دوانزەهەمین ساڵیادی جینۆسایدی ئێزیدییەکان

لە 3ی ئابی 2014دا، داعش هێرشێکی بەرفراوانی بۆ سەر قەزای شەنگال، لە پارێزگای نەینەوا لە باکووری ڕۆژئاوای عێراق و لە نزیک سنووری سوریا، ئەنجامدا، کە زۆرینەی دانیشتووانی ئێزیدی بوون، ئەمەش یەکێکە لە تاوانە ترسناکەکانی مێژووی هاوچەرخی عێراق. لە کاتی هێرشەکەدا، ئەو ڕێکخراوە کۆمەڵکوژییەکی بەرفراوانی لە دژی خەڵکی سڤیل ئەنجامدا، هەزاران پیاوی کوشت و 6417 ئێزیدی ڕفاند، ئەوەش بەپێی ئامارەکانی فەرمانگەی ڕزگارکردنی ڕفێنراوانی ئێزیدییەکان. دواتر ئەم تاوانانە لەگەڵ تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ، بە جینۆساید پۆلێن کران. پێشێلکارییەکان بریتی بوون لە لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ، ئاوارەکردنی زۆرەملێ، موسوڵمانکردنی زۆرەملێ، کۆیلەکردن، توندوتیژی جەستەیی سیستماتیکی دژ بە ژنان و کچان.

دوابەدوای هێرشەکە، داعش بە زۆر هەزاران ڕفێنراوی گواستەوە بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی لە سوریا، کە ژن و کچان کە هەندێکیان تەمەنیان نۆ ساڵی تێنەپەڕاندبوو، کرانە ژێر کۆیلایەتی سێکسی و لە بازاڕەکانی کۆیلەدا دەفرۆشران، هاوکات منداڵان بە زۆر دەکران بە ئەندام لە ڕێکخراوە تیرۆریستیە، هەروەها کوڕانی گەنج ڕاهێنانیان پێدەکرا بۆ بەکارهێنانی چەک و بەشداریکردن لە شەڕدا. هەروەها هەندێک لە منداڵان بۆ ئامادەکردنیان بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازی و خۆکوژییەکان، لە ژێر کاریگەریی تەلقینکردنی بیرۆکەی توندڕەوانەدا دانران.

لە کاتی کۆنترۆڵکردنی بەشێک لە عێراق و سوریا لەلایەن ڕێکخراوەکەوە، سیاسەتی گۆشەگیری و هەڵاواردنی سیستەماتیکی لە دژی ئێزیدییەکان بەتایبەت ژنان و کچان پەیڕەوکرد، کە بریتی بوو لە کۆیلەکردن، ئەشکەنجەدان، دەستدرێژیکردنە سەر، هاوسەرگیریی زۆرەملێ، دەستبەسەرکردن، سنووردارکردنی ئازادی هاتوچۆ، سنووردارکردنی جلوبەرگ و ڕەفتار، جگە لە شڵاقدان و لەسێدارەدان بەسەر ئەو کەسانەی کە سەرپێچی فەرمانەکانیانی دەکرد.

لە چوارچێوەی هەوڵەکانی دادپەروەریی گواستنەوە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی 2021 یاسای ڕزگاربووانی ئێزیدییەکان (یاسای ژمارە 8ی ساڵی 2021)ی دەرکرد، کە ئامانجی دابینکردنی چاکسازی بۆ ڕزگاربووانی تاوانەکانی داعشە لە ڕێگەی پێشکەشکردنی قەرەبووی دارایی، چاودێری تەندروستی، پاڵپشتی دەروونی، هەلی خوێندن و دامەزراندن. هەروەها، حکومەت بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری ڕزگاربووانی دامەزراند بۆ سەرپەرشتیکردنی جێبەجێکردنی یاساکە، و تۆمارکردنی سوودمەندان، دابینکردنی یارمەتی مانگانە و تەرخانکردنی زەوی نیشتەجێبوون.  هەروەها دەستنیشانکردنی ڕۆژی سێیەمی مانگی ئاب لە هەموو ساڵێکدا وەک ڕۆژێکی نیشتمانی بۆ یادکردنەوەی جینۆساید و تاوانەکانی داعش لە دژی ئێزیدییەکان، بۆ ڕێزلێنان لە قوربانییەکان، جەختکردنەوە لەسەر گرنگی تۆمارکردنی ئەو تاوانانە و پاڵپشتیکردنی هەوڵەکان بۆ بەدەستهێنانی دادپەروەری و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە پێشێلکارییانە.

سەرەڕای تێپەڕبوونی دوانزە ساڵ بەسەر جینۆسایدەکەدا، هێشتا کاریگەری و دەرهاویشتەکانی بەردەوامن، بەوپێیەی داتاکانی فەرمانگەی ڕزگارکردنی ڕفێنراوانی ئێزیدییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هەزاران ڕفێنراو ئازادکراون یان گەڕێنراونەتەوە، هاوکات سەدان پیاو و ئافرەت و منداڵ هێشتا بێسەروشوێنن، ئەمەش لەنێوان گەڕانی بەردەوامی گۆڕی بەکۆمەڵ و هەڵدانەوەی پاشماوە و ناسینەوەی قوربانییەکان بە بەکارهێنانی پشکنینی DNA (دی ئێن ئێی).

هەروەها شەنگال بەردەوامە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە گەورەکان کە ڕێگرن لە گەڕانەوەی سەرجەم دانیشتووانەکەی، لەوانە وێرانبوونی ژێرخانی ئابووری و ئاڵۆزییە ئەمنییە بەردەوامەکان و لاوازبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و هەلی کار، ئەمەش وایکردووە ژمارەیەکی زۆر لە ئێزیدییەکان لە کەمپەکانی ئاوارەبوون یان لە دەرەوەی عێراق بمێننەوە.

لە دوانزەهەمین ساڵیادی جینۆسایددا، نوێنەرانی پێکهاتەی ئێزیدی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بانگەوازی خۆیان نوێکردەوە بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی هەموو ڕفێندراوان و بێسەروشوێنکراوان، تەواوکردنی لێپرسینەوە لەو کەسانەی بەرپرسن لەو تاوانانە، بۆ خێراترکردنی ئاوەدانکردنەوەی شەنگال، هەروەها ڕەخساندنی هەلومەرجی پێویست بۆ گەڕانەوەی خۆبەخشانە و سەلامەت و شکۆمەندانەی ئاوارەکان، هاوکات دڵنیابوون لەوەی کە ئەو پێشێلکاریانەی کە ئێزیدییەکان لە ساڵی 2014دا تووشی بوون دووبارە نەبێتەوە.