ڕاستی ئەو ڤیدیۆیە چییە کە لەم دواییانەدا بڵاوکراوەتەوە، کە گوایە لە شاری ئیدلبی سوریا خەڵک دژی گرانی و برسێتی ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و دروشم دژی ئەحمەد شەرع دەڵێنەوە؟
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت "لە شاری ئیدلیبی سوریا کە بە پێگەی جەماوەری ئەحمەد شەرع ناسراوە، خەڵکی دژی گرانی و برسێتی ڕژانە سەر شەقامەکان و دروشم دژی شەرع دەلێنەوە".
ڕاستییەکە
ئەو گرتە ڤیدیۆییەی کە بڵاوکراوەتەوە و گوایە خەڵکی لە شاری ئیدلبی سوریا دژی گرانی و برسێتی ڕژانە سەر شەقامەکان و دروشم دژی ئەحمەد شەرع دەلێنەوە، کۆنە و نوێ نییە، دەرکەوت کە دەگەڕێتەوە بۆ خۆپیشاندانێک لە ساڵی 2024.
پلاتفۆرمی "تأكد" ڕاستی ڤیدیۆکەی ڕوون کردووەتەوە، بەپێی بەراوردکارییەکی بینراو لە نێوان گرتە بڵاوکراوەکە و کۆمەڵێک گرتەی تر کە لە 28ی حوزەیرانی 2024 لە شارۆچکەی بنش لە ڕیفی ئیدلب لە کاتی خۆپێشاندانێکدا بڵاوکراونەتەوە.
بەراوردکردنی وردەکارییەکانی دوو ڤیدیۆکە وەکو دەموچاوی ئەو کەسانەی لە پێشەوە و ڕیزەکانی یەکەمی خۆپێشاندانەکدا دەرکەوتوون بە تەواوی وەک یەکن، چ لە ڕووی ڕووخسار و شێوەی گشتییەوە، چ لە ڕووی شێواز و ڕەنگی جلوبەرگەکانیانەوە، ئەوەش دەیسەلمێنێت کە ڤیدیۆکە دەگەڕێتەوە بۆ هەمان خۆپیشاندان، واتا ئەو گرتە ڤیدیۆییەی کە بڵاوکراوەتەوە نوێ نییە وەکو بانگەشەی بۆ کراوە.

لەو کاتەدا لە خۆپیشاندانەکە، دروشمی دژ بە ئەحمەد شەرع کە پێش ڕوخانی ڕژێمی ئەسەد لە سوریا بە "ئەبو محەمەد جۆلانی" دەناسرا، بەرزکرایەوە و داوای ئازادکردنی دەستگیرکراوانی زیندانەکانی "دەستەی تەحریری شام" دەکرا.
بڵاوبوونەوەی ئەم ڤیدیۆیە دوای ئەوە دێت کە سوریا، لە 13ی ئەیلوولی 2026ەوە، شەپۆلێک خۆپێشاندانی جەماوەریی لە چەند پارێزگایەکدا بەخۆیەوە بینیوە، ئەوەش لەسەر پاشخانی بڕیاری حکومەت بۆ بەرزکردنەوەی نرخی بەرهەمە نەوتییەکان, ئەمەش یەکێکە لە فراوانترین شەپۆلەکانی ناڕەزایەتی کە ڕووبەڕووی حکومەتی سوریا دەبێتەوە لە دوای ئەو گۆڕانکارییە سیاسییەی کە وڵاتەکە لە کۆتاییەکانی ساڵی 2024دا بەخۆیەوە بینی.
وەزارەتی وزەی سوریا، ڕۆژی شەممە 12ی ئەیلوولی 2026، هەموارکردنەوەی نرخی بەرهەمە نەوتییەکانی ڕاگەیاند، و لێژنەی بەردەوام بۆ دیاریکردنی نرخی بەرهەمە نەوتییەکان ئاگاداریی نرخە نوێیەکانی لە هەمان ڕۆژدا دەرکرد، بەو مەرجەی جێبەجێکردنی نرخە نوێیەکان لە 13ی ئەیلوولی 2026ەوە دەست پێ بکات.
ئەمەش دوای ئەوەی وەزیری وزە، لە ڕێککەوتی 23ی حوزەیرانی 2026، بڕیاری ژمارە 844ی دەرکرد، کە تایبەت بوو بە پێکهێنانی لێژنەیەکی بەردەوام بۆ دیاریکردنی نرخی بەرهەمە نەوتییەکان، بەو مەرجەی لێژنەکە ئەرکی لێکۆڵینەوە لە نرخەکان بگرێتە ئەستۆ بەپێی نرخە جیهانییەکان، تێچوو، نرخ و ئاڵوگۆڕی دراو، پاڵپشتیی دارایی و هۆکارەکانی تر.
تەکنەلۆجیا بۆ ئاشتی