ڕاستی دەرکەوتنی بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای پرۆژە نەوتییەکان و بەڕێوەبەری بەشی دارایی لە ڤیدیۆیەکی نەشیاودا چییە؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وێنەیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت "دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆیەکی نەشیاو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، عەلی وارد حەموود، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای پڕۆژە نەوتییەکان لە ڤیدۆکەدا دەردەکەوێت، لەناو نووسینگەکەی خۆیدا کاری بەدڕەوشتی لەگەڵ بەرپرسی بەشی دارایی فەرمانگەی نەوت ئەنجام دەدات".

ڕاستییەکە

ئەو وێنەیەی کە بڵاوکراوەتەوە گوایە ئەو کەسە نیشان نادات کە لە ڤیدیۆ نەشیاوەکەدا دەرکەوتووە کە لەم دواییانەدا بڵاوکراوەتەوە، وێنەی عەلی وارد حەموودە، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای پڕۆژە نەوتییەکانە، و هیچ پەیوەندییەکی بەو کەسەوە نییە کە لە گرتە ڤیدیۆ نەشیاوەکەدا دەرکەوتووە.

گەڕانی پێچەوانەمان ئەنجامدا بۆ وێنەکە، دەرکەوت کە وێنەی بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای پڕۆژە نەوتییەکان، عەلی وارد حەموودە، وێنەکە لە 22ی حوزەیرانی 2026 لە میانی پێشوازیکردن لە شاندێکی دەستەی باڵای وردبینی فیدراڵی  بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ژمێریاری کۆتایی بڵاوکراوەتەوە، واتە وێنەکە هی ئەو کەسە نییە کە لە ڤیدیۆ نەشیاوەکەدا دەرکەوتووە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە.

هاوکات بەراوردێکمان ئەنجامدا لە نێوان گرتەیەک لە ڤیدیۆ بڵاوکراوەکە و ئەو وێنەیەی هاوپێچکراو لە پۆستەکە، و دەرکەوت جیاوازییەکی ئاشکرا لە نێوان ئەو دوو کەسەدا هەیە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەو کەسەی لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای پڕۆژە نەوتییەکان عەلی وارد حەموود نییە.

بەراوردکردنەکە جیاوازی لە تایبەتمەندییە گشتییەکانی دەموچاودا ئاشکرا دەکات، لەوانە شێوەی لووت و چاو و پێکهاتەی دەموچاو، هەروەها لە وێنەکەی عەلی وارد حەموود نیشانەیەکی جیاواز و ڕوون لە پێشەوەی ناوچەوانی دەردەکەوێت، کە لەو کەسەدا نییە کە لە ڤیدیۆ بڵاوکراوەکەدا دەردەکەوێت، بە پشتبەستن بەم نیشانە بینراوانە، تایبەتمەندییەکانی ئەو دوو کەسە یەک ناگرنەوە، و دوو کەسی جیاوازن.

لای خۆیەوە کۆمپانیای پرۆژە نەوتییەکان ڕەتیکردەوە ئەو گرتە ڤیدیۆییەی کە بڵاوکراوەتەوە بگەڕێتەوە بۆ عەلی وارد حەموودە، بەڕێوەبەری گشتی ئەو کۆمپانیایە، لە پۆستێکدا کە لە پەیجی فەرمی خۆیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لە 23ی حوزەیرانی 2026 بڵاوکراوەتە، تێیدا هاتووە:

"کۆمپانیای پرۆژە نەوتییەکان دەیەوێت ڕوونیبکاتەوە بۆ ڕای گشتی و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان، سەبارەت بەو شتانەی کە لەم دواییانەدا لە هەندێک پەیجی تۆڕە کۆمەڵایتییەکان بڵاوبوونەتەوە کە ڤیدیۆیەکە و بانگەشەیەکی ساختەی لەگەڵدا هاوپێچ کراوە، کە بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیاکە بەوە تۆمەتبار دەکات کە ئەو کەسەیە کە لە ڤیدیۆکەدا دەرکەوتووە".

هەروەها لە بەیاننامەکەدا هاتووە:

"لە کاتێکدا ئێمە بە توندی ئەم تۆمەتانە ڕەتدەکەینەوە، بەڵام دووپاتی دەکەینەوە کە هەموو ئەو شتانەی کە خراونەتە پاڵ بەڕێوەبەری گشتی لەم بارەیەوە بە تەواوی درۆیە و بە هیچ شێوەیەک پەیوەندیی بەوەوە نییە، ئەوە تەنها هەوڵێکە بۆ لەکەدارکردنی کەسایەتی و دامەزراوەکە و چەواشەکردنی ڕای گشتی".

بڵاوبوونەوەی ئەم وێنەیە دوای بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆییە لە بەرواری 23ی حوزەیرانی 2026، کە تێیدا پیاوێک و ژنێک لەناو ئۆفیسێکدا ڕەفتارێکی نەشیاو دەکەن، تا ئێستا نەمانتوانیوە ڕاستی و دروستی ڤیدیۆکە پشتڕاست بکەینەوە.