ڕاستیی ئەو ڤیدیۆیە چییە کە بڵاوکراوەتەوە گوایە سێ لیوای هێزێکی هاوپەیمانی سعودیە نیشاندەدات کە خۆیان رادەستی حوسییەکان دەکەن؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت "ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی حوسییەکانی یەمەن ئەم ڤیدیۆیەی بڵاوکردووەتەوە ئاماژەی بەوەکردووە، سێ لیوای هێزێکی هاوپەیمانی سعودییە خۆیان رادەستی هێزەکانیان کردووە".

ڕاستییەکە

ئەو گرتە ڤیدیۆییەی بڵاوکراوەتەوە گوایە سێ لیوای هێزێکی هاوپەیمانی سعودییە خۆیان رادەستی حوسییەکان دەکەن، چەواشەکارانەیە، بەو پێیەی دەركەوتووە کە ڤیدیۆکە دەگەڕێتەوە بۆ شوباتی 2026 و بڵاوکردنەوەی (هێزەکانی قەڵغانی وڵات) هێزی سەربازی حکومەتی یەمەن پیشان دەدات.

گەڕانی پێچەوانەمان ئەنجامدا بۆ چەند گرتەیەک لە ڤیدیۆکە، دەركەوت پێشتر لەلایەن هەژمارێک لەسەر پلاتفۆرمی فەیسبووک، لە 9ی شوباتی 2026 بڵاوکراوەتەوە. بڵاوکەرەوەکە لەگەڵ ڤیدیۆکە دەقێکی هاوپێچ کردووە کە وەرگێڕانەکەی بەم شێوەیەیە:

"هێزەکانی قەڵغانی وڵات یەکێکن لە پایە سەربازییەکان کە بۆ بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری و پاراستنی خاکی یەمەن لە هەر کەسێک کە هەوڵی تێکدانی ئاسایشی دەدات، دامەزراون. بڵاوکردنەوە و جێگیرکردنیان لە مەیدان، پەیامێکی ڕوونە کە دەوڵەت بە پیاوەکانییەوە ئامادەیە و پاراستنی نیشتمان بەرپرسیارێتییەکە کە هیچ جۆرە سستییەکی تێدا قبوڵ ناکرێت، پیاوانی قەڵغانی وڵات لە بەرەکانی پێشەوە وەستاون و بەرگری لە سەروەری و پاراستنی سەرچاوەکان دەکەن، بە شانازییەوە ئاڵای کۆماری یەمەنیان هەڵگرتووە، دووپاتی دەکەنەوە کە ئاسایشی نیشتمان هێڵی سوورە و یەمەن لەگەڵ پیاوە دڵسۆزەکانیدا بە شانازییەوە دەمێنێتەوە".

هەروەها بۆ پشتڕاستکردنەوەی دروستی ئەو بانگەشەیەی پەیوەندیدارە بە خۆڕادەستی‌کردنی سێ لەشکری تەواو لە گرووپە پەیوەستەکان بە عەرەبستانی سعودی، گەڕانمان کرد، بەڵام هیچ سەرچاوەیەکی فەرمیمان نەدۆزییەوە کە ڕاستی ئەم بانگەشەیە پشتڕاست بکاتەوە. هەروەها، لە کاتی گەڕان بە بەکارهێنانی وشە سەرەکییەکان لە وێبگەڕەکانی گەڕان، هیچ سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراومان نەدۆزییەوە کە پشتگیری لەم بانگەشانە بکات. هەروەها هیچ میدیایەکی جیهانیی باوەڕپێکراو ئەم هەواڵەی نەخستووەتە ڕوو.

لە بەرامبەردا، حکومەتی یەمەنی ناسراو لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە داڕمانی هێزەکانی ڕانەگەیاندووە، بەڵکو ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە هێزە حکومییەکان لە هەندێک شوێن کشاونەتەوە و ڕیزی خۆیان لە باشووری موخا ڕێکخستووەتەوە، بە مەبەستی ڕاگرتنی پێشڕەوی حوسییەکان بەرەو باب‌مەندەب. هەروەها، هێرشە ئاسمانییەکان و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دژی شوێنی حوسییەکان بەردەوام بوون.

لە نوێترین گەشەکاندا، حوسییەکان توانیویانە کۆنتڕۆڵی شاری موخا بکەن کە لەسەر کەناری دەریای سوورە، پێش ئەوەی هێزەکانیان بەرەو ذوباب و تەنگەی باب‌مەندەب پێشڕەوی بکەن. هەروەها، حوسییەکان گەیشتوونەتە دوورگەی میون (پریم)، کە لە ناوەڕاستی تەنگەکەدا هەڵکەوتووە.

ئەم پێشڕەوییە گرنگییەکی ستراتیژیی زۆری هەیە، چونکە تەنگەی باب‌مەندەب دەریای سوور بە کەنداوی عەدەنەوە دەبەستێتەوە و یەکێکە لە گرنگترین ڕێگاکانی بازرگانی و وزە لە جیهاندا. ڕۆیتەرز ڕایگەیاندووە کە کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەکە لەلایەن حوسییەکانەوە، نیگەرانییە نوێکان لەبارەی جووڵەی هاتووچۆی کەشتییە نێودەوڵەتییەکان دروست دەکات، بە تایبەتی لەگەڵ بوونی ئاڵۆزییە ناوچەییەکانی ئێستادا.