ڕاستی هەواڵی دەستگیرکردنی پەرلەمانتار حەنان فەتلاوی چییە؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەەکاندا هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە کە دەڵێت "حەنان فەتلاوی بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیر کرا".

ڕاستییەکە

ئەو هەواڵانەی کە باس لە دەستگیرکردنی پەرلەمانتار حەنان ئەلفەتلاوی دەکەن ساختەن، بەو پێیەی لەم دواییانەدا بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عەرەبی هەڵبژێردرا.

لە کاتی گەڕان لە وێبگەڕەکان بە بەکارهێنانی وشەی سەرەکی، هیچ سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراومان نەدۆزیەوە کە ڕاستی ئەو بەڵگەنامەیە بسەلمێنێت، هەروەها تا ئێستا هیچ قەوارەیەکی حکومی بەیاننامەی فەرمی یاخود هیچ لێدوانێکی لەسەر ئەو بابەتە نەداوە. جگە لەوەش هیچ هەواڵێکی پەیوەندیدار بەو بانگەشەیە لە هەژمارە فەرمییەکانی وەزارەتی ناوخۆ، دژە تیرۆر، کۆمیسیۆنی دەستپاکی، یان فەرمانگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیران بڵاونەکراوەتەوە، هەروەها هیچ دەزگایەکی ڕاگەیاندنی ناوخۆیی، چ فەرمی یاخود نافەرمی، ڕووماڵی هەواڵی هاوشێوەیان نەکردووە.

هەروەها پەرلەمانی عێراق لە ڕێگەی هەژماری فەرمی خۆی لە فەیسبووک، پۆستێکی لە بەرواری 30ی حوزەیرانی 2026 بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند:

“دکتۆر حەنان ئەلفەتلاوی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە، 30ی حوزەیرانی 2026، لە میانی ئەو هەڵبژاردنانەی کە لە دانیشتنی گشتی لە بارەگای کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی لە قاهیرە بەڕێوەچوو، پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عەرەبی بەدەستهێنا”.

هەروەها حەنان فەتلاوی لە هەژماری فەرمی خۆیدا لە 30ی حوزەیرانی 2026دا پۆستێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا ڕایگەیاندووە:

“بە زۆرینەی دەنگ بە جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عەرەبی هەڵبژێردرام، و ئەمە یەکەمجارە لە ماوەی زیاتر لە دە ساڵدا ژنێک بە جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عەرەبی هەڵبژێردرێت”.

ئەمەش ئەو بانگەشانە ڕەتدەکاتەوە کە باس لە دەستگیرکردنی دەکەن.

بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە ساختەیە دوای ئەوە دێت کە لە چەند پارێزگایەکی عێراق، و ناوچەی سەوز لە سەنتەری بەغدای پایتەخت، لە بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە 28ی حوزەیرانی 2026، هێزێکی زۆری ئەمنی بڵاوەی پێکرا، هاوکات لەگەڵ جێبەجێکردنی هەڵمەتی دەستگیرکردن کە ژمارەیەک کەسایەتی سیاسی و بەرپرسی سیاسی کردە ئامانج، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکانی پەیوەست بە کەیسەکانی گەندەڵی دارایی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات.

بەگوێرەی ماڵپەڕە هەواڵییەکان، دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر هەڵمەتێکی دەستگیرکردنی ئەنجامداوە کە کەسایەتییە سیاسییەکان و ئەندامانی پەرلەمانی لەخۆگرتبوو، ڕوونیکردەوە کە ئەو ڕێوشوێنانە لەسەر بنەمای فەرمانی دادوەری هاتوون، هەروەها بە پەیوەست بە دۆسیەکانی گەندەڵی دارایی و ئیداری.