ڕاستی هەواڵی بەرزکردنەوەی نرخی لیترێک بەنزینی ئاسایی بۆ 750 دینار و بەنزینی موحەسەن بۆ 1000 دینار بۆ هەر لیترێک چییە؟
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە کە دەڵێت "حکوومەتی عێراق بەفەرمی نرخی بەنزین و نەوت وغازی گران کرد".
ڕاستییەکە
ئەو هەواڵەی بڵاوکراوەتەوە سەبارەت بە بەرزکردنەوەی نرخی بەرهەمە نەوتییەکان چەواشەکارانەیە، بەوپێیەی بەرزبوونەوەی نرخی بەرهەمە نەوتییەکان تەنها بۆ فەرمانگەکانی حکومەت و کەرتەکانی دیکەیە، و بەرهەمە نەوتییەکانی دابینکراو بۆ هاووڵاتیان ناگرێتەوە، و بە هەمان نرخی پشتگیریکراوی پێشوویان ماونەتەوە.
کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان لە ڕێگەی بەیاننامەیەکەوە کە لە 11ی ئەیلولی 2026 لە پەڕەی فەرمییەکەی بڵاویکردووەتەوە، دووپاتی کردووەتەوە کە ئەو نرخانەی سەبارەت بە بەرزکردنەوەی نرخی بەرهەمە نەوتییەکان بڵاوکراونەتەوە، پەیوەندییان بە فەرمانگەکانی حکومەت و کەرتەکانی دیکەوە هەیە و بەرهەمە نەوتییە دابینکراوەکان بۆ هاووڵاتیان ناگرێتەوە. هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە نرخە پشتگیریکراوەکانیان بێ گۆڕان ماونەتەوە.
بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە چەواشەکارانەیە دوای ئەوە دێت کە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە 19ی ئابی 2026 ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر هەڵگرتنی یارمەتییەکانی سەر نرخی بەرهەمە نەوتییەکان بۆ هەموو کەرتەکان، کە لە 1ی ئەیلولی 2026ەوە کاری پێدەکرێت، جگە لە بەرهەمە نەوتییە سەرەکییەکان کە تایبەتە بە هاووڵاتیان.
بڕیارەکەش بەرهەمە سەرەکییەکانی وەک بەنزین، گازۆیل، نەوتی سپی و غازی شل (LPG)ی لەخۆ ناگرێت، کە بۆ هاوڵاتیان دابین دەکرێن.
ناوبەناو ژمارەیەک هەواڵی ساختە بە درۆ دەگەڕێنرێنەوە بۆ عێراق، بە ئامانجی وروژاندنی مشتومڕ یان چەواشەکردنی ڕای گشتی.
نموونەی ئەم پۆستانەش، ڤیدیۆیەک کە گوایە خۆپیشاندانی فەرمانبەران لە بەغدا پیشان دەدات بەهۆی دواکەوتنی مووچەکانیان بۆ ماوەی 10 ڕۆژ، بەڵام دوای پشتڕاستکردنەوە دەرکەوت کە ئەو بانگەشەیە ساختەیە.
هەروەها هەواڵێکی دیکە بڵاوبووەوە کە گوایە فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگری مەدەنی کە 150 کەسی هەڵگرتبوو لە بیابانی کەربەلا کەوتووەتە خوارەوە و گشت ئەوانەی لەناو فڕۆکەکەدا بوون گیانیان لەدەستدا، بەڵام لێکۆڵینەوەکان سەلماندیان کە ئەم بانگەشەیە ساختەیە.
تەکنەلۆجیا بۆ ئاشتی