ڕاستی ئەو ڤیدیۆیە چییە کە بڵاوکراوەتەوە گوایە هێرشی حوسییەکان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک بۆ سەر چەندین شاری سعودیە نیشان دەدات؟
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت "ببینە ئەو درۆنە چۆن لە ئامانجەکەی دەدات؛ حـ.ـوسییەکان بە درۆن و مووشەك چەندین شاری سعودیەیان بە چڕیی کردە ئامانج".
ڕاستییەکە
ئەو ڤیدیۆیەی بڵاوکراوەتەوە گوایە هێرشی حوسییەکان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک بۆ سەر چەند شارێکی سعودیە نیشاندەدات، چەواشەکارانەیە، بەو پێیەی ڤیدیۆکە دەگەڕێتەوە بۆ هێرشێکی ئێران بۆ سەر کوێت لە مانگی تەموزی 2026.
گەڕانی پێچەوانەمان ئەنجامدا بۆ چەند گرتەیەک لە ڤیدیۆکە، دەرکەوت کە پێشتر لەلایەن دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە بەرواری 15 تەموزی 2026 بڵاوکراوەتەوە، کە بە ئامانجگرتنی کۆگایەک لە کوێت نیشاندەدات لەلایەن فڕۆکەیەکی بێفڕکەوانی ئێرانەوە.
لە چوارچێوەیەکی پەیوەندیداردا، سعودیە لە سەرەتای شەوی هەینی 18ی ئەیلولی 2026، ئاگادارکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە کە پارێزگاکانی فەرسان، خەمیس مەشیت، عولا، یەنبوع، تائف و جەدە، هەروەها شاری ئەبها و پارێزگای جازانیشی گرتەوە، پاشان ڕایگەیاند کە کە مەترسییەکە لە هەموو ئەو ناوچانە تێپەڕیوە، و داوای لە دانیشتووان کرد پابەندی ڕێنماییەکانی سەلامەتیی بن کە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە بڵاوکراوەتەوە.
لای خۆیەوە عەمید یەحیا سەریع، وتەبێژی فەرمیی هێزە چەکدارەکانی یەمەن سەر بە حوسییەکان، لە بەیاننامەیەکدا کە لە 18ی ئەیلولی 2026دا بڵاوکراوەتەوە، ڕایگەیاند کە فڕۆکە جەنگییەکانی سعودیە لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا بە فڕۆکەی "F-15" 26 هێرشی ئاسمانییان ئەنجامداوە، کە لە بنکەی ئاسمانی خەمیس مەشیت هەڵفڕیوە و پارێزگای تەعزیان کردووەتە ئامانج.
ئاماژەی بەوەشکرد، کۆی گشتی ئەو هەڵمەتانەی کە لەماوەی ئەم هەفتەیەدا لەلایەن فڕۆکە سعودییەکانەوە ئەنجامدراوە، 300 هێرشی ئاسمانی بووە، کە بە فڕۆکەکانی ئێف 15 و تایفون ئەنجامدراون، کە لە بنکەکانی خەمیس مەشیت و تائفەوە هەڵفڕین و پارێزگاکانی تەعز، حەجا، مەئریب، جەوف، بەیزا، عەمران، لاهج، حودەیدە و سەعدەیان کردۆتە ئامانج.
تەکنەلۆجیا بۆ ئاشتی