ڕاستی هەواڵی داخستنی گۆڕەپانی تەحریر لە ناوەڕاستی بەغدای پایتەخت چییە؟
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە کە دەڵێت "بەغدا، بەپەلە هەموو ئەو ڕێگایانەی بەرەو ساحەی تەحریر ئەچن، داخران".
ڕاستییەکە
ئەو هەواڵە ساختەیە، داخستنی گۆڕەپانی تەحریر یاخود ئەو ڕێگایانەی کە بۆی دەچن دوورە لە راستییەوە.
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا، ڕۆژی سێشەممە 4ی شوباتی 2025، ئەو هەواڵە ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند، ئەو ڕێگایانەی بەرەو گۆڕەپانی تەحریر دەچن، کراونەتەوە و دەنگۆی داخستنیان دوورە لە راستییەوە.
سەرۆکی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی، لیوا سەعد مەعن، لە ڕێگەی گرتەیەکی ڤیدیۆییەوە کە لە ناوەڕاستی گۆڕەپانی تەحریرەوە تۆماری کردووە، هەواڵی داخستنی ڕەتکردەوە، هەروەها لەلایەن بەشی بەرەنگاربوونەوەی دەنگۆ لە وەزارەتی ناوخۆ پشتڕاستکرایەوە کە دانەخراوە.
بە بەدواداچوونی هاتوچۆ لەسەر ئەو ڕێگایانەی کە دەچنە گۆڕەپانی تەحریر لە ڕێگەی یەکێک لە ئەپڵیکەیشنەکانی نەخشە، دەرکەوت کە ڕێگاکان کراوەن و دانەخراون.
ئەم هەواڵە دوای چەند کاتژمێرێک دێت لە داوای سەرۆکی هاوپەیمانی پێشکەوتن و سەرۆکی پێشووی پەرلەمان (محەمەد حەلبوسی) کە داوای خۆپیشاندانی بەرفراوان دەکات وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە هەڵپەساردنی یاسای لێبوردنی گشتی.
حەلبوسی لە پۆستێکدا لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆرمی ئێکس وتی
: پێشتر ئەوەمان وتووە و دووبارەی دەکەینەوە، کە یاسای لێبوردن کە دەرچووە تەنها بۆ دابینکردنی دادپەروەرییە بۆ بێتاوان و ستەملێکراوان، و ئێمە قبوڵی ناکەین تیرۆر دووبارە دەرچێتەوە کە بەدستیەوە دەمان ناڵاند، بەڵام ئێمە قبوڵ ناکەین کە دادگای فیدراڵی (نادەستووری) بە سیاسی بکرێت، و یاساکان پشتگوێ بخرێن و فەرمانی نادادپەروەرانەی دەوڵەتی خۆی لە دژی بێتاوان و ستەملێکراوەکان دەربکات".
ئاماژەی بەوەشدا
: "ئێمە ڕووبەڕووی بڕیاری ڕاگرتنی جێبەجێکردنی یاسای لێبوردن دەبینەوە بە هەموو ڕێگایەکی یاسایی، هەروەها داوای خۆپیشاندانی بەرفراوان دەکەین و بناغەکانی نادادپەروەری دەهەژێنن و ڕەتکردنەوەی دەسەڵاتی دادوەری جاسم عەبود ئەلعمێری بەسەر دەسەڵاتداران ڕادەگەیەنین، و کار لەسەر بایکۆتێکی هەمەلایەنە و تەواو دەکەین بۆ هەموو ئەو دامودەزگا و چالاکیانەی کە ڕێز لە ئیرادەی خەڵک و ڕێککەوتنەکانی نێوان پێکهاتەکانی ناگرن".
لە وەڵامی دادگای فیدراڵیدا کە ڕۆژی سێشەممە فەرمانی فیدراڵی دەرکرد بۆ ڕاگرتنی جێبەجێکردنی یاساکانی لێبوردنی گشتی و باری کەسی و گەڕانەوەی موڵک و ماڵ".
عێراق یاسای لێبوردنی گشتی پەسەند کرد
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە دانیشتنێکی چارەنووسسازدا کە ڕۆژی سێشەممە 21ی کانوونی دووەمی 2025بەڕێوەچوو، سێ یاسای گرنگ و مشتومڕاوی پەسەند کرد کە بریتین لە یاسای لێبوردنی گشتی، یاسای باری کەسی، و یاسای گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵی زەوتکراو یاخود دەستبەسەرداگیراو، دوای شەڕێکی درێژخایەن و سەخت.
یاساکە باس لەوە دەکات کە لێبوردنی گشتی بۆ ئەو کەسانەیە کە لە حاڵەتی دیاریکراودا سزا دراون، جگە لە تاوانە گەورەکانی وەک کوشتن، تیرۆر، بازرگانیکردن بە ئەندامی مرۆڤ، ماددە هۆشبەرەکان، دزی و بازرگانیکردن بە کەلوپەلی مێژووی و تاوانەکانی پەیوەست بە بەفیڕۆدان و دزینی پارەی گشتی، بەمەرجێک پارە دزراوەکە بە تەواوی بگەڕێندرێتەوە، لەگەڵ تاوانەکانی وەک زینای مەحارم، بەپێی ئاژانسی هەواڵی عێراقی کە لە بەرواری 22ی کانوونی دووەم بڵاویکردووەتەوە، لە ئەندامێکی لیژنەی یاسایی پەرلەمان، محەمەد عەنوز، کە ڕوونیکردووەتەوە:
"یاسای لێبوردنی گشتی بە واتای" پێداچوونەوە بە سزاکان" دێت نەک لێبوردن".
پەسەندکردنی ئەم یاسایە لەلایەن "کوتلە سونەکان" لە ئەنجومەنی نوێنەران پێشوازی لێکرا، هاوکات ژمارەیەک لە ئەندامان ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر بە میکانیزمی دەنگدان کە بووە هۆی دەرکردنی سێ یاسا مشتومڕاوییەکە، ئەوەش بەپێی ئەوەی ماڵپەڕی ئەلحوڕە بڵاویکردووەتەوە.
پەرلەمانتار نور نافع هێرشی کردە سەر دانیشتنەکە و بە "مەسخەرە" وەسفی کرد.
نافع لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی "X" ڕایگەیاند کە:
"پەرلەمانتاران دەستیان بەرز نەکردەوە و دەنگ لەسەر هەموارکردنەکان تێپەڕێندرا".
لای خۆیەوە مەحمود مەشهەدانی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە لەگەڵ ژمارەیەک نوێنەری سوننە بەڕێوەچوو ڕایگەیاند:
"ئەنجومەن دەنگی لەسەر یاسای گرنگ دا، و یاسای لێبوردنی گشتی بە هاوکاری نوێنەرانی سەرجەم کوتلە و پێکهاتەکان دەرکرا".
بە ئاماژەدان:
"یاسا دادپەروەری بەرامبەر ستەملێکراوان دەکات و مافەکانیان دەستەبەر دەکات".
ئەلمەشهەدانی پشتڕاستی کردەوە کە:
"پەسەندکردنی یاسای لێبوردنی گشتی نوێنەرایەتی پەیامێکی ئەرێنی دەکات بۆ ئەو پێکهاتەیەی کە هەست بە ستەم دەکات بەهۆی بارودۆخی ئەمنی وڵاتەکە."