ڕاستی ئەو ڤیدیۆیە چییە کە بڵاوکراوەتەوە گوایە چەند چەکدارێکی سوری نیشاندەدات لە کاتی دزەکردنە ناو سنووری عێراق؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت "چه کدارانی سوریا دزه ده که نه نیو خاکی عیراقه وه".

ڕاستییەکە

ئەو گرتە ڤیدیۆییەی کە بڵاوکراوەتەوە و بانگەشەی ئەوە دەکات کە کۆمەڵێک چەکداری سوری بەربەستێکی ئەمنی لەسەر سنووری عێراق دەبەزێنن و بە سەرکەوتوویی دەپەڕنەوە، چەواشەکارانەیە، بەو پێیەی دەرکەوتووە کە ڤیدیۆکە کۆنە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2019 لە سنووری سوریا و تورکیا، لەلای خۆیەوە وەزارەتی ناوخۆی عێراق و فەرماندەیی هێزە سنوورییەکان ڕەتیانکردەوە کە ڤیدیۆکە پەیوەندی بە سنووری سوریا و عێراقەوە هەبێت.

ئەو ڤیدیۆیەی کە بڵاوکراوەتەوە لە دوو گرتەی جیاواز پێکدێت، سەرەڕای ئەوەی نەمانتوانی سەرچاوەی ڕەسەنی گرتەی یەکەم بدۆزینەوە کە درێژییەکەی سێ چرکەیە، بەڵام بە بەراوردکردنی دیمەنەکانی لەگەڵ ڤیدیۆیەکی دیکە کە لەڕێگەی گەڕانی پێچەوانەوە دۆزیمانەوە، کە لە ساڵی 2022دا تۆمارکراوە، هەمان ئەو شوێنە پیشان دەدات کە یەکەم کلیپی لێ تۆمارکراوە، کە دەکەوێتە سنووری سوریا و تورکیا.

بەهەمان شێوە گەڕانی پێچەوانەمان ئەنجامدا بۆ بۆ گرتەی دووەم، دەرکەوت کە لە پلاتفۆرمی "یوتیوب" لە 27ی ئایاری 2019 بڵاوکراوەتەوە و لە وەسفی ڤیدیۆکەدا دەڵێت: "پەیامنێری دەرج گرتەیەکی ڤیدیۆیی تۆمارکردووە کە سورییەکان پیشان دەدات لە کاتی پەڕینەوە لە دیواری نێوان سنووری سوریا و تورکیا، بۆ هەڵاتن لە شەڕی سوریا".

لای خۆیەوە وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە بەیاننامەیەکدا کە لە 4ی ئەیلولی 2026 لە پەیجی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردەوە، ڕاستی ئەو ڤیدیۆیەی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند:

"وەزارەتی ناوخۆ بە توندی ڕەسەنایەتی ئەو ڤیدیۆیە ڕەتدەکاتەوە کە لە هەندێک تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەژێر ناونیشانی 'کۆمەڵێک سوری لە بەربەستی ئەمنی لە سنووری عێراق و سوریا دەپەڕنەوە'، دووپاتی دەکاتەوە کە ئەو زانیارییانەی هاوپێچی ڤیدیۆکە کراون نادروستن و هیچ پەیوەندییەکیان بە واقیعەوە نییە، وەزارەتەکە ڕوونی دەکاتەوە کە ئەو ڤیدیۆیەی بڵاوکراوەتەوە لەسەر سنووری عێراق و سوریا تۆمار نەکراوە، و ئەو دیوارە کۆنکرێتییەی کە تێیدا دیارە سەر بە بەربەستەکانی وڵاتێکی دیکەیە هیچ پەیوەندییەکی بە سنووری عێراقەوە نییە".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە:

"وەزارەتی ناوخۆ پشتڕاستی دەکاتەوە کە سنووری عێراق و سوریا پارێزراوە لە سایەی سیستەمێکی یەکگرتووی بەربەستی کۆنکرێتی و بەربەستی ئەمنی و چاودێری تەکنیکی و کامێرای گەرمی، هەروەها جێگیرکردنی بەردەوامی یەکەکانی فەرماندەیی هێزە سنوورییەکان و دەوریەی مەیدانی بەدرێژایی کەرتی سنوورەکان".

لە چوارچێوەیەکی پەیوەندیداردا، فەرماندەیی هێزە سنوورییەکانی عێراق لە پۆستێکدا کە لە 4ی ئەیلوولی 2026 لە پەیجی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، ڕاستییەکانی ئەو گرتە ڤیدیۆییەی ڕوونکردووەتەوە و تێیدا هاتووە:

"هەندێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڤیدیۆیەکیان بڵاوکردەوە بەناونیشانی: 'کۆمەڵێک سوری بەربەستی ئەمنی دەبڕن لەسەر سنووری عێراق و سوریا'، کە زانیاری نادروستی تێدایە دووپاتی دەکاتەوە کە سنووری عێراق و سووریا پارێزراوە، ئەمەش بەهۆی سیستەمێکی یەکگرتووی، بەربەست، چاودێری تەکنیکی، کامێرای گەرمی، جگە لە جێگیرکردن و دەوریەی بەردەوام".

شایانی باسە، دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراق لە 3ی ئەیلولی 2026، دەستگیرکردنی بەناو "زەید ئیبراهیم عەلی" ناسراو بە "زەید جەنگاوەر"ی ڕاگەیاند، کە لە چەندین دۆسیەی زەوتکردن و ناوزڕاندن تۆمەتبارە، هەروەها چەندین فەرمانی دەستگیرکردنی دادوەری کە لە سوریا لە دژی دەرچووە، ئەمەش دوای هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئەمنی لە کۆماری عەرەبی سوریا، کە لەوێ گەڕێندراوەتەوە بۆ عێراق و ڕادەستی دەسەڵاتی دادوەری کراوە بۆ وەرگرتنی سزای دادپەروەرانەی خۆی.