ڕاستی ئەو ڤیدیۆیە چییە کە بڵاوکراوەتەوە گوایە دەرکەوتنی مەحمود ئەحمەدی نەژاد سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران لەم دواییانەدا پیشان دەدات؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت "مەحمود ئەحمەدی نەژاد لەشەقامەكانی تاران دەركەوتەوە".

ڕاستییەکە

ئەو گرتە ڤیدیۆییەی کە گوایە مەحمود ئەحمەدی نەژاد، سەرۆککۆماری پێشووی ئێران لەم دواییانەدا لە شەقامەکانی تاران دەرکەوتووە، کۆنە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2025، نەک لەم دواییانەدا وەک ئەوەی بانگەشەی بۆ کراوە.

گەڕانی پێچەوانەمان ئەنجامدا بۆ چەند گرتەیەک لە ڤیدیۆکە، دەرکەوت کە پێشتر لەلایەن دەزگاکانی ڕاگەیاندن و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە بەرواری 1ی کانوونی یەکەمی 2025 بڵاوکراوەتەوە، لە ڤیدیۆکەدا مەحمود ئەحمەدی نەژاد، سەرۆککۆماری پێشووی ئێران دەردەکەوێت لە کاتی بەشداریکردن لە پرسەی خوشکی ئەسفەندیار ڕەحیم مەشائی لە مزگەوتی ئاغا پلاسید لە سادات شەهر لە پارێزگای ڕامسار، واتا ڤیدیۆکە دەرکەوتنی مەحمود ئەحمەدی نەژاد لەم دواییانەدا پیشان نادات وەک ئەوەی بانگەشەی بۆ کراوە.

مەحمود ئەحمەدی نەژاد کێیە؟

سیاسەتمەدارێکی ئێرانییە و لە تشرینی یەکەمی ساڵی 1956 لە شاری ئارادانی ئێران لەدایک بووە، ئەندازیاری شارستانی خوێندووە و وەک مامۆستای زانکۆ کاری کردووە. هەروەها پێش ئەوەی ببێتە سەرۆک کۆمار، سەرۆکی شارەوانی تاران بووە.

لە ساڵی 2005 لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئێران سەرکەوتنی بەدەستهێنا و لە ساڵی 2009 بۆ خولی دووەم هەڵبژێردرایەوە و تا کۆتایی خولی سەرۆکایەتییەکەی لە ساڵی 2013 لە پۆستەکەیدا مایەوە، دوای جێهێشتنی پۆستی سەرۆکایەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران، گەڕایەوە بۆ چالاکییە سیاسی و ئەکادیمییەکان و چەندین جار هەوڵی خۆکاندیدکردنی بۆ سەرۆککۆماری ئێراندا، بەڵام کاندیدبوونی پەسەند نەکرا.