ڕاستی ئەو ڤیدیۆیە چییە کە بڵاوکراوەتەوە گوایە کوژرانی باوکێک لە پارێزگای کەربەلا لە عێراق لەبەردەم منداڵەکەیدا نیشاندەدات؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت "ڕووداوەکە ناخ هەژێنە؛ لە بەردەم کوڕەکەی باوکێک لە کەربەلا بە دەستڕێژی گوللە دەکوژرێت".

ڕاستییەکە

ئەو گرتە ڤیدیۆییەی کە بڵاوکراوەتەوە و بانگەشەی ئەوە دەکات باوکێک لە پارێزگای کەربەلا لە عێراق لەبەردەم منداڵەکەیدا دەکوژرێت، چەواشەکارانەیە، بەوپێیەی ڤیدیۆکە لە شارۆچکەی سەحنایە لە ڕیفی دیمەشق لە سوریا تۆمارکراوە، نەک لە پارێزگای کەربەلا.

گەڕانی پێچەوانەمان ئەنجامدا بۆ چەند گرەتەیەک لە ڤیدیۆکە، دەرکەوت کە لەلایەن دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە 19ی تشرینی یەکەمی 2026 بڵاوکراوەتەوە، کە ڕووداوێکی کوشتن لە شارۆچکەی سەحنایە لە ڕیفی دیمەشق لە 17ی تشرینی یەکەمی 2026دا نیشاندەدات، کاتێک کەسێکی چەکدار لە ئۆتۆمبێلەکەی دادەبەزێت و لە مەودای نزیکەوە تەقەی لە هاووڵاتییەکی ناو ئۆتۆمبێلێکی دیکە کردووە، کە بووە هۆی ئەوەی دەستبەجێ گیان لەدەست بدات.

هەروەها دەتوانرێت ئاماژە بەوە بکرێت کە تابلۆی تۆماری ئەو ئۆتۆمبێلەی لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت جیاوازە لە تابلۆی ئۆتۆمبێلی عێراقی، تابلۆی عێراقی پێکدێت لە ژمارەی پارێزگار، دواتر پیتێک، پاشان ژمارەی ئۆتۆمبێلەکە، لەکاتێکدا تابلۆی گرتە ڤیدیۆیییەکە ژمارەیەک نیشان دەدات کە ئاڵای سوریا بەدوایدا دێت، دواتر ژمارەی ئۆتۆمبێلەکە، ئەمەش دەیسەلمێنێت کە ڕووداوەکە لە سوریا ڕوویداوە نەک لە عێراق.

لە کاتی گەڕان لە وێبگەڕەکان بە بەکارهێنانی وشەی سەرەکی، هیچ سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراومان نەدۆزیەوە کە ڕاستی ئەو هەواڵە بسەلمێنێت، هەروەها هیچ لێدوانێک لەم بارەیەوە لە ڕێگەی هەژمارە فەرمییەکانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق یان فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای کەربەلا، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاونەکراوەتەوە، هەروەها هیچ دەزگایەکی ڕاگەیاندنی ناوخۆیی، چ فەرمی یاخود نافەرمی، ڕووماڵی هەواڵی هاوشێوەیان نەکردووە.

ناوبەناو ژمارەیەک هەواڵی ساختە بە درۆ دەگەڕێنرێنەوە بۆ عێراق، بە ئامانجی وروژاندنی مشتومڕ یان چەواشەکردنی ڕای گشتی.

نموونەی ئەم پۆستانەش، ڤیدیۆیەک کە گوایە عولا تەمیمی ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە سەرخۆشی لە کاتی ئاهەنگێکی تایبەتدا نیشاندەدات، بەڵام دوای پشتڕاستکردنەوە دەرکەوت کە ئەو بانگەشەیە ساختەیە.

هەروەها وێنەیەک بڵاوکرایەوە کە گوایە دەستگیرکردنی کەسێک نیشاندەدات کە هەوڵیداوە هاوڵاتییەکی پاکستانی لە بەغدا بفرۆشێت، بەڵام لێکۆڵینەوەکان سەلماندیان کە ئەم بانگەشەیە ساختەیە.