ڕاستی ڕاگەیاندنی دۆزینەوەی 63 گرێبەستی هاوسەرگیریی میسیار لە ماڵی وەزیری بەرگریی پێشووی عێراق سابت عەباسی لەلایەن دەستەی دەستپاکیەوە چییە؟
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە کە دەڵێت "دەستەی دەستپاکی عێراق لە مەزرەعەکەی ثابت العباسی وەزیری پێشووی بەرگری عێراق، 63 گرێبەستی هاوسەرگیری نهێنی (مسیار و مطیار)ی دۆزیوەتەوە".
ڕاستییەکە
هەواڵی دۆزینەوەی (63) گرێبەستی هاوسەرگیری میسیار لە ماڵی وەزیری بەرگری پێشووی عێراق، سابت عەباسی، ساختەیە، بەو پێیەی دەستەی دەستپاکی فیدراڵی هیچ بەیاننامە و ڕاگەیاندنێکی فەرمی بڵاونەکردووەتەوە کە ئەم هەواڵەی لەخۆگرتبێت.
لە کاتی گەڕان لە وێبگەڕەکان بە بەکارهێنانی وشەی سەرەکی، هیچ سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراومان نەدۆزیەوە کە ڕاستی ئەو هەواڵە بسەلمێنێت، جگە لەوەش هیچ هەواڵێکی پەیوەندیدار بەو بانگەشەیە لە هەژمارە فەرمییەکانی دەستەی دەستپاکیی عێراق، یان وەزارەتی ناوخۆ، یان دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بڵاونەکراوەتەوە، هەروەها هیچ دەزگایەکی ڕاگەیاندنی ناوخۆیی، چ فەرمی یاخود نافەرمی، ڕووماڵی هەواڵی هاوشێوەیان نەکردووە.
لە لایەکی دیکەوە، نوسینگەی ڕاگەیاندنی هاوپەیمانی حەسمی نیشتمانی بە سەرۆکایەتی سابت عەباسی، لە ڕاگەیەنراوێکدا لە ڕێکەوتی 29ی تەممووزی 2026 لە ڕێگای هەژماری فەرمی خۆی ڕایگەیاند کە عەباسی دەستی بە هەنگاوە یاساییەکان کردووە دژ بە هەر کەسێک کە هەواڵی درۆ یان ناڕاستی بڵاوکردبێتەوە یان بەشداری لە بڵاوکردنەوەی کردبێت، هەروەها سووکایەتی پێ کردبێت. لە هەمان کاتدا، پشتگیری و متمانەی تەواوی خۆی بە دەسەڵاتی دادوەریی عێراق دووپاتکردەوە، هەروەها ئەو هەڵمەتەی کە بە "هەڵمەتی چەواشەکاری وشکاندنی وێنەی سیاسی" ناوبرد، ڕەتکردەوە.
بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە دوای ئەوە هات کە عەدنان جومەیلی لە کۆتایی مانگی ئایاری 2026 لە ناوچەی ئیسحاقیی پارێزگای سەلاحەدین دەستگیرکرا، تەنها ماوەیەکی کەم دوای دەرچوونی بڕیاری لادانی لە پۆستەکانی. ئەو دەستگیرکردنەش لە چوارچێوەی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا ئەنجامدرا، کە پشکنین و وردبینیی گرێبەستەکان و پێشێلکارییەکان لە بواری پالاوتن و پالاوگەکانیشی گرتبووەوە.
دۆسیەی عەدنان جومەیلی شایەتحاڵی زنجیرەیەک دەستبەسەرداگرتن و گەڕاندنەوە بوو کە لە لایەن دەسەڵاتی فەرمییەوە یەک لە دوای یەک ڕاگەیەندرا، لە سەرەتای مانگی تەمووزی 2026، دەسەڵاتەکان ئاشکرایان کرد کە بڕێکی زۆر پارە لە ناو یەکێک لە خانووەکان دۆزرایەوە، کە بەشێکیان لە ناو بەتڵی ئاو و ناو بۆشایی دیوار شاردرابوونەوە کە بە تایبەتی ئامادە کرابوون.
لەگەڵ فراوانبوونی لێکۆڵینەوەکان، دەزگا دادوەری و ئەمنییەکان بەردەوام بوون لە گەڕان، کە بووە هۆی دەستبەسەرداگرتن و گەڕاندنەوەی بڕێکی زۆر پارە و زێڕ، لە هەمان کاتدا، ئەنجوومەنی دادوەریی باڵای عێراق ڕایگەیاند کە سەدان کیلۆگرام زێڕ، بە هاوکاری لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان گەڕێندرایەوە و بەگوێرەی ڕێکارە یاساییەکان تەسلیمی بانکی ناوەندیی عێراق کرا.
تا 23ی تەمموزی 2026، دەسەڵاتدارانی فەرمی ڕایانگەیاند، کۆی گشتی بڕی دەستبەسەرداگرتن و گەڕێندراوەکان لەو کەیسەدا نزیکەی 121 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی و زیاتر لە 127 ملیار دیناری عێراقی بووە، هەروەها دواتر دەستبەسەرداگرتنی بڕی 13 ملیار دیناری دیکە و هەروەها دەستبەسەرداگرتنی 375 کیلۆ زێڕ ڕاگەیەندرا، جگە لە 40 سەبیکەی زێڕ کە کێشی هەریەکەیان 1 کیلۆگرام بووە، هەروەها 5 کیلۆگرام زێڕی دیکەش لە دوایین دەستبەسەرداگرتنەکاندا.
- لينك 1
- لينك 2
- لينك 3
- لينك 4
- لينك 5
- لينك 6
- لينك 7
- لينك 8
- لينك 9
- لينك 10
- لينك 11
- لينك 12
- لينك 13
- لينك 14
- لينك 15
- لينك 16
- لينك 17
- لينك 18
- لينك 19
- لينك 20
تەکنەلۆجیا بۆ ئاشتی