ڕاستی ئەو ڤیدیۆیە چییە کە بڵاوکراوەتەوە گوایە بە ئامانجگرتنی پاڵاوگەیەکی نەوتە لە سعودیە لەلایەن حوسییەکانەوە؟
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت "حوسییەکان ئەمجارە کێڵگە نەوتییەکانی سعودییەیان کردە ئامانج".
ڕاستییەکە
سەرەڕای بە ئامانجگرتنی دامەزراوەکانی کەرتی وزەی سعودیە، بەڵام ئەو گرتە ڤیدیۆییەی کە بانگەشەی ئەوە دەکات بەئامانجگرتنی پاڵاوگەیەکی نەوتی سعودیەیە لەلایەن حوسییەکان، چەواشەکارانەیە، بەپێیەی ڤیدیۆکە تەقینەوەیەکی گەورە لە پاڵاوگەی نەوتی ڤالێرۆ لە پۆرت ئارسەر لە ویلایەتی تەکساس نیشاندەدات کە لە ئازاری 2026 ڕوویدا.
گەڕانی پێچەوانەمان ئەنجامدا بۆ چەند گرتەیەک لە ڤیدیۆکە، دەرکەوت کە پێشتر لەلایەن دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە بەرواری 24 ی ئازاری 2026 بڵاوکراوەتەوە، کە تەقینەوەیەکی گەورە لە پاڵاوگەی نەوتی ڤالێرۆ لە شاری پۆرت ئارسەر لە ویلایەتی تەکساسی ئەمریکا نیشان دەدات، لەو کاتەدا ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بەوەکرد کە ڕووداوەکەی ویلایەتی تەکساس بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە یەکەی چارەسەرکردنی گازۆیل بووە.
بڵاوبوونەوەی ئەم گرتە ڤیدیۆییە دوای ئەوە دێت کە گرووپی حوسییەکان ڕایانگەیاند کە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی بالیستیک بنکەکانی سەر بە کۆمپانیای ئارامکۆی سعودییان لە ناوچەکانی باشووری ئەو وڵاتە کردووەتە ئامانج، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو کارەی کە وتەبێژی سەربازیی ئەو گرووپە بە "ئۆپەراسیۆنێکی ناوازەی بەرفراوان" وەسفی کردووە.
وەزارەتی وزەی سعودیە ڕایگەیاند، ژمارەیەک دامەزراوەی کەرتی وزە لە ناوچەی باشوور کراونەتە ئامانج، بەهۆیەوە ئاگرکەوتنەوە و وەستانی کاتی هەندێک لە ئۆپەراسیۆنەکان ڕوویاندا، جگە لەوەی ژمارەیەک هاوڵاتی و دانیشتووانیش برینداربوون، هاوکات ڕایگەیاند کە تیمە تایبەتمەندەکان بەردەوامن لە کۆنتڕۆڵکردنی زیانەکان و ئاسایشی شوێنەکان.
حوسییەکان لە 8ی ئەیلولی 2026 شەپۆلێکی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان بەرەو چەند ناوچەیەک لە باشووری سعودیە هەڵدا. هێرشەکان دامەزراوەکانی وزەوە و بنکە سەربازییەکانی کردووەتە ئامانج. دەسەڵاتدارانی سعوودیە ڕایانگەیاندووە، لەو هێرشانەدا 73 کەس برینداربوون کە ژن و منداڵیشیان تێدابووە و هەندێک لە دامەزراوەکانیش زیانیان پێگەیشتووە، حوسییەکان ڕایانگەیاند کە ئەو هێرشانە لە وەڵامی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی سعودیە بۆ سەر پێگەکانی لە ناوخۆی یەمەن بووە.
تەکنەلۆجیا بۆ ئاشتی