ڕاستی پشت ئەو وێنەیە چییە کە کچێکی تەمەن 9 ساڵ لە عێراق هاوسەرگیری لەگەڵ پیاوێکی تەمەن 30 ساڵ کردووە؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وێنەیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت "هاوسەرگیری لەگەڵ کچێکی 9 ساڵ دەکات".

ڕاستییەکە

ئەو دەنگۆیانەی باس لە ڕووداوەکە دەکەن ڕاست نییە، و لە عێراقیش نییە.

ئەوەمان پشتڕاستکردەوە لە ڕێگای پشکنینی ڤیدیۆیەک، کەتێبینیمان کرد ئەو ئۆتۆمبێلەی لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت تابلۆی لیبیای لەسەرە، ئەمەش ڕاستی ئەو ئیدیعایەی هاوپێچی پۆستەکە کراوە کە گوایە ڕووداوەکە لە عێراق ڕوویداوە، ڕەتدەکاتەوە.

بۆ زانینی ڕاستی ڕووداوەکە، هەستاین بە پەیوەندیکردن بەو کەسەی لەگەڵ منداڵەکە دەردەکەوێت، کە ناوی (مەحمود وەرفەلی)ە، ڕەتیکردەوە کە هاوسەرگیری لەگەڵ ئەو منداڵە کردبێت کە لە وێنەکە لەگەڵی دەرکەوتووە، ڕوونیکردەوە کە "کچی برایەتی" و خەڵکی لیبیایە.

وەرفەلی ڤیدیۆیی ڕێکخراوێکی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی بۆ دابین کردین کە ڕاستی ڕووداوەکە ڕووندەکاتەوە، بەو پێیەی لە ڤیدیۆکە وێنەی تری وەرفەلی تێدایە لەگەڵ کچەکە و ڤیدیۆکە ڕەتکردنەوەی هەواڵەکەی تێدابوو.

ئەو گەنجە لە 17ی کانوونی دووەمی 2025 لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ڤیدیۆکەی بڵاوکردوەتەوە لەگەڵ دەقێک کە دەڵێت "ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە لە وڵاتی خۆشەویستم لیبیا پەیج هەیە کە ئەو هەواڵە ناڕاستانە ڕەتدەکەنەوە کە بۆ چەواشەکردنی هاووڵاتیان بڵاودەکرێنەوە".، ئەوەش بە بڵاوکردنەوەی ئەو ڕەتکردنەوەی لەلایەن "هي تتحقق" کە تایبەتە بە پشکنینی ڕاستییەکان، ئەوەش بەپێی ئەو ڕەتکردنەوەی کە بۆی دابینکردووە.

 هەروەها سەنتەری پشکنینی ڕاستییەکانی ئاسپێر لە 14ی کانوونی دووەمی 2025 ڕاستی ئەو پۆستەی ڕوونکردوەتەوە، هەروەها لە 15ی کانوونی دووەمی 2025 جارێکی دیکە ئەو هەواڵەی ڕەتکردوەتەوە و پشتڕاستیکردەوە کە ئەو کچە برازایەتی.

هاوسەرگیری منداڵ لە عێراق

لە دەوروبەری ناوەڕاستی ساڵی ڕابردوو، پەرلەمانتار (رائید مالیکی) پێشنیارێکی پێشکەش کرد بۆ هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی ژمارە (188)ی ساڵی 1959، کە بووە هۆی مشتومڕ لە شەقامی عێراقی لەنێوان ئەو کەسانەی پشتگیریان لە هەموارکردنەکە کردووە و ئەوانەی دژایەتیان کردووە.

ئەمەش بووەتە هۆی نیگەرانی ڕێکخراوەکانی خێزان و منداڵان سەبارەت بە تەمەنی هاوسەرگیری بۆ مێینەکان و مافی جیابوونەوەی ژنان و سەرپەرشتیکردنی منداڵان.

ئەمەش بووە هۆی ڕاگەیاندنی پێکهێنانی هاوپەیمانییەک بە ناوی (188) بۆ بەرگریکردن لە یاسای باری کەسی، کە چەندین چالاکوان و زۆرێک لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و لایەنە سیاسییەکانیش لەخۆدەگرێت، ناڕەزایەتییەکی زۆریش لە چەند پارێزگایەکی عێراق ئەنجامدرا بۆ ڕەتکردنەوەی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی.

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە 4ی ئابی 2024 خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پێشنیاری هەمواری یاساکە تەواو کرد و لە 16ی ئەیلولی 2024 خوێندنەوەی دووەمی تەواو کرد.

جێگای باسە کە لە کارنامەی دانیشتنی ژمارە (3)ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ڕۆژی سێشەممە 21ی کانوونی دووەمی 2025، دەنگدان لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی ژمارە 188ی ساڵی 1959 بۆ مادەکانی (2، 10) لەخۆدەگرێت.