ڕاستی ئەو ڤیدیۆیە چییە کە بڵاوکراوەتەوە گوایە سعودیە سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی لە سنووری شاری مەککەی پیرۆز داناوە بەهۆی زیادبوونی هەڕەشەی حوسییەکانەوە؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت "بەهۆی پەرەسەندنی هەڕەشەی حوسییەکان، سعودییە لە سنوری شاری مەککەی پیرۆز، سیستەمی بەرگری ئاسمانی جێگیرکرد".

ڕاستییەکە

ئەو ڤیدیۆیەی کە بڵاوکراوەتەوە گوایە سعودیە سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی لە سنووری شاری مەککەی پیرۆز داناوە بەهۆی زیادبوونی هەڕەشەی حوسییەکانەوە لەم دواییانەدا، چەواشەکارانەیە، بەو پێیەی ڤیدیۆکە لە مانگی ئایاری 2026، لە ماوەی وەرزی حەجدا، بڵاوکراوەتەوە.

گەڕانی پێچەوانەمان ئەنجامدا بۆ چەند گرتەیک لە ڤیدیۆکە، دەرکەوت کە ڤیدیۆکە پێشتر لەلایەن وەزارەتی بەرگریی سعودیەوە، لە ڕێگەی هەژمارە فەرمییەکەی لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس لە 23ی ئایاری 2026 بڵاوکراوەتەوە. ڤیدیۆکە بڵاوکردنەوەی سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی نیشان دەدات، بۆ پاراستنی ئاسمان و دڵنیابوون لە سەلامەتی حاجییان لە ماوەی وەرزی حەجدا.

دووبارە بڵاوکردنەوەی ئەم گرتە ڤیدیۆییە دوای ئەوە دێت کە وتەبێژی هێزەکانی هاوپەیمانی بۆ پشتیوانی لە شەرعیەت لە یەمەن، لیوا تورکی ئەلمالیکی، لە 16ی ئەیلولی 2026، ڕایگەیاند کە بەرگرییە ئاسمانییەکانی سعودیە، لە 15ی ئەیلولی 2026، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانیان لەناو بردووە لە باشووری مەککە کە لەلایەن گروپی حوسییەکانەوە هەڵدرابوو، پێش ئەوەی بتوانێت بچێتە ناو ئاسمانی قەدەغەکراوی شارەکە، ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە ڕێگریکردنەکە لە دەوروبەری کاتژمێر 6:50 خولەکی ئێوارە بە کاتی سعودیە ئەنجامدراوە.

لای خۆیەوە عەمید یەحیا سەریع، وتەبێژی فەرمیی هێزە چەکدارەکانی یەمەن کە سەر بە حوسییەکانە، لە بەیاننامەیەکدا کە لە 16ی ئەیلوولی 2026دا بڵاوکراوەتەوە، ڕاستی ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە، و ڕایگەیاند کە هیچ مەترسییەک لە یەمەنەوە بۆ سەر شوێنە پیرۆزەکان نییە، و ڕوونیکردەوە کە ئۆپەراسیۆنەکانی گروپەکە دامەزراوە نەوتییەکان و بنکە سەربازییەکانی سعودیە دەکەنە ئامانج نەک شوێنە پیرۆزەکان.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز کە لە 16ی ئەیلولی 2026 بڵاویکردۆتەوە، سعودیە ڕایگەیاندووە، کە هاوپەیمانان لەماوەی ئەم هەفتەیەدا نزیکەی 450 هێرشی ئاسمانییان بۆسەر پێگەکانی حوسییەکان لە یەمەن ئەنجامداوە، هاوکات حوسییەکانیش بە هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان وەڵامیان داوەتەوە ناو خاکی سعوودیەیان کردۆتە ئامانج.

هەروەها حوسییەکان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕایانگەیاندووە کە هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان کردۆتە سەر شوێنەکانی سعودیە، لەوانە بنکەیەکی ئاسمانی لە خەمیس مەشت و دامەزراوەکانی شاری یەنبەع، لە هەمان کاتدا دەسەڵاتدارانی سعودیە ڕایانگەیاندووە کە یەکێک لەو هێرشانە بووەتە هۆی برینداربوونی 13 هاوڵاتی مەدەنی.