ڕاستی ئەو هەواڵە چییە کە بڵاو کراوەتوە کە باس لە قەدەغەکردنی دروشمی "مەرگ بۆ ئەمریکا" و قەدەغەکردنی دڕاندنی ئاڵای ئەمریکا لە ناوخۆی ئێران دەکات؟
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە کە دەڵێت "دروشمی مەرگ بۆ ئەمریکا لە ئێران قەدەغە کرا".
ڕاستییەکە
ئەو هەواڵانەی باس لە ڕاگەیاندنی قەدەغەکردنی دروشمی "مەرگ بۆ ئەمریکا"، یان دڕاندنی ئاڵای ئەمریکا دەکەن لە ناوخۆی ئێران، هەواڵێکی ساختەیە.
لە کاتی گەڕان بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو بانگەشەیە، هیچ سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراومان نەدۆزیەوە کە ڕاستی ئەو هەواڵە بسەلمێنێت، بەو پێیەی هیچ دەزگایەکی ڕاگەیاندنی ئێرانی یان نێودەوڵەتی باسی هەواڵی هاوشێوەیان نەکردووە، هەروەها لە کاتی گەڕان لە وێبگەڕەکانی گەڕان بە بەکارهێنانی وشەی سەرەکی بە هەردوو زمانی عەرەبی و فارسی هیچ سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراومان نەدۆزییەوە کە ڕاستی ئەو هەواڵە بسەلمێنێت.
لای خۆیەوە ناوەندی "ڕاگەیاندنی میزان"ی سەر بە دەسەڵاتی دادوەری ئێران لە بەیاننامەیەکدا کە لە 25ی حوزەیرانی 2026 بڵاوکراوەتەوە، ڕەوایەتی ئەو هەواڵانەی ڕەتکردەوە کە باس لە قەدەغەکردنی وتنەوەی دروشمی دژە ئەمریکا یان سووتاندنی ئاڵای ئەمریکا لەکاتی گردبوونەوەکاندا دەکەن.
لێکتێگەیشتنەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران لەبەر ڕۆشنایی دووبارەبوونەوەی ڕووبەڕووبوونەوە سەربازییەکان لە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی قورسدایە. لە 26ی حوزەیرانی 2026، ئەمریکا ڕایگەیاند کە هێرشیان ئەنجامداوە بۆ سەر چەند شوێنێکی سەربازی ئێران، ئەمەش پشتڕاستیکردەوە کە لە وەڵامی هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا هاتوون کە کەشتییەکی بازرگانی لە گەرووی هورمز کردە ئامانج. لە بەرامبەردا ئێران واشنتۆنی بە پێشێلکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن تۆمەتبار کرد و پەیمانیدا کە وەڵام بداتەوە.
تاران ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای بە پێشێلکردنی ڕێککەوتننامەی ئاگربەستی کاتی تۆمەتبار کرد و هێرشەکانی ئەمریکای بە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان وەسف کرد و مافی وەڵامدانەوەی خۆی دووپاتکردەوە، سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند کە هەر هێرشێکی دیکەی ئەمەریکا بە وەڵامدانەوە ڕووبەڕووی دەبێتەوە، و پشتڕاستی کردەوە کە هێرشەکان ئەو شوێنانەیان کردۆتە ئامانج کە بە "ئامانجەکانی ئەمریکا" وەسفی کردووە.
ئەمریکا و ئێران لەم دواییانەدا گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنی سەرەتایی، بەڵام هێشتا نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتنی کۆتایی، دانوستانە بەردەوامەکان تیشک دەخەنە سەر کۆمەڵێک بابەتی سەرەکی، بە پلەی یەکەم بەرنامەی ئەتۆمی ئێران و ڕێگاکانی کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان هەردوولا.
دیارترین خاڵەکانی لێکتێگەیشتن کە تا ئێستا ڕاگەیەندراون بریتین لە ئاگربەست و کەمکردنەوەی توندوتیژی، لەگەڵ بەردەوامی دانوستانەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی هەمیشەیی، هاوکات لەگەڵ بەردەوامی وتووێژ لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی ئێران، لەوانە سنووردارکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم و میکانیزمەکانی چاودێری نێودەوڵەتی.
هەروەها لێکتێگەیشتنەکان بریتین لە کەمکردنەوەی هەندێک لەو سزایانەی کە ئەمریکا بەسەر ئێراندا سەپاندوویەتی، لە بەرامبەردا تاران بەڵێننامە ڕێککەوتووەکان جێبەجێ بکات، هاوکات لەگەڵ ئازادکردنی بەشێک لە سەروەت و سامانی بلۆک کراوی ئێران لە دەرەوەی وڵات، هەروەها کارکردن بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز کە یەکێکە لە گرنگترین ڕێگاکانی هەناردەکردنی نەوت لە جیهاندا.
سەرەڕای ئەو پێشکەوتنانەی کە لە دانوستانەکاندا بەدەست هاتوون، چەند پرسێکی هەڵپەسێردراو ماون کە ڕێگری دەکەن لە گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی، دیارترینیان ئاستی ڕێگەپێدراوی پیتاندنی یۆرانیۆمە بۆ ئێران، میکانیزمی هەڵگرتنی سزاکانی ئەمریکا، ڕێکارەکانی پشتڕاستکردنەوە و چاودێری نێودەوڵەتی، هەروەها کۆمەڵێک فایلی ئەمنی و ناوچەیی کە هێشتا هەردوولا ناکۆکن لەسەری.
- لينك 1
- لينك 2
- لينك 3
- لينك 4
- لينك 5
- لينك 6
- لينك 7
- لينك 8
- لينك 9
- لينك 10
- لينك 11
- لينك 12
- لينك 13
- لينك 14
- لينك 15
- لينك 16
تەکنەلۆجیا بۆ ئاشتی