ڕاستی ئەو ڤیدیۆیە چییە کە گوایە هەوادارانی نەرویجی "جوڵەی سەوڵ لێدان" لەسەر پشتێنەی گواستنەوەی جانتا لە فڕۆکەخانەیەک ئەنجام دەدەن نیشاندەدات؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت "هاندەرانی نەرویج بەم جۆرە فرۆکەخانەیان جێهێشت و گەڕانەوە وڵاتەکەیان دوای ئەوەی شەوی رابردوو بەرامبەر هەڵبژاردەی ئینگلتەرا شکستیان هێنا و ماڵئاواییان لە مۆندیال کرد".

ڕاستییەکە

ئەو گرتە ڤیدیۆییەی کە گوایە هاندەرانی نەرویج نیشاندەدات کە لەسەر پشتێنەی گواستنەوەی جانتا لەناو فڕۆکەخانەیەکدا دانیشتوون و جوڵەی "سەوڵ لێدان" ئەنجام دەدەن، ڕاستەقینە نییە، بەڵکو بە بەکارهێنانی ئامرازەکانی زیرەکی دەستکرد دروستکراوە.

ڤیدیۆکەمان بە بەکارهێنانی Hive Moderation پشکنی کە ئامرازێکی تایبەتە بە دۆزینەوەی ناوەڕۆکی دروستکراوی زیرەکی دەستکرد، دەرکەوت ڤیدیۆکە بە بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد دروستکراوە، لەگەڵ هەبوونی ئاماژە کە بە تەکنەلۆجیای Seedance بەرهەم هێنراوە.

هەروەها ڤیدیۆکە چێند ئاماژەیەکی تێدایە کە دەیسەلمێنێت بە زیرەکی دەستکرد دروستکراوە، لەوانە جوڵەی ناجێگیری هەندێک لە کەسەکان و گۆڕانکاری نالۆژیکی لە چۆنیەتی جوڵە و کارلێکیان لەگەڵ دەوروبەریان.

هەروەها، گەڕانێکی پێچەوانەمان بۆ ڤیدیۆکە ئەنجامدا و دەرکەوت کە بۆ یەکەم جار لە بەرواری 11ی تەمووزی 2026 لەلایەن هەژمارێک بەناوی Mike's Mayhem بڵاوکراوەتەوە، هەژمارەکە خۆی وەک پسپۆڕ لە بڵاوکردنەوەی کلیپی گاڵتەجاڕی دروستکراو بە زیرەکی دەستکرد وەسف دەکات، و خاوەنی هەژمارەکە لە پۆستەکەدا ڕوونی کردووەتەوە کە ڤیدیۆکە بە زیرەکی دەستکرد بەرهەم هێنراوە.

بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکە هاوکاتە لەگەڵ ئەو ناوبانگە زۆرەی کە ئاهەنگی "Viking Row" لە مۆندیالی 2026 بەدەستی هێنا، چونکە بوو بە یەکێک لە دیاردەکانی هاندەرانی پاڵەوانێتییەکە، هاندەران لە ڕیزدا دادەنیشن و جوڵەی سەوڵ لێدان بە قۆڵەکانیان ئەنجام دەدەن و دەڵێن ڕۆ! ڕۆ! ڕۆ!' ئاماژەیەکە بۆ کەلەپووری ڤایکینگەکان، کە باوباپیرانی نەرویجین، و بۆ هەستی کۆمەڵایەتی لە نێو هاندەرانی نەرویجی.

شایەنی باسە هەڵبژاردەی نەرویج باشترین دەستکەوتی خۆی لە مێژووی خۆیدا لە میانەی مۆندیالی 2026 بەدەست هێنا، دوای ئەوەی بۆ یەکەمجار گەیشتە قۆناغی چارەکی کۆتایی، پێش ئەوەی لە پاڵەوانێتییەکە دەربچێت بە دۆڕانی دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە ئینگلتەرا دوای کاتی زیادکراو، لە 11ی تەمموزی 2026.