ڕاستی ئەو ڤیدیۆیە چییە کە بڵاوکراوەتەوە گوایە دوو کەسی بە ڕەگەز عەرەب لە یەکێک لە هاوینەهەوارەکانی هەرێمی کوردستان دیمەنێکی ڕۆمانسی تۆمار دەکەن؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت "دوو عەرەب لە سەیرانگایەکی کوردستان دیمەنی ڕۆمانسی تۆماردکەن".

ڕاستییەکە

ئەو گرتە ڤیدیۆییەی کە بانگەشەی ئەوە دەکات دوو کەسی بە ڕەگەز عەرەب دیمەنێکی ڕۆمانسی لە یەکێک لە هاوینەهەوارەکانی هەرێمی کوردستان تۆمار دەکەن، چەواشەکارانەیە، بەو پێیەی دەرکەوتووە ئەو گرتە ڤیدیۆییە دەگەڕێتەوە بۆ دوو کەسی خەڵکی ئێران و لە وڵاتی ئێران تۆمارکراوە.

گەڕانی پێچەوانەمان ئەنجامدا بۆ چەند گرتەیەک لە ڤیدیۆکە، دەرکەوت کە لەلایەن هەژمارێکی ئینستاگرام لە بەرواری 1ی ئابی 2026 بڵاوکراوەتەوە.

لەکاتی پشکنینی هەژمارەکەدا دەرکەوت کە دەگەڕێتەوە بۆ ئافرەتێکی ئێرانی کە پیاوێکی ئێرانی لەگەڵدایە، هەروەها بە خوێندنەوەی کۆمێنتەکان دەرکەوت کە خاوەن هەژمارەکە لە یەکێک لە کۆمێنتەکاندا باسی لەوە کردووە کە ئەو شوێنەی کە ڤیدیۆکە لێی گیراوە دەکەوێتە "پیر سەقە" لە پارێزگای ئازەربایجان لە ئێران.

ناوبەناو ژمارەیەک هەواڵی ساختە بە درۆ دەگەڕێنرێنەوە بۆ عێراق، بە ئامانجی وروژاندنی مشتومڕ یان چەواشەکردنی ڕای گشتی.

نموونەی ئەم پۆستانەش، ڤیدیۆیەک کە گوایە سەمای پزیشکێکی ددان لە بەغدا نیشاندەدات، بەڵام دوای پشتڕاستکردنەوە دەرکەوت کە ئەو بانگەشەیە ساختەیە.

هەروەها ڤیدیۆیەکی دیکە بڵاوکراوەتەوە کە گوایە عولا تەمیمی ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە سەرخۆشی لە کاتی ئاهەنگێکی تایبەتدا نیشاندەدات، بەڵام لێکۆڵینەوەکان سەلماندیان کە ئەم بانگەشەیە ساختەیە.