ڕاستی سووتانی لۆگۆی هۆڵیوود لە ناوچەی لۆس ئەنجلۆس چییە؟
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وێنەیەک بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ دەقێکدا کە دەڵێت "ئاگرەکەی لۆس ئەنجلوس گەیشــتە ناوە ئایکۆنیــیەکەی هۆڵیوود (Hollywood Sign) کە مـاوەی 47 ســاڵە دروســتکراوە و ئەمە یەکەم ڕووداویەتی بەســەریدا دێت هاوکات شارەکەش توشی پڕ مەترسـیترین ئاگر کەوتنەوە بووە لە مـێژووی خۆیدا".
ڕاستییەکە
ئەو وێنانەی بڵاوکراونەتەوە ساختەن، بەو پێیەی لۆگۆی هۆڵیوود کە دەکەوێتە لۆس ئەنجلۆسی ویلایەتی کالیفۆرنیا ئاگر پێی نەگەیشتووە.
بە گەڕانەوە بۆ پەخشی ڕاستەوخۆی ماڵپەڕێکی ئەلیکترۆنی بەناوی (Hollywoodsign) کە تایبەتە بە نیشاندانی لۆگۆی هۆڵیوود بە پەخشی ڕاستەوخۆ، دەردەکەوێت کە تاکو ساتی نوسینی ئەم پۆستە ئاگرەکە نەگەیشتووە بەو لۆگۆیە.
هەروەها ماڵپەڕی ئەسۆشیەیتد پرێس وێنەیەکی لە بەرواری 11ی کانوونی دووەمی 2025 بڵاوکردووەتەوە، کە لۆگۆی هۆڵیوود نیشاندەدات بەبێ هەبوونی ئاگر لە دەوروبەری، ئەوەش ڕاستی وێنەی سووتانی لۆگۆی هۆڵیوود ڕەتدەکاتەوە.
لای خۆیەوە جێف زارینام، سەرۆکی کۆمپانیای هۆلیوود ساین تراست، لە ئیمەیڵێکدا بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز، پێنجشەممە 9ی کانوونی دووەمی 2025، ڕایگەیاندووە، ئەو شوێنەوارە کاریگەری ئاگرەکەی لەسەر نەبووە و "سەلامەتە".
هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، پارکی گریفیس کە تابلۆی هۆڵیوودی لێیە، وەک ڕێکارێکی خۆپارێزی بەشێوەیەکی کاتی داخراوە.
هەروەها وێنەگری ئاژانسی ڕۆیتەرز، کارلین شتهیڵ، ڕۆژی پێنجشەممە وێنەیەکی بڵاوکردەوە کە ئەو لۆگۆ بەناوبانگە بە سەلامەتی نیشاندەدات، و هیچ ئاگرێک لە نزیکی نییە.
ئاگرکەوتنەوەکانی ناوچەی لۆس ئەنجلۆس
ناوچەی لۆس ئەنجلۆس دەکەوێتە ویلایەتی کالیفۆرنیا، لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کە بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە بەرواری 7ی کانوونی دووەمی 2024، ناوچەی زۆر گەورەی ئەو شارەی لەناوبرد، کە بەناوبانگە بە پیشەسازی فیلم.
بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکانەوە 153 هەزار کەس لەو ناوچەیە دوورخرانەوە، ئەمە جگە لەوەی 166 هەزار کەسی دیکە لەژێر هەڕەشەی دوورخستنەوەن لەو ناوچەیە، لە ئێوارەی ڕۆژی هەینی 10ی کانوونی دووەمی 2025، تا بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە 11ی کانوونی دووەمی 2025 قەدەغەی هاتوچۆ ڕاگەیەندرا.
لەئەنجامی ئەو ئاگرکەوتنەوە زیاتر لە 10 هەزار باڵەخانە وێران بوون کە چەندین ناوچەی گرتەوە، بەو پێیەی ئەم ئاگرکەوتنەوانە بە وێرانکەرترین ئاگر لە مێژووی لۆس ئەنجلۆس دادەنرێت.
جێی باسە پێشتر چەندین دەزگای پشکنینی ڕاستییەکان وەک خزمەتگوزاری پشکنینی ڕاستییەکان لەلایەن ڕۆیتەرز، ڕاستی وێنەکە و هەواڵەکەیان ڕوونکردووەتەوە.