ڕاستی ئەو ڤیدیۆیە چییە کە بڵاوکراوەتەوە گوایە پێکدادان لە یەمەن لەنێوان چەکدارانی گرووپی حوسییەکان و هێزەکانی سەر بە حکومەتی یەمەن پیشان دەدات؟
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت "یەمەن؛ تادێت شەڕەکە توندتر دەبێتەوە، ئێستا لەهەردو میحوەری بەرەح و مەخای یەمەن، شەڕ لەنێوان چەکدارە حوسییەکان و هێزەکانی سەر بەحومەتی یەمەن بەردەوامە".
ڕاستییەکە
ئەو گرتە ڤیدیۆیەی کە بڵاوکراوەتەوە و بانگەشەی ئەوەی دەکا کە پێکدادان لەنێوان چەکدارانی حوسییەکان و هێزەکانی سەر بە حکومەتی یەمەن پیشان دەدات، چەواشەکارانەیە، بەو پێیەی ڤیدیۆکە پێکدێت لە دوو گرتەی جیاواز، یەکێکیان دەگەڕێتەوە بۆ چالاکییەکی تەقەکردن لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، و گرتەکەی دیکە پەیوەندی بە ڕووداوەکانی سوریاوە هەیە.
گەڕانی پێچەوانەمان ئەنجامدا بۆ چەند گرتەیەک لە ڤیدیۆکە، دەرکەوت ڤیدیۆکە لە دوو گرتەی جیاواز پێک هاتووە، گرتەی یەکەم، کە تەقەکردنێکی زۆر و بەردەوام پیشان دەدات، لەلایەن هەژمارێک لەسەر پلاتفۆرمی یوتیوب لە بەرواری 15ی نیسانی 2010 بڵاوکراوەتەوە، و چالاکییەکی پیشان دەدات کە ساڵانە دوو جار لە مەیدانی نۆب کریک لە ویلایەتی کێنتاکیی ئەمریکا بەڕێوە دەچێت.
گرتەی دووەم، لە بەرواری 3ی کانوونی دووەمی 2019 لەلایەن ماڵپەڕە هەواڵییەکانەوە بڵاوکراوەتەوە، و هەوڵەکانی سوپای ئازادیی سوریای پیشان دەدات بۆ ڕێگریکردن لە هەوڵەکانی چوونەژوورەوەی هێزەکانی یەکەکانی پاراستنی گەل (YPG) بۆ ناوچەکانی دەوروبەری شاری مارع لە دەوروبەری حەلەبی باکوور.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، دۆخی یەمەن ڕووبەڕوی زیادبوونی خێرای ئاڵۆزییە سەربازییەکان بووەوە، لەگەڵ نوێبوونەوەی پێکدادانەکان لەنێوان گرووپی حوسییەکان و هێزەکانی سەر بە حکومەتی یەمەن کە لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە دانپێدانراون، لە چەندین جەبهەدا. ئەم زیادبوونەی ئاڵۆزییەکان دوای ماوەیەک لە ئارامی و کەمبوونەوەی توندیی ئۆپەراسیۆنە زەوییەکان هاتووە، لە دوای ئەو ئاگربەستەی کە لە ساڵی 2022ەوە یارمەتیدەر بوو بۆ کەمکردنەوەی ئاستی شەڕ.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، مەودای پێکدادانەکان فراوانتر بووە و چەندین ناوچەی لەخۆ گرتووە، لەوانە مەئریب، تەعز و زالع، لەگەڵ ناوچەکانی تری سەر هێڵەکانی پێکدادان، هێڵەکانی پێشەوە ڕووبەڕوی هێرش بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بوون، لەگەڵ پێکدادان و بۆردومانی بەردەوام، کە بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی ژمارەیەک لە هێزە حکومییەکان و حوسییەکان.
تەکنەلۆجیا بۆ ئاشتی