ڕاستی ئەو ڤیدیۆیە چییە کە بڵاوکراوەتەوە گوایە هێرشی حوسییەکان بۆ سەر شاری مەککەی پیرۆز نیشان دەدات؟
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت "هێرشی حوسییەکان بۆ سەر شاری مەککەی پیرۆز".
ڕاستییەکە
ئەو گرتە ڤیدیۆییەی کە بڵاوکراوەتەوە گوایە هێرشی حوسییەکان بۆ سەر شاری مەککەی پیرۆز نیشاندەدات، چەواشەکارانەیە، دەركەوت ڤیدیۆکە کۆنە و دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2025، هەروەها لە شاری مەدینە تۆمار کراوە، نەک لە مەککە، وەک بانگەشەکە دەڵێت.
گەڕانی پێچەوانەمان ئەنجامدا بۆ چەند گرتەیەک لە ڤیدیۆکە، دەرکەوتکە ڤیدیۆکە پێشتر لەلایەن بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە بەرواری 13ی ئەیلولی 2025 بڵاوکراوەتەوە، کە ڕێگریکردن لە فڕۆکەیەکی بێفڕکەوانی بێ مۆڵەت لە شاری مەدینە نیشان دەدەن.
دووبارە بڵاوکردنەوەی ئەم گرتە ڤیدیۆییە دوای ئەوە دێت کە وتەبێژی هێزەکانی هاوپەیمانی بۆ پشتیوانی لە شەرعیەت لە یەمەن، لیوا تورکی ئەلمالیکی، لە 16ی ئەیلولی 2026، ڕایگەیاند کە بەرگرییە ئاسمانییەکانی سعودیە، لە 15ی ئەیلولی 2026، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانیان لەناو بردووە لە باشووری مەککە کە لەلایەن گروپی حوسییەکانەوە هەڵدرابوو، پێش ئەوەی بتوانێت بچێتە ناو ئاسمانی قەدەغەکراوی شارەکە، ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە ڕێگریکردنەکە لە دەوروبەری کاتژمێر 6:50 خولەکی ئێوارە بە کاتی سعودیە ئەنجامدراوە.
لای خۆیەوە عەمید یەحیا سەریع، وتەبێژی فەرمیی هێزە چەکدارەکانی یەمەن کە سەر بە حوسییەکانە، لە بەیاننامەیەکدا کە لە 16ی ئەیلوولی 2026دا بڵاوکراوەتەوە، ڕاستی ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە، و ڕایگەیاند کە هیچ مەترسییەک لە یەمەنەوە بۆ سەر شوێنە پیرۆزەکان نییە، و ڕوونیکردەوە کە ئۆپەراسیۆنەکانی گروپەکە دامەزراوە نەوتییەکان و بنکە سەربازییەکانی سعودیە دەکەنە ئامانج نەک شوێنە پیرۆزەکان.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز کە لە 16ی ئەیلولی 2026 بڵاویکردۆتەوە، سعودیە ڕایگەیاندووە، کە هاوپەیمانان لەماوەی ئەم هەفتەیەدا نزیکەی 450 هێرشی ئاسمانییان بۆسەر پێگەکانی حوسییەکان لە یەمەن ئەنجامداوە، هاوکات حوسییەکانیش بە هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان وەڵامیان داوەتەوە ناو خاکی سعوودیەیان کردۆتە ئامانج.
هەروەها حوسییەکان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕایانگەیاندووە کە هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان کردۆتە سەر شوێنەکانی سعودیە، لەوانە بنکەیەکی ئاسمانی لە خەمیس مەشت و دامەزراوەکانی شاری یەنبەع، لە هەمان کاتدا دەسەڵاتدارانی سعودیە ڕایانگەیاندووە کە یەکێک لەو هێرشانە بووەتە هۆی برینداربوونی 13 هاوڵاتی مەدەنی.
تەکنەلۆجیا بۆ ئاشتی