ڕاستی ئەو ڤیدیۆیە چییە کە بڵاوکراوەتەوە گوایە چرکە ساتی هێرشی حووسییەکان بۆ سەر سعودیە نیشان دەدات؟
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت "ئەمە چرکە ساتی هێرشی حووسییەکانە بۆ سەر سعودیە".
ڕاستییەکە
ئەو ڤیدیۆیەی کە بەڵاوکراوەتەوە گوایە چرکە ساتی هێرشی حووسییەکان بۆ سەر سعودیە نیشاندەدات، ڕاستەقینە نییە، بەو پێیەی ڤیدیۆکە بە بەکارهێنانی تەکنیکەکانی زیرەکی دەستکرد دروست کراوە.
لە کاتی پشکنینی ڤیدیۆکە بە بەکارهێنانی ئامرازە تایبەتەکانی شیکاری، ئەنجامەکان دەریانخست کە ڤیدیۆکە بە زیرەکی دەستکرد دروستکراوە.

هەروەها دەتوانرێت تێبینی بکرێت کە پێش ئەوەی خەڵکەکە لە هۆڵەکە بۆ دەرەوە بچن، هیچ دیوارێک لە دەرەوە دیار نییە، بەڵام کاتێک دەردەچن، دیوارێک بە شێوەیەکی لەناکاو دەردەکەوێت. هەروەها، لە کاتی ڕوودانی تەقینەوەکەدا، دەبینرێت کە دەرگا شووشەکان ناشکێن، هەروەها کەسەکان بەناو شووشەکانا تێدەپەڕن کاتێک لە باڵەخانەکە دەردەچن، ئەمەش ئاماژەیە بەوەی کە ڤیدیۆکە ڕاستەقینە نییە و بە بەکارهێنانی تەکنیکەکانی زیرەکی دەستکرد دروستکراوە.
لە ڕێگەی پشکنینی مێتاداتای ڤیدیۆکە، دەرکەوت کە کۆنترین وەشانی ئەم ڤیدیۆیە لە 14ی تەموزی 2026 بڵاوکراوەتەوە، واتە دوو مانگ پێش ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە.
ماوەی ڤیدیۆیەکە تەنها 15 چرکەیە، کە یەکێکە لە تایبەتمەندییە باوەکانی کلیپە دروستکراوەکان بە زیرەکی دەستکرد، چونکە بەردەوام ڕاگرتنی وردەکارییەکانی دیمەن بۆ ماوەیەکی درێژتر بۆ ئەم جۆرە ڤیدیۆیانە سەختە.
جگە لەوەش، پشکنینی دەنگی ڤیدیۆکە دەریخست کە گفتوگۆکان بە زمانی عەرەبیی فوصحا دەکرێن، کە لە گفتوگۆ مەیدانییە نافەرمییەکان لە شانشینی عەرەبیی سعودی یان وڵاتانی عەرەبیی دیکەدا ئاسایی نییە، چونکە بە شێوەیەکی زۆرتر زاراوە ناوخۆییەکان بەکاردەهێنرێن.
بڵاوبوونەوەی ئەم ڤیدیۆ ساختەیە دوای ئەوە دێت کە دەسەڵاتی گشتی فڕۆکەوانی مەدەنی سعودیە ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە 11ی تشرینی یەکەمی 2026 ڕایگەیاند کە هێرش کراوەتە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی شا فەهد لە دەمام، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هێرشی حوسییەکان بەردەوامە بۆ سەر دامەزراوەکانی فڕۆکەوانی مەدەنی لە شانشینی سعودیەیان.
لە 10ی تشرینی یەکەمی 2026 هێرشێک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ڕیازی کردە ئامانج و بەهۆیەوە لانیکەم 12 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 300 کەسی دیکەش برینداربوون. دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنیی سعودیە ڕوونی کردەوە کە ژمارەی گیانلەدەستدراوان لە سێیەم هێرشدا کە لە ماوەی چەند ڕۆژێکی کەمدا کرایە سەر فڕۆکەخانەکە، چوار هاووڵاتیی سعودی، دوو هاووڵاتیی بەنگلادیش، و هەروەها یەک کەس لە هەر یەک لە وڵاتانی ئەمریکا، ئوردن، فەلەستین، سووریا، سوودان و میسر بوو. لە هەمان کاتدا، ژمارەی بریندارەکان گەیشتە 309 کەس.
تەکنەلۆجیا بۆ ئاشتی