ڕاستی ئەو ڤیدیۆیە چییە کە بڵاوکراوەتەوە گوایە کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک لە بەغدا نیشاندەدات؟
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت "ئەمە بەغداى پایتەختى عێراقە ببینە چۆن خۆڵ و خاشاک کۆدەکەنەوە".
ڕاستییەکە
ئەو گرتە ڤیدیۆییەی کە بڵاوکراوەتەوە گوایە کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک لە بەغدای پایتەختی عێراق پیشان دەدات، ساختەیە، بەوپێیەی دەرکەوت کە ڤیدیۆکە لە مانگی ئازاری 2026 لە بازاڕێکی شاری باماکۆی پایتەختی مالی لە ئەفریقا تۆمارکراوە.
گەڕانی پێچەوانەمان ئەنجامدا بۆ چەند گرتەیەک لە ڤیدیۆکە، دەرکەوت کە لەلایەن هەژمارێکی تیک تۆک لە بەرواری 26 ئازاری 2026 بڵاوکراوەتەوە، و ئاماژەی پێداوە کە ڤیدیۆکە دەگەڕێتەوە بۆ بازاڕێک لە شاری باماکۆ پایتەختی وڵاتی مالی.

ناوبەناو ژمارەیەک وێنە و ڤیدیۆ بە درۆ دەگەڕێنرێنەوە بۆ عێراق، بە ئامانجی وروژاندنی مشتومڕ یان چەواشەکردنی ڕای گشتی.
نموونەی ئەم پۆستانەش، ڤیدیۆیەک کە گوایە سەمای پزیشکێکی ددان لە بەغدا نیشاندەدات، بەڵام دوای پشتڕاستکردنەوە دەرکەوت ڤیدیۆکە لە عێراق تۆمارنەکراوە، بەڵکو دەگەڕێتەوە بۆ سەماکەر و مامۆستایەکی سەما لە قودس.
هەروەها وێنەیەک بڵاوکرایەوە کە گوایە دەستگیرکردنی کەسێک نیشاندەدات کە هەوڵیداوە هاوڵاتییەکی پاکستانی لە بەغدا بفرۆشێت، بەڵام لێکۆڵینەوەکان سەلماندیان کە ئەم بانگەشەیە ساختەیە.
تەکنەلۆجیا بۆ ئاشتی