ڕاستی ئەو ڤیدیۆیە چییە کە بڵاوکراوەتەوە گوایە ئەو ساتە نیشان دەدات کە هێزەکانی ئەمریکا و سعودیە بارەگای هێزەکانی حەشدی شەعبیان لە عێراق کردە ئامانج؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت "ساتی بۆردومانی بەرەبەیانی ئەمڕۆی هێزەکانی ئەمریکا و سعوودیە بۆ سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە عێراق کە ژمارەیەک کوژراو و برینداری لێ کەوتەوە".

ڕاستییەکە

سەرەڕای بەئامانجکردنی بارەگاکانی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە ژمارەیەک پارێزگای عێراق لەلایەن فڕۆکەکانی سعودیە و ئەمریکاوە، بەڵام ئەو ڤیدیۆیەی کە بڵاوکراوەتەوە چەواشەکارانەیە، بەو پێیەی لە دوو گرتەی جیاواز پێکدێت، گرتەی یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ هێرشێکی ئەمریکا کە لە مانگی نیسانی 2026دا بۆ سەر چەند شوێنێکی سەر بە هێزەکانی حەشدی شەعبی لە بەغدا ئەنجامیدا، گرتەی دووەمیش دەگەڕێتەوە بۆ ڕووداوی سووتانی بازاڕێکی سەوزە لە شاری ڕەوالپندی لە پاکستان.

گەڕانی پێچەوانەمان ئەنجامدا بۆ چەند گرتەیەک لە ڤیدیۆکە، دەرکەوت لە دوو گرتەی جیاواز پێکهاتووە، گرتەی یەکەم کە لە چرکەی چوارەمدا کۆتایی دێت، دەگەڕێتەوە بۆ گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە لە 7ی نیسانی 2026 بڵاوکراوەتەوە، کە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ سەر شوێنانە نیشاندەدات کە سەر بە هێزەکانی حەشدی شەعبی سەر بە ئێرانن لە بەغدا.

سەبارەت بە گرتەی دووەمیش، ڤیدیۆیەکی هاوشێوەمان دۆزییەوە کە لە گۆشەیەکی جیاوازەوە تۆمارکراوە، کە دەرکەوت لەلایەن بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە بەرواری 23ی ئایاری 2026 بڵاوکراوەتەوە، کە کە ساتی سوتانی بازاڕێکی سەوزەوات لە شاری ڕەوالپندی پاکستان نیشاندەدات، لە کاتی بەراوردکردنی تایبەتمەندییەکانی شوێنەکەدا، لێکچوونێکی ڕوون لە نێوان دوو کلیپەکەدا دەرکەوت.

واتە ئەو گرتە ڤیدیۆییەی کە بڵاوکراوەتەوە پەیوەندی بەو هێرشانەی ئەم دواییەی هێزەکانی ئەمریکا و سعودیە بۆ سەر بارەگای هێزەکانی حەشدی شەعبی لە ژمارەیەک پارێزگای عێراقدا نییە، بەڵکو لە دوو گرتەی جیاواز پێکدێت کە دوو ڕووداوی جیاواز نیشان دەدەن.

بڵاوبوونەوەی ئەم گرتە ڤیدیۆییە دوای ئەوە دێت کە ئەمریکا و سعودیە لە 29ی تەمموزی 2026 ڕایانگەیاند، کە هێرشی ئاسمانی هاوبەشیان ئەنجامداوە بۆ سەر بنکەکانی هێزەکانی حەشدی شەعبی،بەپێی ڕاگەیاندنەکەیان ئەو هێرشانە لە وەڵامی ئەو هێرشە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانە بووە کە بە وتەی خۆیان لە خاکی عێراقەوە هەڵدراون و دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە و هێزەکانی ئەمریکایان لە ناوچەکە کردووەتە ئامانج.

لە 29ی تەمموزی 2026، وەزارەتی بەرگری سعودیە ڕایگەیاند، هێرشی ئاسمانی هاوبەشیان لەگەڵ ئەمەریکا ئەنجامداوە و ئەو شوێنانەیان لە ناوخۆی عێراق کردۆتە ئامانج کە بە وتەی خۆی سەر بە "میلیشیاکانی سەر بە ئێرانن"، ئەوەش دوای ئەوەی ئەو میلیشیایانە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان ئەنجامداوە و دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیەیەن کردووەتە ئمانج، ئەوەشیان پشتڕاست کردەوە کە ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە لە خاکی عێراقەوە هەڵدراون، هەروەها ئۆپەراسیۆنەکە لەسەر بنەمای مافی بەرگریکردن لە خۆی بەپێی مادەی (51)ی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بووە.

لای خۆیەوە هێزەکانی حەشدی شەعبی لە بەیاننامەیەکدا کە لە 29ی تەمموزی 2026 بڵاوکرایەوە، ڕایگەیاند، ژمارەیەک لە بارەگا فەرمییەکانی لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق لەلایەن هێزەکانی ئەمریکا و سعودیەوە هێرشیان کراوەتە سەر. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، هێرشەکان زیانی گیانی و برینداری لێکەوتووەتەوە، هەروەها زیانی ماددی بە چەندین باڵەخانە کەوتووە.

هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە، ئامانجگرتنەکە نوێنەرایەتی پەرەسەندنێکی مەترسیدار و پێشێلکردنی سەروەری عێراق و هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەمنییە فەرمییەکانی دەکات، جەختی لەوەشکردووەتەوە، دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکان لەسەر زەوی چاودێری دۆخەکە دەکەن، لەکاتێکدا پرۆسەی ژماردنەوەی زیانەکان و هەڵسەنگاندنی زیانەکان هێشتا بەردەوامە.

لە بەیاننامەیەکی دواتردا، هێزەکانی هێزەکانی حەشدی شەعبی ڕایگەیاند، ژمارەی سەرەتایی ئەو هێرشەی کە ژمارەیەک لە بارەگاکانی کردە ئامانج، 20 شەهید و 32 بریندار بووە، ئاماژەی بەوەشکرد، هێرشەکان بارەگاکانی ڕێکخراوەکەیان کردووەتە ئامانج لە پارێزگاکانی بەغدا، واست، نەینەوا، بەسرە، کەرکوک، کەربەلا، و دیالە.