ئایا ڕاستە مەفرەزەکانی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و لیوای 23ی پیادە لە تارمیە ڕووبەڕووی هێرشێکی تیرۆریستی بوونەتەوە؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە کە دەڵێت "دەنگۆی هێرشێکی تیرۆریستی هەیە کە بە ئامانجگرتنی هێزە ئەمنییەکان لەسەر ڕێگای شەت لە تارمیە و کوژرانی ژمارەیەک ئەندام و ئەفسەر".

ڕاستییەکە

ئەو هەواڵە ساختەیە، بەو پێیەی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی ئەو هەواڵەی ڕەتکردەوە، و لەڕێگەی بەیاننامەیەکی فەرمی کە لە هەژماری فەرمییان لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس بڵاوکراوەتەوە ڕوونیکردووەتەوە، کە ڕووداوەکە پەیوەندی بە تەقینەوەی کۆمەڵێک تەقەمەنی کۆنەوە هەیە لە ناوچەی ئەلبوغەنتوس لە قەزای تارمیە لە باکووری بەغدا.

بەیاننامەکە دەڵێت: 

"ڕووداوەکە لە کاتێکدا ڕوویداوە کە مەفرەزەکانی خزمەتگوزاری ئاسایشی نیشتمانی، بە هاوکاری لیوای 23ی پیادەی سوپای عێراق، ئۆپەراسیۆنێکیان ئەنجامدا بۆ ئاشکراکردنی کۆگای تەقەمەنی لەسەر بنەمای زانیاریی هەواڵگری دروست، لە ئەنجامدا بەهۆی هەڵەیەکی تەکنیکی لە دەرەوەی ڕێکارە پەسەندکراوەکان، کۆگاکە تەقیەوە، لە ئەنجامدا سێ ئەفسەر شەهیدبوون و چوار ئەندامی دیکە برینداربوون، لێژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکهێنراوە بۆ دیاریکردنی هۆکارەکانی کارکردن لە دەرەوەی ڕێکارە پەسەندکراوەکان، چونکە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو جۆرە کەیسانە لە ئەستۆی بەشی ئەندازیاری سەربازیدایە".

لە تۆمارێکی دەنگیدا، لیوا سەعد مەعن ڕوونیکردەوە کە ڕووداوەکە بەهۆی هەڵەیەکی تەکنیکی بووە لە کۆمەڵێک تەقەمەنی کۆن کە داعش بەجێی هێشتووە، جەختیشی لەوە کردەوە کە هیچ هێرش و پێکدادانێکی چەکداری ڕووی نەداوە.

دوای پشکنینی سەرچاوە ئەمنییەکان، هیچ ڕاگەیاندنێکی فەرمی سەبارەت بە هەواڵی هێرشە تیرۆریستییەکەی تارمیە نەدۆزرایەوە، هەروەها دیارترین دەزگا ناوخۆییەکان هیچ زانیارییەکیان لەو بارەیەوە بڵاونەکردوەتەوە، جگە لەوەش لە ڕێگەی وێبگەڕی (گوگڵ) گەڕانێکمان ئەنجامدا بە بەکارهێنانی فلتەری ئەنجامەکان بۆ 24 کاتژمێری ڕابردوو، و هیچ زانیارییەک لەبەردەستدا نەبوو کە پشتگیری ئەم ئیدیعایە بکات.

هەروەها شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی داوای لە هاووڵاتیان و میدیاکان کردووە کە پشت بە سەرچاوە فەرمییەکان ببەستن بۆ گواستنەوەی هەواڵ و دوورکەوتنەوە لە بڵاوکردنەوەی زانیاری باوەڕپێنەکراو کە دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی سەرلێشێواوی.