ڕاستی ئەو وێنەیە چییە هاوسەرگیری کچێک نیشان دەدات کە خاوەنی دوو سەری لکاوە بە یەک جەستەوە؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وێنەیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت "بەیەکجار هاوسەرگیری لەگەڵ دووانەیەکی بەیەکەوە لکاو کرد".

ڕاستییەکە

ئەو وێنە بڵاوکراوەیە ساختەیە، وێنەی هاوسەرگیری کەسێک لەگەڵ کچێک کە خاوەنی دوو سەری لکاوە بە یەک جەستەوە، بە یەکێک لە پرۆگرامەکانی زیرەکیی دەستکرد دروستکراوە، و لەم دواییانەدا هیچ حاڵەتێکی هاوسەرگیری لەم شێوەیە تۆمار نەکراوە.

لە کاتی پشکنینی وێنەکە بە ئامرازی تایبەت وەکو ماڵپەڕی Sightengine و Hive Moderation، دەرکەوت کە وێنەکە ساختەیە و بە ڕێژەیەکی بەرز بە تەکنیکی زیرەکیی دەستکرد دروستکراوە.

لە کاتی گەڕان بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە بەکارهێنانی وشە سەرەکی لە وێبگەڕی "گوگڵ"، هیچ سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو نەدۆزرایەوە کە پشتگیری لەم بانگەشەیە بکات، هەروەها هیچ دەزگایەکی میدیایی جیهانی ئەم هەواڵەی بڵاونەکردووەتەوە.

هەندێک جار زیرەکیی دەستکرد بەکاردەهێنرێت بۆ دروستکردنی وێنە و ڤیدیۆی چەواشەکارانە بە مەبەستی وروژاندن و بڵاوکردنەوەی زانیاریی نادروست، کاتێک لەلایەن تیمی تەکنەلۆجیا بۆ ئاشتی پشتڕاستکردنەوەی بۆ کراوە دەرکەوتووە کە ڕاستەقینە نین.