ڕاستی ئەو ڤیدیۆیە چییە کە بانگەشەی بڵاوبوونەوەی چڕی هێزە ئەمنییەکان لە بەغدای پایتەخت دەکات؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت "هێزێکی زۆری ئەمنی لە شەقام و کۆڵانەکانی بەغدا بڵاوەی پێکراوە، بۆ پارێزگاریکردن لە دۆخی ئەمنی و ئەگەری هێرشکردنە سەر هەر وڵاتێکی دراوسێ لە خاکی عێراقەوە".

ڕاستییەکە

سەرەڕای بڵاوەی پێکردنی هێزی ئەمنی لە بەغدا. بەڵام ئەو ڤیدیۆیەی کە بڵاوکراوەتەوە کۆنە، بەو پێیەی دەرکەوت کە ڤیدیۆکە لە شوباتی 2026 بڵاوکراوەتەوە.

گەڕانی پێچەوانەمان ئەنجامدا بۆ چەند گرتەیەک لە ڤیدیۆکە، دەرکەوت کە پێشتر لەلایەن بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە بەرواری 28 شوباتی 2026 بڵاوکراوەتەوە، ئەوکات بانگەشەی ئەوە کرابوو کە ڤیدیۆکە تۆمارکردنی ئەو ساتەوەختەیە کە گەمارۆی ئەمنی هێزە ئەمنییەکان لە ناوەندی بەغدای پایتەخت و ڕێگریکردن لە هاتوچۆ بەرەو ناوچەی سەوز نیشاندەدات.

بڵاوبوونەوەی ئەم گرتە ڤیدیۆییە دوای ئەوە دێت کە شانەی ڕاگەیاندنی ئاسایش لە 6ی ئابی 2026 لە پەیجی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە:

"بەپێی ڕێنمایی سەرۆکی گشتی هێزە چەکدارەکان، بڕیار درا ئاستی ئامادەباشی ئەمنی و ئامادەیی شەڕی هێزە ئەمنی و سەربازییەکان بەرز بکرێتەوە، بە جۆرێک کە ئەنجامدانی ڕاهێنان و جوڵەی یەکە سەربازییەکانیش لەخۆبگرێت. ئەمەش لە چوارچێوەی بەردەوامبوونی پاراستنی ئاستی بەرزی ئامادەباشی بۆ هەموو پێکهاتەکانی هێزە ئەمنییەکان، و بەهێزکردنی توانايان بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان، بە چەسپاندنی ئاسایش و جێگیر کردنی باری ئەمنی، و پاراستنی هاووڵاتیان و بەرژەوەندییە گشتییەکان”.

لە هەمان کاتدا، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا، لە 6ی ئابی 2026، ڕایگەیاند کە بەردەوامە لە جێبەجێکردنی ڕێوشوێنە ئەمنییەکان لە دەوروبەری پایتەخت، ئەویش لە ڕێگەی یەکەکانی هێزی پیادەی شەشەم و حەڤدەهەم، بە پشتگیری دەزگا و ئاژانسە هەواڵگرییە پەیوەندیدارەکان.

فەرماندەیەتییەکە ڕوونی کردەوە کە ئەم ڕێوشوێنانە بریتین لە ئەنجامدانی گەڕان و پشکنین، دامەزراندنی خاڵەکانی پشکنینی کاتی، هەروەها بەردەوامبوون لە چاودێریکردنی ئامانجەکان بە بەکارهێنانی هەوڵی تەکنیکی. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە ئەم ڕێوشوێنانە لە پێناو پاراستنی بارودۆخی ئاسایش، جێبەجێکردنی یاسا، و ڕێگریکردن لە هەر هەوڵێک بۆ دەستدرێژیکردن بۆ سەر سەلامەتی و ئاسایشی هاووڵاتیان.