ڕاستی ئەو ڤیدیۆیە چییە کە بڵاوکراوەتەوە گوایە هێرشێکی ئەو دواییانەی حوسییەکان بۆ سەر بۆری نەوتی خاوی "رۆژهەڵات-رۆژئاوا" نیشاندەدات؟
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت "حوسییەکانی یەمەن شەوی رابردوو هێڵی بۆریی نەوتی خاوی "رۆژهەڵات-رۆژئاوا"یان لە سعودییە کردە ئامانج. بەوهۆیەوە دووکەڵێکی رەشی چڕ بە درێژایی نزیکەی 100کیلۆمەتر لەسەر رێڕەوی هێڵی بۆرییەکە بەرزبووەوە".
ڕاستییەکە
ئەو گرتە ڤیدیۆییەی بڵاوکراوەتەوە و گوایە هێرشی ئەم دواییانەی حوسییەکانە بۆ سەر هێڵی بۆری نەوتی (ڕۆژهەڵات-ڕۆژئاوا)، چەواشەکارانەیە، بەو پێیەی ڤیدیۆکە کۆنە و دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2022، کە هێرشێکی حوسییەکان نیشان دەدات بۆ سەر کۆگایەکی نەوتی کۆمپانیای «ئارامکۆ»ی سعودی لە جەددە لەو کاتەدا، نەک هێرشێکی تازە.
گەڕانی پێچەوانەمان ئەنجامدا بۆ چەند گرتەیەک لە ڤیدیۆکە، دەرکەوت کە پێشتر لەلایەن دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە بەرواری 26ی ئاداری 2022 بڵاوکراوەتەوە، کە هێرشێکی حوسییەکان بۆ سەر وێستگەیەکی دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی سەر بە کۆمپانیای نەوتی "ئارامکۆ" لە شاری جەددە نیشاندەدات، ئەمەش بووە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە دوو تانکی عەمبارکردن بەبێ ئەوەی هیچ بریندارێکی لێبکەوێتەوە.
بڵاوبوونەوەی ئەم گرتە ڤیدیۆییە دوای ئەوە دێت کە ڕۆژی پێنجشەممە 10ی ئەیلولی 2026، بۆری نەوتی ڕۆژهەڵات-رۆژئاوای سعودیە (پترۆلین) لە ناوچەکانی ڕیاز و مەدینە چەندین هێرشی کرایە سەر، ئەمەش وایکرد وەزارەتی وزەی سعودیە وەک ڕێکارێکی خۆپارێزی بەشێوەیەکی کاتی ئەو بۆرییە دابخات، وەزارەتەکە دووپاتی کردەوە کە هێرشەکان بووەتە هۆی برینداربوونی ژمارەیەک کەس، هاوکات تیمە فریاگوزاری و تەکنیکییە تایبەتمەندەکان دەستیان کرد بە دەستەبەرکردنی بۆرییەکە و هەڵسەنگاندنی سەلامەتی.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی سعودیە، بۆڕییەکان لەلایەن چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە کراوەتە ئامانج کە لە خاکی عێراقەوە هەڵدرابوون و هێرشەکان زیان و برینداری لێکەوتەوە. هەروەها ڕایگەیاند، بڕیاریدا لەم کاتەدا تۆڵە نەکاتەوە، ئەمەش لە وەڵامی داوایەکی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەوەی دەرفەتێک بدرێت بە حکومەتی عێراق بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ ڕێگریکردن لە هێرشەکان لە خاکی عێراقەوە بۆ سەر سعودیە و وڵاتانی دراوسێ.
لای خۆیەوە وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان لە 11ی ئەیلولی 2026 بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە، تیایدا حکومەتی عێراق ئیدانەی هێرشەکانی سەر سعودیەی کرد و ڕەتکردنەوەی هەر دەستدرێژییەک دووپاتکردەوە کە هەڕەشە لە ئاسایشی شانشینی سعودیە یان پەیوەندیی برایەتی نێوان هەردوو وڵات بکات، هەروەها سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ڕێنمایی کرد کە لێکۆڵینەوەی خێرا دەستپێبکرێت بۆ دەستنیشانکردنی بەرپرسان و ڕێکاری یاسایی لە بەرامبەر ئەو کەسانەی تێوەگلاون بگیرێتەبەر. عێراق دووپاتی کردەوە کە خاک و ئاسمانی وڵاتەکەی وەک شوێنی ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر هیچ وڵاتێک بەکارناهێنرێت، هەروەها پابەندە بە سیاسەتی دراوسێیی باش و ڕێزگرتن لە سەروەریی دەوڵەتەکان و پێشخستنی سەقامگیری ناوچەکە.
تەکنەلۆجیا بۆ ئاشتی