ڕاستی ئەو خانووە چییە کە دەڵێن زیانی پێنەگەیشتووە لە ئاگرەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەهۆی بوونی قورئانی لەناوی؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا خانوویەک بڵاوکراوەتەوە کە زیانی پێنەگەیشتووە بەو ئاگرەی کە لە دەوروبەری کەوتووەتەوە لە ئەمریکا، گوایە هۆکارەکەیشی بوونی قورئانی پیرۆزە لەناو ماڵەکەدا.

ڕاستییەکە

ئەو ئیدیعایە نادروستە، بەگوێرەی لێدوانەکانی خاوەن ماڵەکە بۆ ڕۆژنامەی نیویۆرک پۆست، هۆکاری نەسووتانی خانووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دیزاینە ئەندازیارییەکەی کە بەرگەی کارەساتە سرووشتییەکان دەگرێت، خانووەکە بە بەکارهێنانی کەرەستە و تەکنیکێک دروستکراوە کە بەرگەی بوومەلەرزە و ئاگر دەگرێت، لەوانەش دیواری گەچ و بەرد، سەقفێکی دژە ئاگر، جگە لە قوڵایی خانووەکە کە خانووەکە سەقامگیر دەکات لەسەر بناغەکەی.

لەم دواییانەدا ئاگرێکی گەورە ڕووی لە ویلایەتی کالیفۆرنیا کرد، بە تایبەتی شاری لۆس ئەنجلۆس و ناوچەکانی دەوروبەری، بای بەهێز هۆکارێکی سەرەکی بوو بۆ خێراکردنی بڵاوبوونەوەی ئاگرەکە، ئەمەش مەترسییەکی گەورەی خستە سەر خانوو و ژێرخانەکان، سەرەڕای کزبوونی هێزی بایەکە، دۆخەکە هێشتا پێویستی بە هەوڵی چڕتر هەیە لەلایەن تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و دەسەڵاتە ناوخۆییەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە.

کۆمپانیای "ئەکیووێزەر" زیانەکانی ئەم ئاگرکەوتنەوانە لە نێوان 135 بۆ 150 ملیار دۆلار دەخەمڵێنێت، ئەمەش وایکردووە ببێتە یەکێک لە تێچووترین کارەساتی سروشتی لە مێژووی ویلایەتەکەدا، جگە لە زیانە ماددیەکان، تا ئێستا لانیکەم بەهۆی ئاگرەکانەوە 11 کەس گیانیان لەدەستداوە، لەگەڵ پێشبینی زیادبوونی ئەم ژمارەیە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بەهۆی بەردەوامی ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان و ڕزگارکردن.

حکومەتی خۆجێی و لایەنە پەیوەندیدارەکان هەوڵدەدەن بۆ بەڕێوەبردنی دۆخەکە و سنووردارکردنی زیانەکان، لە هەمان کاتدا هەوڵەکان بەردەوامن بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکان بە تەواوی، هەروەها چۆڵکردنی ناوچە زیانلێکەوتووەکان بەردەوامە.