ڕاستی هەواڵی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی جەنگی عێراق لە جۆری ئێف-16 بە هۆی کێشەیەکی تەکنیکییەوە چییە؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە کە دەڵێت "فڕۆکەیەکی جەنگی ئێف 16ـی سوپای عیراق کەوتە خوارەوە".

ڕاستییەکە

ئەو هەواڵەی کە باس لە کەوتەخوارەوە فڕۆکەیەکی جۆری F-16 سەر بە هێزی ئاسمانی عێراق دەکات بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکی، ساختەیە، بەو پێیەی وەزارەتی بەرگریی عێراق ڕاستی ئەم هەواڵەی ڕەتکردەوە.

لە کاتی گەڕان بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە بە بەکارهێنانی وشە سەرەکییەکان لە وێبگەڕەکانی گەڕان، هیچ سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراومان نەدۆزییەوە کە پشتگیری لەم بانگەشەیە بکات، لە هەمان کاتدا، هیچ هەواڵێک سەبارەت بەو بانگەشانە لە هەژمارە فەرمییەکانی وەزارەتی بەرگری عێراق لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو نەکراوەتەوە. هەروەها، هیچ دەزگایەکی ڕاگەیاندنی ناوخۆیی، چ فەرمی و چ نافەرمی، ئەم هەواڵەی بڵاو نەکردووەتەوە.

لای خۆیەوە وەزارەتی بەرگریی عێراق لە ڕێگەی بەیاننامەیەک کە لە لاپەڕەی فەرمییان لە بەرواری 2ی تشرینی یەکەمی 2026 بڵاوکراوەتەوە، ڕایگەیاند کە ئەو هەواڵانەی هەندێک لاپەڕە و ماڵپەڕی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، سەبارەت بە کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی جۆری F-16 سەر بە هێزی ئاسمانی عێراق بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکی و ڕزگاربوونی فڕۆکەوانەکەی، لە کاتی بۆنەکانی ڕۆژی نیشتمانیی سەروەری، ڕەت دەکاتەوە.

وەزارەتەکە جەختی کردەوە کە ئەم زانیارییە هیچ بنەمایەکی ڕاستی نییە و هیچ پەیوەندییەکی بە ڕاستییەوە نییە، و فڕۆکەکانی هێزی ئاسمانی عێراق نمایشەکەی تایبەت بە ڕۆژی سەروەرییان بەبێ ڕوودانی هیچ ڕووداوێک ئەنجام داوە.

وەزارەتی بەرگری داوای لە ڕاگەیاندنەکان کرد کە لە گواستنەوەی هەواڵەکاندا ورد و وریا بن و پشت بە سەرچاوە فەرمییەکانی وەزارەت ببەستن، جەختیشی کردەوە کە زانیارییە پەیوەندیدارەکان بە دامەزراوەی سەربازی و چاڵاکییەکانی، تەنها لە ڕێگەی سەرچاوە فەرمی و پەسەندکراوەکانی وەزارەتەوە بڵاو دەکرێنەوە.

بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە ساختەیە هاوکاتە لەگەڵ یادکردنەوەی ئەمساڵی عێراق بۆ ئەو ڕۆژەی کە بە فەرمی بە "ڕۆژی سەروەری عێراق" ناونراوە. ئەمەش کۆتایی هاتنی ئەرکی سەربازی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییە لە عێراق و کشانەوەی ئەو هێزە بیانییانەی کە وەک بەشێک لەو ئەرکە جێگیرکرابوون. ئەم بۆنەیە پەرەی سەندووە و بووەتە بۆنەیەکی فەرمی گەورە کە دامەزراوەکانی دەوڵەت و پارێزگارەکانی تێدایە، کە چالاکییەکانی بۆ ڕێزلێنان لە قوربانیان و شەهیدانی عێراق و دووپاتکردنەوەی سەربەخۆیی بڕیاردانی نیشتمانی لەخۆدەگرێت.

30ی ئەیلولی 2026، ئەو بەروارە بوو کە پەیوەندی بە کۆتاییهاتنی ئەرکە سەربازییەکەی هاوپەیمانییەوە هەبوو، هاوکات حکومەتی عێراق 1ی تشرینی یەکەمی وەک وادەی فەرمی بۆ ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی "رۆژی سەروەری" دیاریکرد.

ئەم بۆنەیە دوای زیاتر لە دە ساڵ لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دێت لە مانگی کانوونی دووەمی 2011، دواتر گەڕانەوەی ئەرکی سەربازی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ ئەو وڵاتە لە ساڵی 2014 لەسەر داوای حکومەتی عێراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش.