ڕاستی ئەو ڤیدیۆیە چییە کە بڵاوکراوەتەوە گوایە تاقیکردنەوەی مینی هەوایی لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە نیشان دەدات؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دقێکدا کە دەڵێت "سوپای پاسدارانی ئێران خەریکی تاقیکردنەوەی مینی هەوایی کە دیزاین کراوە بۆ ئەوەی لەبەرزبیتەوە و لە بۆشایی ئاسماندا بتەقێتەوە".

ڕاستییەکە

ئەو گرتە ڤیدیۆییەی کە بڵاوکراوەتەوە گوایە سوپای پاسدارانی ئێران خەریکی تاقیکردنەوەی مینی هەواییە کە دیزاین کراوە بۆ ئەوەی بەرز ببێتەوە و لە بۆشایی ئاسماندا بتەقێتەوە، چەواشەکارانەیە، بەو پێیەی ئەوەی لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت یارییە ئاگرینەکانە ناوچەی قرێندی ماڵتا، نەک تاقیکردنەوەی مینی هەوایی وەک ئەوەی بانگەشەی بۆ دەکرێت.

گەڕانی پێچەوانەمان ئەنجامدا بۆ چەند گرتەیەک لە ڤیدیۆکە، دەرکەوت کە لە ڕێگەی هەژمارێکی ئینستاگرامەوە لە 22ی ئەیلوولی 2026 بڵاوکراوەتەوە، ئەکاونتەکە تایبەتە بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی یارییە ئاگرینەکان، و بڵاوکەرەوەی ڤیدیۆکە ئاماژەی بەوە کردووە کە لە ناوچەی قرێندی لە ماڵتا وێنەگیراوە.

هەروەها نەخشەی گووگڵ و دیمەنی شەقاممان لە ناوچەی قرێندی لە ماڵتا بەکارهێنا، لەوێ شوێنێکمان دۆزیەوە کە هاوشێوەی ئەو شوێنەیە کە لە ڤیدیۆکەدا نیشان دراوە. دەتوانرێت لێکچوون لە نێوان پێکهاتەی سەر دیوارەکە و ئەو دارەدا بەدی بکرێت کە لە ڤیدیۆکەدا نیشان دراوە، ئەمەش پشتگیری لەو ئەنجامە دەکات کە ڤیدیۆکە لە هەمان شوێن تۆمارکراوە.

شایانی باسە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕۆژی پێنجشەممە 8ی تشرینی یەکەمی 2026 ڕایگەیاند، ئەمریکا هێرشە سەربازییەکانی بۆ سەر ئێران دەستپێناکاتەوە پێش هەڵبژاردنی ناوەڕاستی خولی کۆنگرێس کە بڕیارە لە 3ی تشرینی دووەمی 2026 بەڕێوەبچێت.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی دەزگاکانی ڕاگەیاندن، ناکۆکییەکان لە دەوری مەرجەکانی کردنەوەی گەرووی هورمز و هەڵگرتنی گەمارۆی ئەمریکا بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران و سوککردنی سزاکانی سەر هەناردەکردنی نەوتی ئێران و ناکۆکی لەسەر کاتی خستنەڕووی مەلەفی ئەتۆمی لە دانوستانەکاندا دەسوڕێنەوە.

لە کۆتایی مانگی ئەیلولدا ئێران ڕایگەیاند کە وەڵامی ئەمریکی بۆ پێشنیارێکی نوێ بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕەکە وەرگرتووە، هەرچەندە ترامپ پێشتر بە ئاشکرا ئەو پێشنیازەی ڕەتکردبووەوە. ئەمەش ئاماژەیە بۆ بەردەوامبوونی پەیوەندییە ناڕاستەوخۆکانی نێوان هەردوولا، بەڵام ئەوەی مانای ئەوە نییە کە نزیکبوونەتەوە لە گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی.

گەرووی هورمز یەکێکە لە پرسە دیارەکانی ڕووبەڕووبوونەوەکە، بە لەبەرچاوگرتنی گرنگی ستراتیژییەکەی بۆ بازرگانیی جیهانی نەوت و وزە، نیگەرانییەکانیش لە بارەی کەشتیوانی و دابینکردنی وزە هۆکار بووە لە زیادبوونی ناجێگیری نرخی نەوت لە چەند هەفتەی ڕابردوودا.

لە 9ی تشرینی یەکەمی 2026، دوای لێدوانەکانی ترەمپ سەبارەت بە دانوستان لەگەڵ ئێران و دەستپێنەکردنەوەی هێرشە سەربازییەکانی پێش هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا، نرخی نەوت دابەزی. بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس، کە نەوتی خاوی برێنت بە ڕێژەی 1.2% دابەزیوە و گەیشتووەتە نزیکەی 103 دۆلار و 01 سەنت.