ڕاستی ئەو گرتە ڤیدیۆییە چییە کە بڵاووکراوەتەوە سەبارەت بە کردنەوەی دەرگای دامەزراندن لە پاسەوانی سنووری عێراق و قبوڵکردنی 4 هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆکە بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت "دەرگای دامەزراندن بۆ پاسەوانی سنور کرایەوە 4000 کەس لە کوردستان دادەمەزرێن گەنجان دەتوانن فۆڕم بکەنەوە".

ڕاستییەکە

ئەو گرتە ڤیدیۆییەی کە باس لە کردنەوەی دەرگای دامەزراندن دەکات لە پاسەوانی سنووری عێراق و وەرگرتنی 4 هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان دەکات، کۆنە، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2023، فەرماندەیی هێزە سنوورییەکانی عێراقیش لەم دواییانەدا دەرگای دامەزراندنی نەکردۆتەوە.

گەڕانی پێچەوانەمان ئەنجامدا بۆ چەند گرتەیەک لە ڤیدیۆکە، دەرکەوت کە لە بەرواری 16ی کانوونی دووەمی 2023 بڵاوکراوەتەوە، کە لەو کاتەدا وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەرگای دامەزراندنی کردەوە.

لە کاتی گەڕان لە وێبگەڕەکان بە بەکارهێنانی وشەی سەرەکی، هیچ سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراومان نەدۆزیەوە کە ڕاستی ئەو هەواڵە بسەلمێنێت، هەروەها هیچ لێدوانێک لەم بارەیەوە لە ڕێگەی هەژمارە فەرمییەکانی فەرماندەیی پاسەوانی سنووری عێراق، وەزارەتی ناوخۆ، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاونەکراوەتەوە، هەروەها هیچ دەزگایەکی ڕاگەیاندنی ناوخۆیی، چ فەرمی یاخود نافەرمی، ڕووماڵی هەواڵی هاوشێوەیان نەکردووە.

شایەنی باسە پێشتر لە بەرواری 23ی ئابی 2025 ڕاستی ئەو ڤیدیۆیەمان ڕوونکردوەتەوە.