ڕاستی خانەنشین بوونی تەیف سامی وەزیری دارایی چییە؟
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە کە دەڵێت "دوژمنە سەرسەختەكەی مووچەی خەڵكی كوردستان خانەنشین بوو تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق بەهۆی ئەوەی تەمەنی بۆتە ٦٢ ساڵ و بڕیاری خانەنشینی بۆ ٦٠ ساڵ دەرچووە، تەیف خانەنشین دەبێت".
ڕاستییەکە
ئەو هەواڵە نادروستە، بەو پێیەی تەیف سامی بەردەوامە لە کارەکانی وەک وەزیری دارایی لە حکومەتی فیدراڵی و هیچ ڕاستیەک بۆ خانەنشین بوونی نییە، تا کاتی نووسینی ئەم پۆستە.
هەرچەندە ئەو هەواڵەی بڵاوکراوەتەوە نادروستە، بەڵام بەپێی یاسای خانەنشینی، تەمەنی یاسایی بۆ خانەنشینی 60 ساڵە بەبێ گوێدانە ماوەی خزمەتکردن، تەیف سامی تەمەنی 62 ساڵە، و لەدایکبوی ساڵی 1963یە، گەیشتووەتە تەمەنی خانەنشینی و یاسای خانەنشینی پۆستی وەزیر لە بڕیارەکانی بەدەر ناکات.
تەیف سامی و مووچەی هەرێم
ناوی تایف سامی وەزیری دارایی بەستراوەتەوە بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ڕووبەڕووی قەیرانی یەک لە دوای یەک بوونەتەوە، ئەمەش وایکردووە لە ئەنجامی دواکەوتنی خەرجکردنی مووچە و جێبەجێکردنی پاشەکەوتی ناچاری مووچەی فەرمانبەران کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چەندین ساڵ پەیڕەوی کرد، ئیفلیجی تەواو لە بازاڕەکاندا دروستببێت، دوای ئەوەی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی پێشوو سیاسەتی "دەستگرتنەوە"ی گرتەبەر، جگە لە ناکۆکی دارایی لە نێوان بەغدا و هەولێر، قەیرانێکی گەورە و خنکێنەری لێکەوتەوە.
لە مانگی شوباتی 2024، دادگای باڵای فیدراڵی حکومەتی بەغدای پابەند کرد بە پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ، بەبێ ناردنی بۆ دەسەڵاتی هەرێم، ئەمەش لە کاتێکدایە کە چەند مانگێک لە ڕادەستکردنی بەشێکی مووچەی فەرمانبەران دواکەوتووە.
سەرەڕای فەرمانی دادگای فیدراڵی بەڵام حکوومەتی هەرێم سوورە لەسەر خۆجێیی کردنی موچە لە پرۆژەی هەژماری من، کە کۆمەڵێک بانک لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەخۆ دەگرێت.
سەرەڕای سەردانی هاوبەشی شاندە سیاسی و تەکنیکییەکان، پرسی مووچەی فەرمانبەران هێشتا چەندین ئاڵۆزی و کێشەی کارگێڕی و یاسایی لەخۆدەگرێت.