ڕاستی ئەو هەواڵە چییە کە بانگەشەی ئەوە دەکات فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگری مەدەنی کە 150 کەسی هەڵگرتبوو لە بیابانی کەربەلا کەوتووەتە خوارەوە و گشت ئەوانەی لەناو فڕۆکەکەدا بوون گیانیان لەدەستدا؟
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە کە دەڵێت "بەپەلە دەنگۆی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکەی مەدەنی بە ١٥٠ سەرنشینەوە لە بیابانی کەربەلا لە ئارادایە کە حاجیانی گواستوەتەوە".
ڕاستییەکە
هەواڵی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگری مەدەنی له بیابانی کەربەلا کە 150 کەسی هەڵگرتبوو و گیانلەدەستدانی گشت سەرنشینەکان ساختەیە، بەو پێیەی دەسەڵاتدارانی فەرمی عێراق ڕەتیانکردەوە هیچ ڕووداوێک هەبێت کە فڕۆکەیەکی مەدەنی لەناو ئاسمانی عێراق یان لە خاکی عێراقدا کەوتبێتە خوارەوە و شیکاریی وێنەکان دەریانخست کە ئەو تەنەی کەوتووەتە خوارەوە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بووە.
لای خۆیەوە، بەنگین ڕیکانی سەرۆکی دەستەی فڕۆکەوانی مەدەنی عێراق، لە بەرواری 8ی حوزەیرانی 2026 ئەو هەواڵانەی ڕەتکردەوە کە باس لە کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی مەدەنی لە عێراق دەکەن، جەختیشی لەوە کردەوە کە هیچ ڕووداوێکی لەو شێوەیە تۆمار نەکراوە، داواش دەکات زانیاری لە سەرچاوە فەرمییەکانەوە وەربگیرێت و دەنگۆ بڵاونەکرێتەوە.
لە چوارچێوەیەکی پەیوەندیداردا، پارێزگاری کەربەلا، نەسیف جاسم خەتابی، ڕاستی ئەو هەواڵانەی ڕەتکردەوە کە باس لە کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگرەوە دەکەن و ئاماژەی بەوەدا کە ئەو تەنەی لە بیابانی کەربەلا کەوتووەتە خوارەوە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بووە، نەک فڕۆکەیەکی مەدەنی.
بڵاوبوونەوەی ئەم بانگەشە ساختەیە دوای ئەوە هات کە ڤیدیۆ و وێنەی داروپەردووی سووتاوی فڕۆکەیەک لە ناوچەیەکی بیابانی پارێزگای کەربەلا بڵاوبووەوە، ئەمەش وایکرد هەندێک پەیج بانگەشەی ئەوە بکەن کە داروپەردووەکە هی فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگر بووە کە بە دەیان سەرنشینەوە کەوتووەتە خوارەوە.
بەگوێرەی ئەو وێنانەی کە بڵاوبوونەتەوە، یەکێک لە پارچە دیارەکان ژمارەیەکی ناسنامەی لەسەرە کە سەر بە بەشێک لە باڵەکانی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکی MQ-9 Reaperە، کە فڕۆکەیەکە بۆ سیخوڕی و چاودێری و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دیزاین کراوە و لەلایەن کۆمپانیای General Atomics Aeronautical Systems بەرهەم هێنراوە.
بەپێی شیکارییەکی پەیجی "خانەی تاکتیکی" لە فەیسبووک، ژمارەی ئەو بەشەی کە نیشان دراوە لەگەڵ باڵەکانی فڕۆکەی MQ-9 دەگونجێت، ئەمەش پشتگیری لەوە دەکات کە پاشماوەی فڕۆکەکە هی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی سەربازییە نەک فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگر.
سەبارەت بە هۆکاری کەوتنە خوارەوەی، تا ئێستا هیچ زانیارییەکی فەرمی بڵاونەکراوەتەوە کە دیاری بکات چۆن کەوتۆتە خوارەوە و کێ بەرپرسیارە لێی.
ئەم هەواڵە هاوکاتە لەگەڵ هەڵدانی شەپۆلێکی مووشەک لەلایەن ئێرانەوە لە بەرواری 7ی حوزەیرانی 2026 بەرەو ناوچە فەلەستینییە داگیرکراوەکان لەلایەن ئیسرائیلی داگیرکەرەوە، لە یەکەم هێرشی ڕاستەوخۆی لەم جۆرە لە دوای ئاگربەستی مانگی نیسانی ڕابردوو، لە وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیلی داگیرکەر بۆ سەر شوێنەکانی حزبەڵڵا لە باشووری بەیرووت لە لوبنان.
لە کاتێکدا سوپای ئیسرائیلی داگیرکەر ڕایگەیاند کە ڕێگری کردووە لە زۆربەی مووشەکەکان، لە کاتژمێرەکانی سەرەتای بەرەبەیاندا ئیسرائیلی داگیرکەر وەڵامی دایەوە و هێرشی کردە سەر ئامانجە سەربازییەکانی ئێران لە ڕۆژئاوا و ناوەڕاستی ئێران و دەنگی تەقینەوە لە شارەکانی وەک تاران، تەبرێز و ئەسفەهان بیسترا.
دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی عێراق ئێوارەی 7ی حوزەیرانی 2026 ڕایگەیاند، کە وەک ڕێکارێکی خۆپارێزی ئاسمانی عێراقی بە ڕووی گشت گەشتەکاندا داخست.
ئەم هەڵکشانە لە چوارچێوەی گرژییە بەردەوامەکانی ناوچەکەدا دێت کە ماوەی چەند مانگێکە بەردەوامە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان ئێران و هاوپەیمانەکانی لە لایەک و ئیسرائیلی داگیرکەر و و ئەمریکا لە لایەکی دیکەوە دێت.
تەکنەلۆجیا بۆ ئاشتی