ڕاستی ئەو ڤیدیۆیە چییە کە بڵاوکراوەتەوە گوایە لەناو یاریگاکانی ئەمریکا کە میوانداری مۆندیالی 2026 دەکەن بە قەناس چاودێری هاندەران دەکرێت؟
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە کە دەڵێت "لەناو یاریگاکانی ئەمریکا کە میوانداری مۆندیالی 2026 دەکەن بە قەناس چاودێری هاندەران دەکرێت".
ڕاستییەکە
هەرچەندە هەواڵی جێگیرکردنی قەناس بەدەستەکان لە دەرەوەی یاریگای سۆفی لە لۆس ئەنجلۆس ڕاستە، بەڵام ئەو گرتە ڤیدیۆییەی کە بانگەشەی ئەوە دەکات قەناس بەدەستەکان لە ناو یەکێک لە یاریگاکانی ئەمریکا کە میوانداری مۆندیالی 2026 دەکات نیشان دەدات، چەواشەکارانەیە، بەو پێیەی دەرکەوت کە ڤیدیۆکە دەگەڕێتەوە بۆ مەراسیمی ماڵئاوایی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئۆزبەکستان بە بۆنەی بەشداریکردنی لە یاری کۆتایی مۆندیالی 2026، و هیچ پەیوەندییەکی بە ڕێکارە ئەمنییەکانی ناو یاریگاکانی ئەمریکاوە نییە کە میوانداری پاڵەوانێتییەکە دەکەن.
بە پشکنینی ڤیدیۆکە لە ڕێگەی گەڕانی پێچەوانەوە بۆ چەند گرتەیەک لێی، دەرکەوت کە ڤیدیۆکە لە لایەن هەژمارێکی ئۆزبەکستانییەوە لە پلاتفۆرمی ئینستاگرام لە بەرواری 22ی ئایاری 2026 بڵاوکراوەتەوە و بڵاوکەرەوەکەشی کۆمێنتێکی هاوپێچ کردووە کە بەپێی وەرگێڕانەکە دەڵێت: “ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی سەرۆکەکەمان، بە ڕێزەوە سەیری هەڵبژاردەی نیشتمانی ئۆزبەکستانمان کرد لە ڕێگای بۆ مۆندیال، و لە کاتی چالاکییەکەدا، جوڵە قسە و ئاهەنگەکانی تۆپی پێ و ساتە لەبیرنەکراوەکان هەمووانی پڕکرد لە ڕۆحی بەرز”.
واتە ئەو بانگەشەیەی کە بڵاوکراوەتەوە هەڵەیە، ڤیدیۆکە لەلایەن هاوڵاتییەکی ئۆزبەکستانەوە لەناو یاریگای بونیۆدکۆر لە ئۆزبەکستان تۆمارکراوە، لەکاتی بەڕێوەچوونی ئاهەنگی بەشداریکردنی هەڵبژاردەی ئۆزبەکستان لە مۆندیالدا.
هەروەها دەرکەوت کە ڤیدیۆکە لە کاتی مەراسیمی ماڵئاوایی هەڵبژاردەی ئۆزبەکستان کە سەرکەوت بۆ مۆندیالی 2026 تۆمارکراوە، بە ئامادەبوونی سەرۆکی ئۆزبەکستان، شاڤکات میرزیۆیڤ، کە لە یاریگای بونیودکۆر لە تاشکەندی پایتەختی ئۆزباکستان بەڕێوەچوو، نەک لەناو یەکێک لە یاریگاکانی ئەمریکا کە میوانداری پاڵەوانێتییەکە دەکەن وەک ئەوەی بانگەشەی بۆ کراوە.
بڵاوبوونەوەی ئەم ڤیدیۆیە دوای بڵاوبوونەوەی ئەو ڤیدیۆ و وێنانە دێت کە بەڵگەی بوونی قەناس بەدەستەکان لە دەرەوەی یاریگای سۆفی لە لۆس ئەنجلۆس دەکەن.
مۆندیالی 2026
مۆندیالی 2026 لە سێ وڵاتی ئەمەریکا و کەنەدا و مەکسیک لە 11ی حوزەیران تا 19ی تەمموزی 2026 بەڕێوەدەچێت، ئەم چاپە گەورەترین چاپ دەبێت لە مێژووی مۆندیالدا، کە بۆ یەکەمجار 48 تیپ لە جیاتی 32 تیپ بەشداری تێدا دەکەن، تیپەکان بەسەر 12 کۆمەڵەدا دابەشکراون، کۆمەڵەی A تا کۆمەڵەی L، لەگەڵ دوو تیپی سەرەکی لە هەر کۆمەڵەیەک، لەگەڵ هەشت باشترین تیپەکانی پلەی سێیەم، کە سەردەکەون بۆ قۆناغی 32.
هەڵبژاردەی ئۆزبەکستان لە ڕیزی ئەو تیپانەیە کە یەکەم یاری خۆیان لە یاری کۆتایی مۆندیال ئەنجام دەدەن و بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا سەرکەوت بۆ پاڵەوانێتییەکە. بەپێی تیروپشکی مۆندیالی 2026، ئۆزبەکستان لە کۆمەڵەی (K) شانبەشانی پورتوگال، کۆڵۆمبیا و کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ جێگیرکراوە.
تەکنەلۆجیا بۆ ئاشتی