ڕاستی ئەو ڤیدیۆیە چییە کە بڵاوکراوەتەوە گوایە چەند چەکدارێکی حوسی نیشاندەدات کە لەم دواییانەدا خۆیان ڕادەستی سوپای یەمەن دەکەن؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت "چەند چەکدارێکی حوسی خۆیان ڕادەستی سوپای یەمەن دەکەن".

ڕاستییەکە

ئەو گرتە ڤیدیۆییەی کە گوایە تەسلیمبوونی چەند چەکدارێکی حوسی بە سوپای یەمەن نیشان دەدات، نوێ نییە، بەوپێیەی ڤیدیۆکە پێشتر لە ساڵی 2025دا بڵاوکراوەتەوە.

گەڕانی پێچەوانەمان ئەنجامدا بۆ چەند گرتەیەک لە ڤیدیۆکە، دەرکەوت کە پێشتر لەلایەن هەژمارێکی فەیسبوک لە بەرواری 4ی حوزەیرانی 2025 بڵاوکراوەتەوە، هەروەها لە پۆستەکەدا نووسیویەتی "تەسلیم بە، تۆ گەمارۆدراویت" لەگەڵ بەکارهێنانی هاشتاگی "یەمەن" و "مەئریب"، هەروەها لە کۆمێنتی هەمان پۆستدا دەڵێت "لەکاتی تەسلیمبوونیان لە دوا گردی ئەلسەبایغ، بەرەی ئەلعەلەم".

هەروەها لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا یان لە ناوەڕاستی ساڵی 2025دا هیچ هەواڵێک سەبارەت بە تەسلیمبوونێکی لەو شێوەیە نەبوو، گەڕانێک بە بەکارهێنانی وشەی سەرەکی پەیوەست بە بەرەی ئەلعەلەم و تەسلیمبوونەوە دەرکەوت کە ئەم ناوچەیە لە مانگی ئەیلولی 2020دا ڕووداوێکی ناسراوی بەخۆیەوە بینیوە، کاتێک دەیان چەکداری حوسی لە میحوەری ئەلسەبایغ لە ڕۆژهەڵاتی ئەلجەوف، دوای گەمارۆدانی شاخەکانی ئەلسەبایغ و دەوروبەری خۆیان ڕادەست کرد، لەو کاتەدا ڤیدیۆکانی ئەو ئۆپەراسیۆنە بڵاوبوونەوە، کە هاوشێوەی ئەو تەسلیمبوونە نیشان دەدات بەڵام لە گۆشەی جیاوازەوە.

دووبارە بڵاوکردنەوەی ئەم ڤیدیۆیە لە کاتێکدایە کە پارێزگاری ئەلجەوف ڕووبەڕوی پەرەسەندنێکی سەربازی بەرچاو بووە، لە کاتێکدا هێزەکانی حکومەتی یەمەن لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پێشڕەوی خۆیان لەناو پارێزگاکە و کۆنترۆڵکردنی ژمارەیەک شوێنیان ڕاگەیاند، لەوانە کەمپی لەبنات و گوندی ئەلمەساعەفە، لەگەڵ بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنەکان بەرەو شاری حەزم. هەروەها بە فەرمی ڕاگەیەندرا کە دەیان چەکداری حوسییەکان خۆیان ڕادەست کرد و چەکەکانیان ڕادەستی هێزەکانی حکومەت کرد.

پارێزگای جەوف، لە باکوری ڕۆژهەڵاتی یەمەن، ڕووبەڕوی پەرەسەندنی خێرای سەربازی بووەوە، هێزەکانی حکومەتی یەمەن پێشڕەوی مەیدانی نوێیان ڕاگەیاند لە ڕووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ گروپی حوسییەکان، لە 8ی ئەیلولی 2026، هێزەکانی حکومەت ڕایانگەیاند کە ناوچەی یەتەمەیان لە قەزای خەب و شەعف کۆنترۆڵکردووە، دوای شەڕەکانیان لەگەڵ حوسییەکان، ئەوەش دوای ڕاگەیاندنیان بۆ وەرگرتنەوەی پێگە گرنگەکان لە ناوچەی لەبنات و پێشڕەوییان بەرەو کەمپی ستراتیجی لەبنات.

حوسییەکان لە 8ی ئەیلولی 2026 شەپۆلێکی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان بەرەو چەند ناوچەیەک لە باشووری سعودیە هەڵدا. هێرشەکان دامەزراوەکانی وزەوە و بنکە سەربازییەکانی کردووەتە ئامانج. دەسەڵاتدارانی سعوودیە ڕایانگەیاندووە، لەو هێرشانەدا 73 کەس برینداربوون کە ژن و منداڵیشیان تێدابووە و هەندێک لە دامەزراوەکانیش زیانیان پێگەیشتووە، حوسییەکان ڕایانگەیاند کە ئەو هێرشانە لە وەڵامی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی سعودیە بۆ سەر پێگەکانی لە ناوخۆی یەمەن بووە.