ڕاستیی هەواڵی کوژرانی گەنجێکی عێراقی لە بەغدا دوای ڕەخنەگرتن لە ئێران چییە؟
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت "ئەم ڤیدیۆیە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو كراوەتەوە، دەگوترێت ژمارەیەك عەرەبی شیعەن لە بەغدا، هێرشیان كردووەتە سەر ماڵی گەنجێك و وێڕای هەوڵەكان بۆ ڕێگریكردن لێیان، كەچی گەنجەكەیان لە ماڵی خۆی دەرهێناوە و كوشتوویانە. دەگوترێ لەسەر ڕەخنەگرتن لە ئێران بووە".
ڕاستییەکە
ئەو هەواڵەی بڵاوکراوەتەوە سەبارەت بە کوژرانی گەنجێکی عێراقی بەهۆی ڕەخنەگرتن لە ئێران، چەواشەکارانەیە، هەروەها ئەو ڤیدیۆیەی هاوپێچی کراوە کۆنە و دەگەڕێتەوە بۆ مانگی تەممووزی 2026، و هیچ پەیوەندییەکی بەو بانگەشەیەی بڵاوکراوەتەوە نییە. بەڵکو پەیوەندی هەیە بە ڕووداوێک دوای کوژرانی گەنجێک بە ناوی حەیدەر ئەسکەندەر، کە تەمەنی 16 ساڵ بوو و دوای ئەوەی بە چەقۆ بریندار کرا.
لە کاتی گەڕان لە وێبگەڕەکان بە بەکارهێنانی وشەی سەرەکی، هیچ سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراومان نەدۆزیەوە کە ڕاستی ئەو هەواڵە بسەلمێنێت، جگە لەوەش هیچ هەواڵێکی پەیوەندیدار بەو بانگەشەیە لە هەژمارە فەرمییەکانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڵاونەکراوەتەوە، هەروەها هیچ دەزگایەکی ڕاگەیاندنی ناوخۆیی، چ فەرمی یاخود نافەرمی، ڕووماڵی هەواڵی هاوشێوەیان نەکردووە.
هەروەها گەڕانی پێچەوانەمان ئەنجامدا بۆ چەند گرتەیەک لە ڤیدیۆکە، دەرکەوت کە پێشتر لەلایەن بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە تەموزی 2026 بڵاوکراوەتەوە، گوایە کەسوکاری حەیدەر ئەسکەندەری کوژراو نیشاندەدات لەبەردەم ماڵی یەکێک لە بکوژەکان.
بەپێی دەزگاکانی ڕاگەیاندن، ڕووداوەکە بە شەڕ لە ناو یاریگای تۆپی پێ لە ناوچەی بەلەدیات دەستی پێکرد، لە 15ی تەممووزی 2026، لەنێوان حەیدەر و گەنجێک بە ناوی یوسف صبار ئەلباوی، دوای کۆتایی هاتنی شەڕەکە، دەگوترێت یوسف کۆمەڵێک لە کەسوکاری خۆی بانگ کردووە و لە دەرەوەی یاریگاکە چاوەڕێی حەیدەریان کردووە، پاشان بە چەقۆ هێرشیان کردووەتە سەری.
بەپێی ڤیدیۆیەک کە لەلایەن ماڵپەڕە هەواڵییەکانەوە بڵاوکراوەتەوە، برای تاوانبارەکە وتوویەتی کە ناکۆکییەکە بەهۆی پۆستێک لە فەیسبووکەوە دەستی پێکردووە، پاشان بە تێپەڕبوونی کات گۆڕاوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان هەردوو لایەن.
تەکنەلۆجیا بۆ ئاشتی