ڕاستی ئەو ڤیدیۆیە چییە کە بڵاوکراوەتەوە گوایە هێرشی حوسییەکان بە درۆن و مووشەك بۆ سەر چەندین شاری سعودیە نیشاندەدات؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت "ببینە ئەو درۆنە چۆن لە ئامانجەکەی دەدات؛ حـ.ـوسییەکان بە درۆن و مووشەك چەندین شاری سعودیەیان بە چڕیی کردە ئامانج".

ڕاستییەکە

ئەو ڤیدیۆیەی بڵاوکراوەتەوە، گوایە هێرشی حوسییەکان بە درۆن و مووشەك بۆ سەر چەندین شاری سعودیە نیشاندەدات، چەواشەکارانەیە، گەڕانی پێچەوانە دەریخست کە ڤیدیۆکە پەیوەندی بە هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل هەیە، کە لە 1ی تشرینی یەکەمی 2024 ڕوویداوە، نەک هێرشەکانی حوسییەکان بۆ سەر شارە سعودییەکان.

بۆ پشتڕاستکردنەوەی ڤیدیۆکە، گەڕانی پێچەوانەمان بۆ چەند گرتەیەکی کرد، ڤیدیۆیەکمان دۆزییەوە کە لە هەمان شوێن و بە گۆشەیەکی فراوانتر گیراوە، بە بەراوردکردنی هەردوو ڤیدیۆکە، لێکچونێکی تەواو دەبینرێت، لەوانە بیناکەی لای چەپ و هەمان پارچە قوماشەی هەڵواسراو بەسەر دارەکەدا.

دەرکەوت کە ڤیدیۆکە لە 1ی تشرینی یەکەمی 2024 بڵاوکراوەتەوە و مووشەکە ئێرانییەکان نیشان دەدات کە بنکەی ئاسمانی نێڤاتیمی ئیسرائیل دەکەنە ئامانج، لە نزیکی بیئر سەبع.

لە چوارچێوەیەکی پەیوەندیداردا، سعودیە لە سەرەتای شەوی هەینی 18ی ئەیلولی 2026، ئاگادارکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە کە پارێزگاکانی فەرسان، خەمیس مەشیت، عولا، یەنبوع، تائف و جەدە، هەروەها شاری ئەبها و پارێزگای جازانیشی گرتەوە، پاشان ڕایگەیاند کە کە مەترسییەکە لە هەموو ئەو ناوچانە تێپەڕیوە، و داوای لە دانیشتووان کرد پابەندی ڕێنماییەکانی سەلامەتیی بن کە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە بڵاوکراوەتەوە.

لای خۆیەوە عەمید یەحیا سەریع، وتەبێژی فەرمیی هێزە چەکدارەکانی یەمەن سەر بە حوسییەکان، لە بەیاننامەیەکدا کە لە 18ی ئەیلولی 2026دا بڵاوکراوەتەوە، ڕایگەیاند کە فڕۆکە جەنگییەکانی سعودیە لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا بە فڕۆکەی "F-15" 26 هێرشی ئاسمانییان ئەنجامداوە، کە لە بنکەی ئاسمانی خەمیس مەشیت هەڵفڕیوە و پارێزگای تەعزیان کردووەتە ئامانج.

ئاماژەی بەوەشکرد، کۆی گشتی ئەو هەڵمەتانەی کە لەماوەی ئەم هەفتەیەدا لەلایەن فڕۆکە سعودییەکانەوە ئەنجامدراوە، 300 هێرشی ئاسمانی بووە، کە بە فڕۆکەکانی ئێف 15 و تایفون ئەنجامدراون، کە لە بنکەکانی خەمیس مەشیت و تائفەوە هەڵفڕین و پارێزگاکانی تەعز، حەجا، مەئریب، جەوف، بەیزا، عەمران، لاهج، حودەیدە و سەعدەیان کردۆتە ئامانج.