ڕاستی ئەو وێنەیە چییە کە بڵاوکراوەتەوە گوایە دەستگیرکردنی کەسێک نیشاندەدات کە هەوڵیداوە هاوڵاتییەکی پاکستانی لە بەغدا بفرۆشێت؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وێنەیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت "لەبەغداد پیاوێك دەستگیر کراوە کە ویستوێتی؛ هاوڵاتییەکی پاکستانی کرێکار بفرۆشێت. خۆش عێراق".

ڕاستییەکە

ئەو هەواڵەی کە بڵاوکراوەتەوە و باس لە دەستگیرکردنی کەسێک دەکات کە هەوڵی فرۆشتنی هاوڵاتییەکی پاکستانی داوە، هەواڵێکی ساختەیە و ئەو وێنەیەی کە هاوپێچ کراوە گوایە ئەو کەسە نیشان دەدات کە هەوڵی فرۆشتنی ئەو هاووڵاتییە پاکستانییەی داوە، ڕاستەقینە نییە و بە بەکارهێنانی تەکنیکەکانی زیرەکی دەستکرد دروستکراوە.

لە کاتی گەڕان بە بەکارهێنانی وشەی سەرەکی لە وێبگەڕەکانی گەڕان و پێداچوونەوە بە هەژمارە فەرمییەکانی وەزارەتی ناوخۆ بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، هیچ سەرچاوەیەکمان نەدۆزیەوە کە بسەلمێنێت هەواڵەکە ڕاستە، هەروەها لەلایەن هیچ کام لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ناوخۆییەوە ڕوماڵی نەکراوە.

هەروەها لە کاتی پشکنینی وێنەکە بە بەکارهێنانی ئامرازە تایبەتەکانی شیکاری وێنە، ئەنجامەکان دەریانخست کە وێنەکە ناڕاستەقینە و بە ڕێژەیەکی زۆر بەرز بە بەکارهێنانی تەکنیکەکانی زیرەکی دەستکرد دروستکراوە.

ناوبەناو ژمارەیەک هەواڵی ساختە بە درۆ دەگەڕێنرێنەوە بۆ عێراق، بە ئامانجی وروژاندنی مشتومڕ یان چەواشەکردنی ڕای گشتی.

نموونەی ئەم پۆستانەش، ڤیدیۆیەک کە گوایە وانەی یۆگا لە سلێمانی نیشاندەدات، بەڵام دوای پشتڕاستکردنەوە دەرکەوت کە ئەو بانگەشەیە ساختەیە.

گرتەیەکی دیکە بڵاوبووەوە کە گوایە گیان لەدەستدانی گەنجێکی عێراقی بە جەڵتەی دڵی کتوپڕ لەکاتی وەرزشکردن لەناو هۆڵێکی وەرزشیدا نیشان دەدات، بەڵام لێکۆڵینەوەکان سەلماندیان کە ئەم بانگەشەیە ساختەیە.