ڕاستیی هەواڵی لابردنی مستەفا سەنەد وەزیری پەیوەندییەکان لە پۆستەکەی چییە؟
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت "عەلی زەیدی بە بڕیارێک، مستەفا سەنەد، وەزیری پەیوەندییەکانی دوورخستەوە".
ڕاستییەکە
ئەو هەواڵانەی بڵاوکراونەتەوە ساختەن، سەبارەت بە ڕێنمایی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ دوورخستنەوەی وەزیری پەیوەندییەکان مستەفا سەنەد لە پۆستەکەی. سەنەد هێشتا ئەرکەکانی وەک وەزیری پەیوەندییەکان جێبەجێ دەکات، لە میانی دانیشتنی ئەنجومەنی وەزیران کە دوێنێ بەڕێوەچوو دەرکەوت. جگە لەوەش دەرکردنی وەزیرێک بە یەک بڕیاری سەرۆکی حکومەت ناکرێت، بەڵکو پێویستی بە ڕەزامەندی ئەنجوومەنی نوێنەران هەیە، بەپێی ئەو ڕێکارە دەستوورییانەی لە دەستووری عێراقدا هاتووە.
لە کاتی گەڕان بە بەکارهێنانی وشەی سەرەکی لە ڕێگەی وێبگەڕەکانی گەڕان ئەو هەواڵانەمان پشکنی و هیچ سەرچاوەیەکی متمانەپێکراومان نەدۆزیەوە کە پشتگیری لەم بانگەشەیە بکات، هەروەها هیچ هەواڵێک لەسەر ئەو بابەتە لە هەژمارە فەرمییەکانی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیران یان عەلی زەیدی سەرۆکوەزیران بڵاونەکرایەوە. بە هەمان شێوە هیچ کام لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ناوخۆیی، چ فەرمی یان نافەرمی، ئەم هەواڵەیان ڕووماڵ نەکردووە.
گرتە ڤیدیۆیی و وێنە بڵاوکراوەکانی دانیشتنی ئاسایی 29ی ئەنجوومەنی وەزیران، کە لە 24ی تشرینی دووەمی 2026 بە ئامادەبوونی عەلی زیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڕێوەچوو، بەشداریکردنی مستەفا سەنەد، وەزیری پەیوەندییەکان دەرکەوت، ئەمەش بەردەوامیی جێبەجێکردنی ئەرکە فەرمییەکانی پشتڕاست دەکاتەوە و ڕەوایەتی ئەو بانگەشەیە ڕەتدەکاتەوە کە باس لە دەرکردنی بڕیارێک دەکات بۆ دورخستنەوەی لە پۆستەکەی.
لە ڕووی دەستوورییەوە، بە یەک بڕیاری سەرۆکوەزیران ناتوانرێت وەزیرێک لە کارەکەی دووربخرێتەوە. وەرگرتنەوەی متمانە لێی پێویستی بە پەیڕەوکردنی ئەو ڕێکارانە هەیە کە بە لێپرسینەوە دەست پێدەکات، دواتر پێشکەشکردنی داواکارییەک کە واژۆی 50 جێگر لەسەرە و بە زۆرینەی ڕەها دەنگی لەسەر بدرێت. هەروەها دەرکردنی وەزیرێک لە چوارچێوەی دەستکاریکردنی کابینەی حکومەت پێویستی بە ڕەزامەندی ئەنجومەنی نوێنەران هەیە، بەپێی مادەی (78)ی دەستووری عێراق.
سەبارەت بە دیاریکردنی وەزیری جێگرەوە، ماددەی (76/چوارەم) دەڵێت ناوی وەزیرەکان، لەگەڵ بەرنامەی حکومەت، پێشکەشی ئەنجومەنی نوێنەران بکرێن و بە شێوەی تاکەکەسی دەنگیان لەسەر بدرێت، بە زۆرینەی ڕەها. بەڵام ئەم ماددەیە باس لە ڕێکارەکانی پێکهێنانی کابینەی حکومەت لە سەرەتادا دەکات و بە ڕوونی ئاماژە بە میکانیزمی دەنگدان لەسەر وەزیری جێگرەوە لە کاتی گۆڕانکاریی وەزاری ناکات؛ بۆیە نابێت بە دڵنیاییەوە بگوترێت کە ئەم ڕێکارانە لە هەموو حاڵەتەکانی گۆڕینەوەی وەزیراندا جێبەجێ دەبن، بەبێ ئەوەی پشت بە دەقێکی تر یان لێکدانەوەیەکی دەستووریی زیادە ببەسترێت.
بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە ساختەیە دوای ئەو ڕاگەیەندراوە هات کە نووسینگەی میدیایی سەرۆکوەزیران، عەلی زەیدی، لە بەرواری 24ی تشرینی دووەمی 2026دا، سەبارەت بە ئەنجامەکانی ڕاپۆرتی لیژنەی لێکۆڵینەوەی تایبەت بە پەڕاندنی نەوت لە کۆمپانیای نەوتی باکوور بڵاوی کردەوە؛ ئەوەش لە کاتێکدا بوو کە دوای ئەم ڕاگەیەندراوە، چەند بڕیار و ڕێکارییەکی کارگێڕی و ئەمنی و چاودێریش وەرگیران.
ڕاگەیەندراوەکە بریتی بوو لە لابردنی سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان لە پۆستەکەی، هەروەها دەستبەکارنەهێشتنی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی کەرکووک و فەرماندەی پۆلیسی ئەم پارێزگایە. جگە لەوەش، فەرماندەی لیوای یەکەمی پۆلیسی وزە و جێگرەکەی و ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئەو لیوایە لە پۆستەکانیان لابران.
هەروەها، لە چوارچێوەی ئەم ڕێکارانەدا، سزاى سەرزەنشت بەسەر بەڕێوەبەرانی ئاسایشی نیشتمانی و هەواڵگریی نیشتمانی لە پارێزگای کەرکووکدا سەپێندرا. هەروەها دورخستنەوەی بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای نەوتی باکوور و جێگرەکانی، تاوەکو لێکۆڵینەوەکان تەواو دەبن، و بەڕێوەبەری پێشووی کۆمپانیاکەش ڕەوانەی لێکۆڵینەوە کرا. لەگەڵ ئەمانەشدا، بەڕێوەبەری بەشی پشکنین لە کەرکووک، کە سەر بە کۆمپانیای گشتیی دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانە، لە پۆستەکەی لابرا.
هەروەها، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران فەرمانی دا فایل و پێشێلکارییەکان ڕەوانەی دادگا بکرێن، و دەستەی فیدراڵیی دەستپاکی ئەرکی لێکۆڵینەوە لە گرێبەستەکانی فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکان پێبسپێردرێت کە لەنێوان کۆمپانیای نەوتی باکوور و کۆمپانیای «المحور الفضي» و کۆمپانیاکانی تریشدا واژۆ کراون.
جگە لەوەش، بڕیار درا وردبینی لە میکانیزمی وەرگرتن و دابینکردنی نەوتی خاو بۆ پاڵاوگەکانی بازیان و کار بکرێت، هەروەها لە پێشێلکارییە پەیوەندیدارەکان بە مۆڵەتەکانی کارگەکان، بڕە پارەی خەرجکراو بۆ پاسەوانە مەدەنییەکانی پاراستنی بۆڕییە نەوتییەکان، و نەبوونی پشکنینی تاقیگەیی بۆ ئەو بڕە بەرهەمە نەوتییانەی لە ڕێگەی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمەوە هەناردە دەکرێن، لێکۆڵینەوە بکرێت.
هەروەها، ڕاگەیەندراوەکە چەند ڕێکارێکی تری لەخۆگرتبوو کە پەیوەندییان بە بەڕێوەبردنی کێڵگە نەوتییەکان و دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراقەوە هەبوو. لەوانەش، وەرگرتنی هەموو دەروازە سنوورییەکانی هەرێم لەلایەن دەستەی دەروازە سنوورییەکان، و یەکخستنی هەموو ڕەزامەندییە تایبەتەکان بە هەناردەکردنی نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکان لە وەزارەتی نەوتی فیدراڵیدا بوو. هەروەها، وەزارەتی نەوتیش ئەرکی بەڕێوەبردنی ئەو کێڵگانەی پەیوەستن بە خۆی لە پارێزگاکانی دیالە، کەرکووک، سەلاحەدین و نەینەوا پێسپێردرا.
لە ئاستی ئەمنییشدا، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران فەرمانی بە فەرماندەیی هێزەکانی سنوور دا بە داخستنی هەموو دەروازە و تێپەڕگە نافەرمییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، لەوانەش ئەو تێپەڕگانەی لە هەرێمی کوردستاندان. هەروەها، وەزارەتی بەرگریی ئەرکی داخستنی ڕێگا نافەرمییەکانی نێوان ژمارەیەک لە پارێزگاكان و هەرێمی پێسپێردرا. لە هەمان کاتدا، وەزارەتی ناوخۆش ئەرکی سپارد بە پۆلیسی وزە کە کێڵگە نەوتییەکان بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆی و لە ڕێگەی کامێراکانی چاودێرییەوە چاودێرییان بکات.
ڕێنماییەکان هەروەها بریتی بوون لە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێ بۆ پاراستنی بۆڕی و بیری نەوت، دامەزراندنی سیستەمێکی دیجیتاڵیی نیشتمانی بۆ چاودێریکردنی هێڵەکانی گواستنەوەی نەوت و دۆزینەوەی ئۆپەراسیۆنەکانی قاچاخ، هەروەها دانانی کۆنتەری ئەلیکترۆنی لەسەر ئەو بیرە نەوتیانەی لە عێراق کار دەکەن.
جگە لەوەش، بڕیار درا شوێنی تایبەت و تاقیگە بۆ پشکنینی بەرهەمە نەوتییەکان لە دەروازەکانی چوونەژوورەوەی پارێزگاکانی هەرێم دروست بکرێن، هەروەها کارگەکانی ئاسفالتی ئۆکسیدکراو و نەفتا کە لە دەرەوەی کۆنترۆڵی ئەمنیی حکومەتی فیدراڵیدان.
- لينك 1
- لينك 2
- لينك 3
- لينك 4
- لينك 5
- لينك 6
- لينك 7
- لينك 8
- لينك 9
- لينك 10
- لينك 11
- لينك 12
- لينك 13
- لينك 14
تەکنەلۆجیا بۆ ئاشتی