ڕاستی ئەو ڤیدیۆیە چییە کە بڵاوکراوەتەوە گوایە دزینی سەلاجە لەلایەن خۆپیشاندەرانی فەرەنساوە نیشاندەدات؟
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت "بەشێک لە خۆپیشاندەرانی فەرەنسا بە دزینی کاڵا گرانبەهاکان نەوەستان، سەلاجەشیان دزی".
ڕاستییەکە
ئەو گرتە ڤیدیۆییەی کە بڵاوکراوەتەوە، کە بانگەشەی ئەوە دەکات فەرەنسییەک سەلاجەیەکی دزیوە لە کاتی خۆپیشاندانەکانی فەرەنسا، چەواشەکارانەیە، بەو پێیەی دەرکەوتووە ئەو گرتە ڤیدیۆییە لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا تۆمارکراوە و دزییەک نیشان نادات وەک ئەوەی بانگەشەی بۆ دەکرێت.
گەڕانی پێچەوانەمان ئەنجامدا بۆ چەند گرتەیەک لە ڤیدیۆکە، دەرکەوت کە بۆ یەکەمجار لە ڕێگەی هەژمارێکی ئینستاگرامەوە لە 10ی تشرینی یەکەمی 2026 بڵاوکراوەتەوە، بڵاوکەرەوەکە دەقێکی هاوپێچ کردووە لەگەڵ پۆستەکەدا کە دەڵێت: "تەنها لە بەرلین! کاتێک سەلاجە دەکڕیت و بڕیار دەدەیت لە تێچووی گەیاندن پاشەکەوت بکەیت... تەنها لەگەڵ خۆت بیبە بۆ میترۆ (هێڵی U8)!"
هەروەها خاوەن هەژمارەکە لە 15ی تشرینی یەکەمی 2026 ڤیدیۆیەکی دیکەی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بە یەکەم گرتە ڤیدیۆیی کردووە و نووسیویەتی: "تەنها لە بەرلین؟ دیمەنێکی سەرسوڕهێنەر لە میترۆ! ساردکەرەوەیەکی گەورە لەناو شەمەندەفەر، لە ناوەڕاستی سەرنشینانی میترۆی بەرلین!"
هەروەها سەرنجمان دا شاشەیەک لەناو شەمەندەفەرەکەدا کە وشەی "BERLIN'S NO. 1 GRAND SHOW "ی لەسەر بوو، ئەمەش پشتگیری لەو بانگەشەیە دەکات کە ڤیدیۆکە لە بەرلینی ئەڵمانیا تۆمارکراوە و نەک لە فەرەنسا وەک بانگەشەی بۆ کراوە.

بڵاوبوونەوەی ئەم گرتە ڤیدیۆییە هاوکاتە لەگەڵ ئەو ناڕەزایەتیانەی لە فەرەنسا لە 17 و 18ی ئۆکتۆبەری 2026دا ڕوویاندا، کە لە هەندێک شاردا گۆڕا بۆ ئاژاوە و تاڵانکردن و سووتاندنی باڵەخانە و موڵک و ماڵی خەڵک، ئەم ناڕەزایەتیانە لە پاشخانی بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان و دابەزینی خزمەتگوزارییە گشتیەکان و ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە بارودۆخی قوتابخانەکان و کەمیی مامۆستایان هات.
شەپۆلی ئێستای ناڕەزایەتییەکان لە ماوەی هەفتەکانی پێش 17ی تشرینی یەکەمی 2026 دەستی بە فراوانبوون کرد، بزووتنەوەکان بە سەرۆکایەتی خوێندکارانی ئامادەیی ناڕەزایەتییان دەربڕی لە قەرەباڵغی پۆلەکان، کەمیی ستافی مامۆستایان و لاوازی وەبەرهێنان لە کەرتی پەروەردەدا. گروپەکانی تریش بەشداریان کرد بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان و نرخی سووتەمەنی و دابەزینی ئاستی خزمەتگوزارییە گشتیەکان، هەروەها ناڕازیبوون لە سیاسەتەکانی حکومەت و سەرۆک ئیمانوێل ماکرۆن.
ڕۆژی شەممە 17ی تشرینی یەکەمی 2026 سەدان هەزار کەس لە سەرانسەری وڵاتدا ڕێپێوانیان کرد. هەرچەندە زۆرینەی بەشداربووان بە شێوەیەکی ئاشتیانە خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، بەڵام چەند گروپێک لەگەڵ پۆلیس و تێکدان و تاڵانکردنیان تێوەگلان، کە ئەمەش بووە هۆی فراوانبوونی نائارامییەکان، ئەم پەرەسەندنەش پەیوەستە بە قەیرانێکی سیاسی و ئابووریی فراوانترەوە، لەوانە فشارەکان لەسەر بودجەی گشتی، ناکۆکی سیاسی و کەمبوونەوەی متمانە بە حکومەت.
ئەو ڕاپۆرتانەی لە 19ی تشرینی یەکەمدا بڵاوکراونەتەوە ئاماژەیان بەوە کردووە کە نزیکەی 2400 کەس لە پەیوەندی لەگەڵ ڕووداوەکانی کۆتایی هەفتەدا دەستگیرکراون، لەکاتێکدا هەزاران شوێنی بازرگانی زیانیان بەرکەوتووە، ئەوەش بەپێی خەمڵاندنەکانی دەسەڵاتداران و ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان.
هەروەها لۆران نونیز، وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا ڕایگەیاند، بەرپرسیارێتی کەموکوڕییە ئەمنییەکان دەگرێتە ئەستۆ، بەڵام ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەڕەنسا دەستلەکارکێشانەوەکەی ڕەتکردەوە و داوایکرد پێداچوونەوە بە میکانیزمەکانی ئامادەکاری و مامەڵەکردن لەگەڵ ناڕەزایەتییەکان بکرێت.
تەکنەلۆجیا بۆ ئاشتی