ڕاستی ئەو ڤیدیۆیە چییە کە بڵاوکراوەتەوە گوایە دوو کەشتی لە کاتی هەوڵدان بۆ بەزاندنی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە دەکرێنە ئامانج؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت "ئێران هێرشی کردە سەر دوو كەشتی كە هەوڵیانداوە بە گەرووی هورمزدا تێپەڕن".

ڕاستییەکە

ئەو گرتە ڤیدیۆییەی کە گوایە دوو کەشتی لەکاتی هەوڵدانیان بۆ بەزاندنی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە کراونەتە ئامانج نیشاندەدات، کۆن و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای مانگی ئازاری ساڵی 2026، لە نزیک بەندەری شارجە لە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی کە ساتی هێرشکردنە سەر کەشتییەکی نەوتهەڵگری بازرگانی نیشاندەدات.

گەڕانی پێچەوانەمان ئەنجامدا بۆ چەند گرتەیەک لە ڤیدیۆکە، دەرکەوت کە پێشتر لەلایەن دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە بەرواری 14ی ئازاری 2026 بڵاوکراوەتەوە، کە بە ئامانجگرتنی کەشتییەکی نەوتهەڵگری بازرگانی لە نزیک بەندەری شارجە لە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی نیشان دەدات.

بڵاوبوونەوەی ئەم ڤیدیۆیە لە کاتێکدایە کە گەرووی هورمز بە داخراویی ماوەتەوە، لە 11ی حوزەیرانی 2026، ئیدارەی گەرووی هورموزی ئێران ڕایگەیاند کە ڕێڕەوی ئاوی ستراتیجی تا ئاگادارکردنەوەی زیاتر بەڕووی کەشتیوانیدا بە داخراوی دەمێنێتەوە، ئەم بڕیارەی گەڕاندەوە بۆ دۆخی ئێستای ناوچەکە بەهۆی گرژیی هێزەکانی ئەمریکا، و داوای لەو کەسانە دەکات کە پێشتر مۆڵەتی پەڕینەوەیان وەرگرتبوو، سەبر بگرن و چاوەڕێی ڕێنمایی نوێ لە ئیدارەی گەرووی ئێرانەوە بن.

لە 10ی حوزەیرانی 2026 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ڕێگەی هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس ڕایگەیاند

"مانگی ڕابردوو فەرمانم بە سوپا گەورەکەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کرد کە ئەرکێکی شاراوە ئەنجامبدەن بۆ پاڵپشتیکردنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان و کەشتییە بازرگانییەکانی تر لەڕێگەی گەرووی هورمزەوە. ئەمڕۆ بە خۆشحاڵییەوە ڕایدەگەیەنم کە ئەم هەوڵە بووەتە هۆی ئەوەی کە زیاتر لە 100 ملیۆن بەرمیل نەوت لە گەرووەکەدا تێپەڕێت بۆ بازاڕی کراوە، هەروەها زیاتر لە 200 کەشتی بازرگانی بە سەلامەتی تێپەڕین. ئەم سەرکەوتنە تاڕادەیەکی زۆر دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەمریکا گەرووەکە کۆنترۆڵ دەکات نەک ئێران، هێزی سەربازییان شکستی هێناوە، ئابوورییان ڕووخاوە، بۆ ئێران کۆتایی هاتووە!"