ڕاستی بلۆک کردنی هەژماری بازرگانی ئەمریکی ئیلۆن مەسک لەلایەن سەرۆک وەزیرانی کەندا چییە؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە کە دەڵێت "جەستن ترۆدۆ سەرۆک وەزیری پێشووی کەنەدا لەتویتەر ئیلۆن مەسکی بلۆک کرد ئیلۆن مەسک شێری کردووە نوسیویەتی منداڵێکی گەورەیت".

ڕاستییەکە

ئەو ئیدیعایە بڵاوکراوەتەوە ساختەیە، بەو پێیەی ئیلۆن مەسک پۆستی هاوشێوەی بڵاونەکردوەتەوە، هەروەها ئەو هەژمارەی پۆستەکەی بڵاوکردووەتەوە گاڵتەجاڕانەیە، و هەژماری فەرمی ئیلۆن مەسک نییە.

بە گەڕانەوە بۆ هەژماری فەرمی ئیلۆن مەسک پۆستی هاوشێوەمان نەدۆزییەوە، هەروەها ئەو هەژمارەی ئەو پۆستەی کردووە گاڵتەجاڕانەیە وەکو لە ناوەکەی ئاماژەی پێدراوە "(Elon Musk (parody" واتای Parody بە کوردی دەبێتە "گاڵتەجاڕانە".

بڵاوکردنەوەی ئەو پۆستە گاڵتەجاڕانەیە لەو هەژمارە دوای ئەوەدێت، کە سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ دەستی کرد بە بڵاوکردنەوەی پۆست و ئاماژەکردن بە بیرۆکەی زیادکردنی کەنەدا بۆ ئەمریکا بۆ ئەوەی ببێتە ویلایەتی پەنجاو یەک، لە وەڵامدا سەرۆک وەزیرانی کەنەدا (جەستن ترۆدۆ) لە بەرواری 7ی کانوونی دووەمی 2025 پۆستێکی لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس بڵاوکردەوەو و وتی "هیچ هیوایەک نییە کەنەدا ببێت بە بەشێک لە ویلایەتە یەکگرتووەکان ئەمریکا"، لە وەڵامی ئەو پۆستە ئیلۆن مەسک کۆمێنتێکی کرد و وتی"کچێ، تۆ ئیتر فەرمانڕەوای کەنەدا نیت، بۆیە گرنگ نییە چی دەڵێیت."

ترۆدۆ لە 6ی کانوونی دووەمی 2025 دەستلەکارکێشانەوەی خۆی ڕاگەیاند، و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "بەنیازم دەست لە پۆستی سەرۆکی پارت و سەرۆکوەزیران بکێشمەوە، دوای ئەوەی پارتەکە لە ڕێگەی پرۆسەیەکی کێبڕکێی بەهێزی سەرتاسەرییەوە سەرۆکی داهاتووی خۆی هەڵدەبژێرێت".

بەردەوام بوو و وتی "شەوی ڕابردوو داوام لە سەرۆکی پارتی لیبراڵ کرد ئەو پرۆسەیە دەستپێبکات، ئەم وڵاتە شایەنی کاندیدێکی ڕاستەقینەیە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا، بۆم ڕوون بووەتەوە کە ئەگەر ناچار بم شەڕی ناوخۆ بکەم، ئەوا باشترین کاندید نابم لەم هەڵبژاردنەدا".