ڕاستی ئەو لێدوانە چییە کە خراوەتە پاڵ باسم بەدری سەبارەت بە دابەشنەکردنی مووچە بەسەر کورددا؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت "باسم بەدری:مووچەی کورد نادەم، عێراق مەجبوور نییە کورد بەخێو بکات".

ڕاستییەکە

ئەو لێدوانەی کە خراوەتە پاڵ باسم بەدری کە گوایە گوتوویەتی موچەی کورد نادەم، عێراق مەجبوور نییە کورد بەخێو بکات، ساختەیە.

لە کاتی گەڕان بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە بە بەکارهێنانی وشەی سەرەکی لە وێبگەڕەکانی گەڕان، هیچ سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو نەدۆزرایەوە کە پشتگیری ئەم بانگەشەیە بکات، هەروەها هیچ دەزگایەکی ڕاگەیاندنی ناوخۆیی هەواڵی هاوشێوەی نەگواستوەتەوە.

بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە ساختەیە دوای ئەوە دێت کە عەباس عامری ئەمینداری گشتی چوارچێوەی هەماهەنگی لە عێراق دێت لە بەرواری 20ی نیسانی 2026 ڕایگەیاند، کە بڕیاری دەستنیشانکردنی کاندید بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران دواخراوە بۆ ڕۆژی چوارشەممە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ڕاوێژکارییەکانی نێوان هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بەردەوامە.

بەگوێرەی ماڵپەڕە هەواڵییەکان، چوارچێوەی هەماهەنگی کە ئەو بلۆکەیە کە زۆرترین ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی لەخۆگرتووە، بەرەو ڕێککەوتن دەڕوات بۆ هەڵبژاردنی بەسیم بەدری بە زۆرینەی دوو لەسەر سێ، بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق.

ئەمەش دوای ئەوە دێت کە نزار ئامیدی لە 11ی نیسانی 2026 بە سەرۆکی وڵات هەڵبژێردرا، ئەمەش وادەی دەستووری بۆ ڕاسپاردنی کاندیدی گەورەترین بلۆکی پەرلەمانی بۆ پێکهێنانی حکومەت کارا دەکات.

لە ماددەی (76)ی دەستووری عێراقدا هاتووە کە سەرۆک کۆمار لە ماوەی 15 ڕۆژ لە بەرواری هەڵبژاردنی خۆیەوە ئەرکی پێکهێنانی ئەنجوومەنی وەزیران بە کاندیدی گەورەترین بلۆکی دەسپێرێت.