ڕاستی ئەو ڤیدیۆیە چییە کە بڵاوکراوەتەوە کە گوایە تیمساح لە شاری ناسریە لە پارێزگای زی قار نیشان دەدات؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت "بە ڤیدیۆ؛ دەرکەوتنی دوو تیمساح لە ئەھوارەکانی ناسرییە".

ڕاستییەکە

ئەو ڤیدیۆیەی کە گوایە تیمساح لە شاری ناسریە لە پارێزگای زی قار نیشان دەدات، ساختەیە، بەو پێیەی دەرکەوت کە ڤیدیۆکە لە مەکسیک تۆمارکراوە و هیچ پەیوەندییەکی بە عێراقەوە نییە.

گەڕانی پێچەوانەمان ئەنجامدا بۆ چەند گرتەیەک لە ڤیدیۆکە، دەرکەوت کە پێشتر بڵاوکراوەتەوە و دەگەڕێتەوە بۆ شاری پویبلا لە مەکسیک، کە دوو تیمساح نیشاندەدات کە لە یەکێک لە کەناڵە ئاوییەکانی ئەو شارەدا دەپەڕنەوە، هەروەها گرتەیەکی شاشەمان لە ڤیدیۆکە دۆزییەوە، کە لە 8ی شوباتی 2026 بڵاوکراوەتەوە، لەگەڵ ئەم دەقەی خوارەوە:

"ئاگادارکردنەوە: دانیشتوانی ناوچەی پویبلا، لەکاتی ڕۆیشتنیان بەدرێژایی کەناڵی ئاوەڕۆ لە ناوچەی ئێجیدۆ پویبلا، تیمساحی زەبەلاحیان لەناو ئەم کەناڵەدا بینی، هەربۆیە زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدرا بۆ ئاگادارکردنەوەی دراوسێکان. پێشنیار دەکەین کە زۆر ئاگاداری ئاژەڵە ماڵیەکان و منداڵەکانتان بن لە ناوچەکانی دەوروبەری."

بۆیە ئەو گرتە ڤیدیۆییە ناگەڕێتەوە بۆ شاری ناسریە و هیچ پەیوەندییەکی بە عێراقەوە نییە، وەک لە پۆستە ساختەکەدا هاتووە.

شایانی باسە کە پۆستی لەو جۆرە جار جارە ڕوودەدەن، کە ڤیدیۆ و وێنە و هەواڵی وڵاتانی دیکە بڵاودەکرێنەوە و گوایە دەگەڕێتەوە بۆ عێراق.

نموونەی ئەم پۆستانەش، ڤیدیۆیەک کە گوایە بە کردنەوەی بەنداوەکانی تورکیا و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی ڕووباری دیجلە نیشاندەدات، کە دواتر دەرکەوت ڤیدیۆکە کۆنە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2025 کە بەنداوی مەنگالا نیشاندەدات.

هەروەها ڤیدیۆیەکی دیکەش بڵاوکرایەوە کە گوایە شۆفێرێکی ماتۆر بە شێوەیەکی نائاسایی یارمەتی نەخۆشێک دەدات لە نەخۆشخانەیەکی عێراق، بەڵام دواتر دەرکەوت کە ڤیدیۆکە لە کەرتی غەززەیە نەک عێراق.