یان ڤیدیۆیەکی نوێیان بڵاونەکردووەتەوە و دەرکەوتنی میدیایی ئەو تەنها لە بەیاننامە و پەیامە فەرمییە نووسراوەکاندا سنووردار بووە.

عەلی بەحرەینی، نوێنەری ئێران لە نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە جەنێڤ، لە 27ی ئاداری 2026دا، ڕایگەیاند کە هۆکاری دەرنەکەوتنی موجتەبا خامنەیی دەگەڕێتەوە بۆ " لەبەرچاوگرتنی نیگەرانییە ئەمنییەکان بەهۆی بارودۆخی ناوازەی ئێستاوە". هەروەها ڕایگەیاند کە موجتەبا خامنەیی "تەندروستی باشە و بەردەوامە لە بەڕێوەبردنی وڵات".